زووم، سلێمانی:
رێکخراوی (PFP) پرۆژەی ئازادیی رۆژنامەگەری، کە رێکخراوێکی ناحکومیی ئەمریکییە، دەستی بە ئەنجامدانی زنجیرەیەک راپرسیی ئەلیکترۆنی لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستانەوە کردووە، یەکەم هەنگاویشیان لە پارێزگای سلێمانییەوەیە.
رێکخراوەکە، لە دوێنی چوارشەممەوە راپرسییەکەیان لەبارەی دۆخی پارێزگای سلێمانییەوە لەسەر وێبسایتەکەیان چالاک کردووە. هەموو کەسێک دەتوانێت لە رێگەی ئەم لینکەوە وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە (https://bit.ly/3OgfRs3)
“راپرسییەکە بە پرۆگرامێکی تایبەت دیزاین کراوە، لە رێگەی وەتسئاپ و مێسنجەری فەیسبووک و سەکۆی دیکەوە بڵاودەکرێتەوە، داتا و زانیاریی بەشداربووان پارێزراو دەبن”.
راپرسییەکە بۆ ماوەی 72 کاتژمێر چالاک دەبێت
رێکخراوە ئەمریکییەکە، ئاشکرایکردووە، راپرسییەکە بۆ ماوەی 72 کاتژمێر چالاک دەبێت، دواتر ئەنجامەکان بۆ پەرلەمان، حکومەت و رایگشتی دەخەنەڕوو.
یەکێک لە پرسیارەکانی راپرسییەکە پەیوەستە بە “دوو ئیدارەیی” لە هەرێمى کوردستان
ئەم پرۆژەیەی رێکخراوە ئەمریکییەکە لەکاتێکدایە، پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ساردیی تێکەوتووە، بەشێک لە بەرپرسانی ئەو دوو حزبە دان بە بوونی جۆرێک لە “دوو ئیدارەیی”دا دەنێن، هەربۆیە یەکێک لە پرسیارەکانی نێو راپرسییەکە پەیوەستە بەو بابەتەوە و پرسیار لە بەشداربووان دەکات: پشتگیریی لە دوو ئیدارەیی یاخود دامەزراندنی هەرێمی سلێمانی دەکەیت؟
قوباد تاڵەبانی دووجارە لەسەریەک بەشدارى کۆبوونەوەکانى ئەنجومەنى وەزیران ناکات
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پشکی یەکێتی، دوو جارە لەسەریەک بەشداریی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ناکات، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتییش دوێنێ لەبەردەم کادر و ئەندامانی حزبەکەیدا لە قەڵاچوالان گوتی، “پشوودرێژیمان کۆتاییهاتووە و چیدیکە قبوڵی ناکەین دۆخەکە بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوامبێت”.