رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
لەبارەى چەکى ئەتۆمەوە روسیا هۆشداریی توند دەداتە ئەمریکا
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەى روسیا بێزارانە لەبارەى بڵاوبوونەوەى چەکى ئەتۆمەوە رایگەیاند جارێکى دیکە دەچینەوە بەردەم مەترسییەکانى بڵاوبوونەوەى چەکى ئەتۆم.
لاڤرۆڤ بەرپرسیارتى ئەو دۆخەشى خستە ئەستۆی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاو گوتى، جیهان لەبەردەم ململانێ سەربازییەکانى ئەو هێزانەدایە کە خاوەنى چەکى ئەتۆمین و ئەوەش مەترسییەکى گەورە بۆ جیهان دروستدەکات.
لاڤرۆڤ لە گرتەیەکى ڤیدۆیی کۆنفراسێکدا لە مۆسکۆ باس لەوە دەکات هێشتا ئەمریکا بیر لەوەدەکاتەوە وڵاتەکەمان داگیر بکات و یەکێک لەو رێگایانە ئۆکرانیاى کردووەتە قوربانى، ئەوان نازانن ئەم کارە بەریەککەوتنى ئەو هێزانە دێنێتە ئاراوە کە خاوەنى چەکى ئەتۆمن و ئەوەش کارەساتى گەورە دێنێتە ئاراوە.
جەریدە
بەرپرسێکى باڵا لە ئەنجومەنى پاراستنى بەرژەوەندییەکانى ئێران بە رۆژنامەى – جەریدەى کوەیتى- راگەیاندووە دواى وەرگرتنى مۆڵەتى فەرمى لە عەلی خامنەئی رێبەرى کۆماری ئیسلامی ئێران لەنێوان نوێنەرى هەمیشەیی ئێران لە نەتەوەیەکگرتووەکان ئەمیر سەعید ئیراونى و بەرپرسانى باڵاى ئەمریکادا
لەبارەى هەڵوەشاندنەوەى بەشێک لە سزاکانى سەر ئێران و بەرەوپێشەوە بردنى پرۆسەى پیتاندنى یۆرانیۆم و بەگەڕخستنەوەى دانوستانەکانى نێوانیان کۆبوونەوەى نهێنى ئەنجامدراوە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە ئەمریکا هەندێک پێشنیازى داوەتە لایەنى ئێرانى و ئەوانیش تاوتوێی دەکەن، رۆژنامەى شەرقى ئێرانیش ئەم هەواڵەى لە لاپەڕەی سەرەکى خۆیدا بڵاوکردووتەوە بەڵام بە خێرایی بەرپرسانى ئێرانى رەتیاندایەوە رایانگەیاند ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە، لە هەمان کاتدا جەواد کەریم قدوسى، ئەندامى لیژنەى ئاسایشى نیشتمانى و سیاسەتى دەرەکى لە پەرلەمانى ئێران رایگەیاندووە لە هەفتەى داهاتوودا تاقیکردنەوەیەکى ئەتۆمی ئەنجام دەدەین.
سەباح
زۆربوونى ژمارەى دانیشتوانى عێراق رمێکى دووسەرەیە
نور نافع، ئەندامی لیژنەى ژنان لە پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، زیادبوونى بێبەرنامە و پلانى پێشوەختەى ژمارەى دانیشتوانى عێراق کێشەى گەورە بۆ خێزان و دەوڵەتیش دروستدەکات، رێگریی کردنیش لە خستنەوەى وەچە بەگوێرەى رێنماییە ئاینییەکان کێشەیەکى گەورەیە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت زیادکردنى بێ بەرنامەو پلان رابگیرێت.
بەگوێرەى راپۆرتێکى رۆژنامەى سەباح، عێراق لە ریزبەندى 199 وڵاتى جیهاندا بۆ زیادکردنى ژمارەى دانیشتووان لە پلەى شەشەمدایە و بەگوێرەى راپۆرتە زانستییەکان ژمارەى هەرخێزانێک کە پێکەوە بژین دەبێت نەگاتە پێنج کەس و ئەمەش لە عێراق تێپەری کردووەو هۆکارێکیشە بۆ گرفتە ئابوری و کۆمەڵایەتەتی و ژینگەییەکان، ئەندامەکەى لیژنەى ژنان گوتوشیەتى: زیادکردنى ژمارەى دانیشتوان ئەگەر بەگوێرەى پلان و بەرنامەبێت دەبێتە هۆی گەشەسەندنى وڵات، بەڵام ئەگەر هەڕەمەکى بوو دەبێتە بارگرانى بۆ خێزانەکان و حکومەتیش.
عەرەبی جەدید
جەنگ زیانى قورسی لە کەرتى بیناسازیی ئیسرائیل داوە
پێگەى ئۆرشەلیم پۆستى ئیسرائیلى بڵاویکردووەتەوە جەنگى نێوان وڵاتەکەیان و حەماس کێشەى گەورەى بۆ بوارى بیناسازیی و کۆمپانیاکانى ئەو بوارە دروستکردووە و شارەزایانیش زیانى مانگانەى ئەو کەرتە بە 25 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکەن و 200 کۆمپانیاى بیناسازیش لە ئیسرائیلدا بە فەرمى کارەکانیان راگرتووە.
پێگەى یەدیعەت ئەحرۆنۆتى ئیسرائیلى رایگەیاندووە، لە کۆبوونەوەى یەکێتى پیشەسازییەکانى ئیسرائیل دا بەسەرۆکایەتى رۆن تۆمەر کە چەند رۆژێک پێش لە ئێستا بەڕێوە چوو، داوا لە بەرپرسانى ئیسرائیل کراوە کە بەشێوەکی ئەرێنى مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکان بکەن و ئاگایان لە کێشەى کۆمپانیاکانى بیناسازیی بێت، لەبارەى کەمبوونەوەى دەستى کار و ئەو زیادە نرخانەى چووەتە سەر پێداویستییەکانى ئەو بوارە و راشیانگەیاندووە کە بەهۆى ئەو جەنگەوە 90 هەزار کرێکار کارەکانیان لەدەستداوە.
رۆژنامە فارسییەکان
ئارمان ئیمروز
10 کەس دەوری سەرۆککۆمار دەدەن و دنیایەکی دیکەی بۆ وێنا دەکەن
ئەندامێکی پەرلەمانی ئێران بە رەخنەگرتن لە لێدوانی ئەندامانی حکومەت دەڵێت، حەوت، هەشت یان 10 کەس گەمارۆی ئیبراهیم رەئیسییان داوە و هەوڵدەدەن جیهانێکی دیکەی نیشانبدەن کە وڵاتی گوڵ و بەهەشتە. ”
ئەو دەڵێت، سەرۆککۆمار تیمێک بنێرە بۆ دەرمانخانەکان و تیمێکی تر بۆ بازاڕ، ئەگەر پێت بخەیتە نێو چوار دوکان و دەرمانخانە و قەسابی هەموو شتێکت بۆ روون دەبێتەوە، بە 400 یان 500 پاسەوان لە ئەم شارە دەچێتە ئەو شارە و دواتر دەڵێت، من چوومە نێو خەڵک.
خەڵک ناتوانن دەستیان بگاتە رەئیسی و ئەگەر کەسێک شتێک بڵێت یان داواکارییەکی هەبێت خێرا بێدەنگی دەکەن.
ئەبرار
نرخی دەرمان و چارەسەر لە ئێران 45% زیادی کردووە
جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی تەندروستی پەرلەمانى ئێران دەڵێت، تێچووی دەرمان و چارەسەری پزیشکی %45 زیادی کردووە و شیری وشکی منداڵان دەست ناکەوێت، دەبێت ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن.
رەحمەتوڵڵا نەوروزی لە گوتارێکدا بۆ وەزیری وزە رایگەیاند، ئابووریی ئێمە لەسەر بنەمای کشتوکاڵ دامەزراوە، بەڵام کارەبای بیرەکان بۆ ماوەی 6 بۆ 8 کاتژمێر لە رۆژێکدا دەبڕدرێت. ئاسایشی خۆراک و خۆبژێوی لای ئێمە گرنگە، کارەبای بیرەکان مەبڕن.
هەروەها له یاداشتێکدا که ئاراستەی وەزیری تەندروستی و چارەسەر و پەروەردەی پزیشکی کردووه، باس لەوە دەکات کە نەبوونی دەرمان و تێچووی زۆری چارەسەرکردن بووەتە مایەی نیگەرانی و خەڵک مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخە دەکەن کە تێچووی دەرمان و چارەسەری بە رێژەی %65 زیادی کردووە
جەنابی وەزیر چی دەکەیت؟
قودس
پێویستە حکومڕانیی کتێبەکان لە سیستمی پەروەردە لاببرێت
بریکاری پێشووی خوێندنی ناوەندیی وەزارەتی پەروەردە جەخت لەوە دەکاتەوە کە یەکێک لەو کارانەی کە پێویستە لە قوتابخانەکاندا بکرێت بۆ چاندنی داهێنەری قوتابیان، نەهێشتنی حکومڕانی کتێبی خوێندنە لە پۆلدا، ئەگەر بمانەوێت رێبازی پەروەردەییمان کارا بێت دەبێت بایەخ به فێربوون و شوێنی فێرکاری و هەڵبژاردنی مامۆستا بدرێت، ئەگەرنا تاوەکو تەنها کتێبەکە لە پۆلدا حوکم بکات، بازنەی یادەوەری بەردەوام دەبێت لە حوکمڕانیکردن، مامۆستاش هەوڵدەدات چەمک و داهێنان بپارێزێت.
ئەگەر دەمانەوێت داهێنان لە قوتابخانەکاندا جێگەی خۆی هەبێت، پێویستە داهێنان ببێتە بەهایەک و خوێندکارێک کە داهێنەر بێت پێویستە سەرنجی بدرێت و قەدری بزانرێت جگە لەوەش پێویستە کتێبی دەرسی نوێ بکرێنەوە و پەروەردە لەو کلتوورە کۆنەوە بگۆڕین.
خوب
ئێران و پاکستان 8 بەڵگەنامەی هاوکاری هاوبەش واژۆ دەکەن
سەرۆککۆماری ئێران لە گەشتێکدا بۆ پاکستان رایگەیاند، ئاستی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات ئاستێکی قبوڵکراو نییە، بەڵام بڕیارمانداوە لە هەنگاوی یەکەمدا ئەم ئاستە لە پەیوەندییە بازرگانییەکان بۆ 10 ملیار دۆلار بەرزبکەینەوە.
ئیبراهیم رەئیسی هەڵوێستی دوو وڵاتی لە شەڕی دژی تیرۆردا وەک یەک ناساند و گوتی، هەردووکمان بڕیارمانداوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نائەمنی و تاوانە رێکخراوەکانی وەک ماددە هۆشبەرەکان.
رۆژنامە تورکییەکان
یەنى بیرلیک
سەردانەکەى ئەردۆغان سەردانێکى هەستیارە لە قۆناغێکى نوێدا
لەسەردانەکەى سەرۆککۆمارى تورکیا بۆ هەولێر، هەولێر و ئەنقەرە پێداگریی لەسەر بەهێزکردنى پەیوەندییەکان کردەوە، بارزانى و ئەردۆغان سەرەڕاى بوونى پەیوەندییەکى سیاسیی بەهێز، لە رووى، ئابووری، ئەمنییەوە پەیوەندییەکانیان بەرەوپێش دەبەن. ئەم سەردانەى ئەردۆغان لەکاتێکدا کە ناوچەکە لە قۆناغێکى هەستیاردایە و شەڕ بەرۆکى هەندێ ناوچەى گرتووە. هەردوولا جەخیان لەسەر سەقامگیریی و ئاشتیی لە ناوچەکە کردووەتەوە.
تورکیا
تورکیا پێداگریی لە یەکپارچەیی خاکى عێراق دەکاتەوە
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا لە سەردانەکەیدا بۆ بەغداد، جەختی کردووەتەوە وڵاتەکەى پێداریی لە یەکپارچەیی خاکى عێراق دەکات و لەگەڵ جیاکاریی و دابەشبونى خاکى عێراقدا نییە.
لەو سەردانەى ئەردۆغان هەشت وەزیر یاوەری سەردانەکە بووە، ئەمەش یەکەمین سەردانى سەرۆککۆمارە بەو ئەندازەیە وەزیرەکانى یاوەریی بکات.
جمهورییەت
سەرۆککۆمارى ئەڵمانیا سەردانى ئیمامئۆغڵو دەکات
سەرۆککۆمارى ئەڵمانیا بە سەردانێکى فەرمى گەیشتە ئیستەنبوڵ، یەکەم وێستگەى سەردانى بۆ لاى ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرۆکى گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵى کرد، فرانک فاڵتر شتاینمیلەر، سەرۆکى ئەڵمانیا لەگەڵ ئیمامئۆغڵو سەردانى چەند شوێنێکى مێژوویی ئیستەنبوڵیان کرد. ئەم سەردانەى سەرۆکی ئەڵمانیا بۆ لاى سەرۆکشارەوانیی ئیستەنبوڵ خوێندنەوەى جیاوازى بۆ کراوە و بە سەردانێکى گرنگ وەسفدەکرێت.
ئەکشام
یەکەم واژوو لەسەر پڕۆژەى هێڵی گەشەپێدان کرا
لە سەردانەکەى ئەردۆغان بۆ بەغداد، یەکەم واژۆ لەسەر پڕۆژەى هێڵى گەشەپێدان کرا، ئەم پڕۆژەیە لە قۆناغى یەکەمدا بە بەهاى 20 ملیار دۆلار رێککەوتنى لەسەر کراوە لەلایەن قەتەر، عیراق، تورکیا و دوبەى. ئەردۆغان رایگەیاندووە پڕۆژەکە لەگەڵ ئەوەى دەبێتە سەرچاوەیەکى بوژانەوە، هاوکات لە روانگەى سەقامگیرییەوە لەناوچەکە گرنگە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
بەریتانیا کۆچبەران رەوانەى رواندا دەکات
ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا رایگەیاند، لە مانگی تەمموزی داهاتووەوە گەشتەکان بۆ رواندا دەستپێدەکەن. چەندین فڕۆکە ئامادەکراون و کۆچبەرەکانیش بەمزوانە ئامادەدەکرێن بۆ ناردنەدەرەوە.
سەرەکوەزیران گوتی، ئەو وادەیە دیاریی کردبوو، کە کۆچبەرەکان لە بەهاردا رەوانەبکرێن راگیرا، هۆکارەکەشی رێگریکردنەکانی ئەندامانی پەرلەمانی سەر بە پارتی کرێکاران بوو. ئەوان رێگەیان نەدا رێوشوێنە یاساییەکانی رەوانەکردن بۆ رواندا جێبەجێ بکرێت. سوناک دەیەوێت ئەم ناردنە بۆ ئەو وڵاتە ئەفریقییە ببێت بە رێگر لەبەردەم هاتن و گەیستنی بەلەمە قاچاخەکاندا بە بەریتانیا.
دەیلی تەلەگراف
ئەو کۆچبەرانەى دەنێردرێن بۆ رواندا لە چەند رۆژی داهاتوودا دەستبەسەردەکرێن
سوناک چاوپۆشی لە ناڕەزایی 150 دادوەر و 25 دادگاش دەکات و لە هاویندا کۆچبەرەکان رەوانەی رواندا دەکات.چاوی لەوەیە لە مانگی تەمووزدا یەکەمین گەشتی ناردنی پەنابەران بۆ رواندا بنێرێت، دوێنێ گوتی لە ماوەی دە بۆ 12 حەفتەی تردا یەکەمین گەشتەکانی ئەو رەوانەکردنانە دەست پێدەکەن، هۆکاری دواکەوتنەکەی ئەوەیە لە پەرلەماندا ئەو بەرنامەیەی تێ نەپەڕێندرا، کە دەیویست لە بەهاردا بیاننێرێت.
تایمز
گرووپێک مادەی هۆشبەر دەبەنە نێو زیندانەکانى بەریتانیاوە
لیژنەی بەدواداچووونی تاوان و دادپەروەری لە رۆژنامەی تایمز بۆی سەلمێندراوە، کە چەند دەستە و تاقمێکی سەر بە گرووپەکانی تاوانی رێکخراو پۆلیس و ئەفسەرەکانی پاراستنی زیندانەکانیان بەکرێ گرتووە، لە رێگەی ئەوانەوە مادەی هۆشبەر دەبەنە ناو زیندانەکانەوە بۆ فرۆشتن.
نیک هاردویک لێکۆڵەری پێشووی بواری زیندانەکان دەڵێت دڵنیایە لەوەی ئەو گرووپانە خەڵکانی خۆیانیان ناردۆتە ناو زیندانەکان بۆئەوەی لەوێ مادەی هۆشبەریان بۆ بفرۆشن و چەندان چالاکیی دیکەى نایاسایی ئەنجام بدەن.
واشنتن پۆست
لە دادگای باڵادا رای جیاواز لەبارەی مافی لانەوازەکانەوە هەیە
دوێنێ دادگای باڵای ئەمریکا بە گرنگییەوە سەیری کێشەی کەسانی بێلانەی کرد. ئەو دادگایە نیگەرانە لەوەی ئەو کەسانە لەسەر نەبوونی جێگای نوستن و مانەوەی خۆیان سزابدرێن. ئەوە ئەرکی بەرپرسانی دەوڵەت و شارەوانییەکانە خەم لەوەبخۆن ژمارەی کەسانی لانەواز لە وڵاتەکەدا هەر بەرزدەبێتەوە. لە ویلایەتی ئۆریگۆن سەیری چەند یاسایەکی تایبەت بە بواری لانەوازی و بێماڵ و حاڵی دەکرێت.