زووم…
ریشی سوناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند ، پلانی ناردنی پەنابەرانی وڵاتەکە بۆ رواندا لە 10 بۆ 12 هەفتەی داهاتوودا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بە گوێری هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، ریشی سوناک بەڵێنیداوە بەبێ گوێدان بەوەی چی روودەدات، پلانی حکومەت بۆ ناردنی پەنابەران بۆ رواندا جێبەجێبکات.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا چەند کاتژمێرێک پێش ناردنی پڕۆژە یاساکە بۆ پەرلەمان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گوتی، ئەوان ئامادەن و پلانەکەشیان لە بەردەستدایە، گەشتی ناردنی پەنابەران بۆ رواندا دەستپێدەکات.
گوتەکانی ریشی سوناک لە کاتێکدایە پرۆژە یاسای رەوانەکردنی پەنابەرانی بەریتانیا بۆ رواندا گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و چاوەڕواندەکرێت لەلایەن پەرلەمانی بەریتانیاوە پەسەند بکرێت.