زووم…
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا سەردانی عێراق دەکات، لەسەردانەکەدا چەندین دۆسیە و پرس گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، دیارترینیان ئاو و نەوت و گاز و بواری ئەمنین.
یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکەی سەرۆکی تورکیا بریتییە لە زیاترکردنی قەبارەی بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵات بۆ 20 ملیار دۆلار تا ساڵی 2030 .
لە سەردانەکەدا کۆڕبەندێکی کار دەبەسترێت لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر “رێگەی گەشەپێدان” و ئەو سود و بەرژەوەندیە ئابوریە گەورەیەی کە بۆ هەردوو وڵات هەیەتی.
هەر لەسەردانەکەدا زیاتر لە 20 یاداشتنامەی لێگەیشتن واژۆدەکرێت.
لەسەر ئاستی ئەمنی، لە سەردانەکە باسی دۆسیەی پەکەکە دەکرێت و تورکیا پێشوازییی لە راگەیەنراوەکانی ئەم دواییانەی عێراق دەکات، تیایدا باسی دامەزراندنی ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەش دەکرێت.
باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، ئاشکرایکرد، لە سەردانەکەی ئەردۆغان دوو رێککەوتنی ستراتیژی و 20 لێکتێگەیشتن واژۆ دەکرێن و یەکێک لە رێککەوتنە ستراتیژییەکان تایبەتە بە ئاو.
گوتیشی، بە هیوای واژۆکردنی رێککەوتنێکی چوارلایەنەن لەبارەی پڕۆژەی “رێگەی گەشەپێدان و رێککەوتنە چوار لایەنییەکە عێراق و تورکیا و قەتەر و ئیمارات لەخۆدەگرێت.
لەدوای بەغداد، هەولێر وێستگەیەکی دیکەی سەردانەکەی سەرۆکی تورکیایە، و بڕیارە ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێم و بەشێک لە سەرکردەکانی هەرێم کۆبێتەوە، جگە لە کۆبونەوەی لەگەڵ سەرکردەی بەرەی تورکمانی و کەسایەتیە دیارەکانی کۆمەڵگەی تورکمانی.