محەمەد نوری ئەرسوی، وەزیری کەلتور و گەشتیاری تورکیا رایگەیاند، داهاتی گەشتیاری تورکیا لە نۆ مانگی رابردوو 35 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
ئەو لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنوسیدا ئامار و داهاتی کەرتی گەشتیاری تورکیای خستەڕوو. ئەمساڵ بەگشتی 40 ملیۆن و 250 هەزار گەشتیار سەردانی وڵاتەکەى کردووە.
ئەرسوی رایگەیاند، بەگشتی داهاتی نۆ مانگی ساڵی 2022 زیاتر لە 35 ملیار دۆلار بووە، پێشبینی دەکرێت، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بگاتە 44 ملیار دۆلار.
ساڵى رابردوو 29 ملیۆن و 357 هەزار گەشتیار سەردانى تورکیای کردبوو، داهاتى گەشتیارى لەو ساڵەدا 24 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە.
داهاتى گەشتیارى ئەمساڵ بەراورد بە ساڵى رابردوو نزیکەى دوو هێندە زیادى کردووە، بەوپێیەى وەزیری کەلتور و گەشتیاری دەڵێت چاوەڕوانن تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بگاتە 44 ملیار دۆلار.
پەرلەمانی تورکیا، بودجەی ساڵی 2022ی وڵاتەکەی بە 107 ملیار و 700 ملیۆن دۆلار خەمڵاندبوو. خەرجی وڵاتیش 126 ملیار و 900 ملیۆن دۆلارە و بەو پێیە، کورتهێنان لە بودجەی تورکیا نزیکەی 20 ملیار دۆلارە، واتە بودجەی تورکیا 18.7%ی کورتی هێنابوو. زیادبوونى داهاتى گەشتیارى بەشێک لەو کورتهێنانە پڕدەکاتەوە.