زووم…
کەتائیبی حزبوڵای عێراقی دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە راگەیاند بەبیانووی نەبوونی هیچ بەرەوپێشچوونێک بۆ دانانی خشتەیەکی کاتی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.
شەوی رابردوو پێنج مووشەک لە گوندی حەمەدئاغای سەر بە ناحیەی زومار لە باکووری ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا ئاڕاستەی بنکەی خەراب جیر لە سوریا كران کە ھێزەکانی ئەمریکای تێدایە.
هەرزوو کەتائیبی حزبوڵای عێراقی بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لەئەستۆگرت، ئەوەش یەکەم هێرشی گرووپە چەکدارییە عێراقییەکانی نزیک لە ئێرانە بۆسەر ئەمریکییەکان دوای ئەوەی لە کۆتاییەکانی شوباتدا رایانگرت وەک پێدانی مۆڵەتێک بۆ دانانی پلانێکی روون بۆ کشانەوەیان لە عێراق.
کەتائیبی حزبوڵا کە گەورەترین گرووپی چەکدایی عێراقیی سەر بە ئێرانە لە راگەیەنراوێکدا دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی راگەیاند، سێ مانگ مۆڵەتیان بە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق داوە تاوەکو دانووستان بکات لەسەر کردنەدەرەوەی ئەمریکییەکان، بەڵام لە سەردانەکەیدا بۆ واشنتن هیچ بەرەوپێشچوونێکی جدییان نەبینیوە لەوبارەیەوە.
دەشڵێت، بەرەی موقاوەمە بڕیاری داوە بە گەڕانەوە بۆ چالاکیی سەربازی و ئەوەی روویداوە، مەبەستی لێی هێرشەکەی شەوی رابردووە، تەنها سەرەتایەکە و بەرەو زیاتریش دەڕوات.
لە راگەیەنراوێکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی عێراقیدا هاتووە، هێرشەکەی شەوی رابردوو لەلایەن ژمارەیەک کەسی لە یاسا دەرچوو ئەنجام دراوە.
هاوکات بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاژانسی رۆیتەرزی گوتووە، هێزەکانیان سەکۆیەکی هەڵدانی مووشەکیان تێکشکاندووە و هیچ سەربازێکیش لەو هێرشەدا بریندار نەبووە.
رۆژی 17ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو و لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی غەزە، و وەک پاڵپشتی بۆ فەڵەستینییەکان، گرووپە چەکدارییە عێراقییەکانی نزیک لە ئێران دەستیانکرد بە هێرشکردنەسەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا.
ئەو گرووپانە چەندجارێک بنکەی سەربازیی ئەمریکییەکانیان لە فڕۆکەخانەی هەولێر و بنکەی حەریر کردە ئامانج، بۆیە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی ئەم هێرشانەدا، دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی سەر هەولێریش ئەگەرێکی بەهێزە.
پاش هێرشەکەی 28ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵی سەر بنکەی تاوەر 22 لە ئوردن کە تێیدا دوو سەربازی ئەمریکی کوژرا و ئەمریکاش بڕیاری دا بە بۆردومانکردنی ئەو هێزانە، گرووپە چەکدارە عێراقییەکان بڕیاریان دا بە راگرتنی هێرشەکانیان.