زووم…
هێرشەکەی هەینیی ئیسرائیل سیستمی بەرگریی ئێرانی لە نزیک وێستگەی ئەتۆمیی نەتەنز تێکشکاندووە کە بەرپرسە لە دۆزینەوە و تێکشکاندنی تەنی ئاسمانی، ئەوەش بە گوتەی دوو بەرپرسی رۆژئاوایی و دووانی ئێرانی بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی.
رۆژنامەکە دەشڵێت، هێرشەکە پەیامێکی تەلئەبیب بووە بۆ تاران کە دەتوانێت سیستمی بەرگریی وڵاتەکە تێپەڕێنێت و پەکی بخات، بە پێچەوانەی هێرشەکەی ئێران بۆسەری کە زۆربەی زۆری درۆن و مووشەکەکان خرانەخوارەوە پێش ئەوەی بگەنە ئیسرائیل.
دوو بەرپرسی ئێرانی بە نیویۆرک تایمزیان گوتووە، هێرشەکە سیستەمی بەرگریی ئێس ٣٠٠ـی لە نزیک بنکەیەکی سەربازی لە ئەسفەهان پێکاوە، ئەمەش لەگەڵ راپۆرتێکی پێشتری رۆژنامەکە دێتەوە کە بە گوێرەی وێنەی مانگە دەستکردەکان دەردەکەوێت، رادارەکانی سیستەمی ئێس ٣٠٠ لە بنکەکە تێکشکاون.
نیویۆرک تایمز ئاماژەی بەوەکردووە، هێشتا روون نییە ئیسرائیل بە چ جۆرە چەکێک هێرشەکەی ئەنجامداوە، ئەوە نەبێت مووشەک بووە و لە فڕۆکەەوە لە دەرەوەی بواری ئاسمانیی ئیسرائیل یاخود ئێران هەڵدراوە، بەڵام ئەوە یەکلاییبووەتەوە کە لە بواری ئاسمانیی ئوردنەوە نەبووە، ئەوەش بۆ دوورخستنەوەی ئەو وڵاتە لە تۆڵەکردنەوەی ئێران پاش ئەوەی لە هەڵمەتی بەرپەچدانەوەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکەی هەفتەی رابردووی تاران بەشداریکرد.
ئێران لە ساڵی ٢٠٠٧دا گرێبەستی کڕینی سیستەمی مووشەکی ئێس ٣٠٠ـی لەگەڵ روسیا واژۆ کرد، بڕگەکانی ئەم گرێبەستە بریتی بوون لە رادەستکردنی پێنج سیستەم بە بەهای نزیکەی ٨٠٠ ملیۆن دۆلار، بەڵام رووسەکان ماوەیەک بە بیانووی سزاکانی نەتەوەیەکگرتووەکان ئامادە نەبوون ئەم سیستەمە بەرگرییە بگەیەننە ئێران.
دوای رێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و رۆژئاوا، ڤلادیمێر پوتین لە ساڵی ٢٠١٥ فەرمانێکی واژۆکرد، کە ئەم مووشەکانە رادەستی ئێران بکرێن.
سیستەمی ئێس ٣٠٠ یەکێکە لە پێشکەوتووترین مووشەکەکان بۆ پاراستنی ئاسمان و توانای لەناوبردنی ئەو ئامانجانەی هەیە کە لە بەرزی ٢٧ کیلۆمەتر و دووریی ٢٠٠ کیلۆمەتردا هەڵکەوتوون.
کاتی ئامادەکاری ئەم جۆرە سیستمە نزیکەی ٥ خولەکە و دەتوانێت نزیکەی ٢٠٠ ئامانج دەستنیشان بکات. رادارەکەی دەتوانێت لە یەک کاتدا بەدواداچوون بۆ ١٢ ئامانج بکات.