رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
هێرشى تورکیا بۆ سەر رۆژاڤا بەردەوامە
جارێکى دیکە تورکیا هێرشى کردەوە سەر ئەو ناوچانەى شوێنى بەریەککەوتنى میلشیاى سوپاى نیشتمانى سەربە ئەنقەرە و هەسەدەیە لە رۆژاڤا. لەو هێرشەدا فڕۆکەى بێفڕۆکەوان و موشەکى بەکارهێناوە، هێرشەکە وێستگەیەکى کۆگاکردنى نەوتى کردووەتە ئامانج و هیچ زیانێکى گیانى لێنەکەوتووەتەوە.
وەک لە راپۆرتى رۆژنامەکەدا هاتووە ماوەیەکە تورکیا لە رێگەى درۆنەکانیەوە سەرەڕای هێرشکردنە سەر بنکە و بارەگاکانى هەسەدە و سەرکردەکانی، وێستگەکانى کارەبا و بەرهەمهێنانى نەوت و گەنجینەکانى نەوت و تەنانەت قوتابخانە و شوێنە گشتییەکانیش دەکاتە ئامانج.
بەگوێرەى راپۆرتێکى روانگەى سوریش لە ماوەى ئەمساڵدا لە کۆی 161 چالاکى سەربازیی تورکیا 188 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە 67 یان چەکدار بوون و 80 یان سڤیل و 12 منداڵیش بریندار بوون.
قودسی عەرەبی
داعش لە سوریا بووژاوەتەوە
سەرچاوەیەکى ئاگادار بە رۆژنامەى قودسى عەرەبی راگەیاندووە، داعش دوو هێرشی کردووەتە سەر دوو کاروانى هێزە چەکدارەکانى سوریا و لە ئەنجامدا 28 چەکدار کوژراون، سەرچاوەکە راشیگەیاندووە هێرشەکان بە موشەک ئەنجامدراون، روانگەى سوریش ئاماژەى بە کوژرانى 22 کەس لە ریزەکانى سوپاى سوریادا کردووە و رایگەیاندووە شەشەکەى دیکە چەکداری داعش بوون.
بەگوێرەى راپۆرتى روانگەى سووری، لە ماوەى ئەمساڵدا 329 کەس کوژراون و تەنها 24 کەسیان لە چەکدارانى داعش بوون، وەک رۆژنامەکە ئاماژەى پێکردووە رێکخراوى داعش لەسەرەتاى ئەمساڵەوە ناوبەناو هێرش ئەنجامدەدات و ئەوەش بەڵگەیە بۆ بوژاندنەوەى ئەو رێکخراوە.
دەستوور
ئاگرخستنەوە لە وەرزى پێگەشتنى دروێنە هەڕەشە لە ئابووریى عێراق دەکات
ئەرکان مەربوش، بەڕێوەبەرى کشتوکاڵی پارێزگاى واستى عێراق رایگەیاند، پارێزگاکەیان لە توانایدا هەیە گەنمى سەرجەم عێراق دابین بکات و حەوت سەد هەزار دۆنم زەوییان لەبەردەستدایە بۆ ئەو مەبەستە، ئاماژەى بەوەش کردووە کە ساڵى رابوردوو 726 هەزار تۆن گەنمیان رادەستى سایلۆکان کردووە.
وەک بەڕێوەبەرى کشتوکاڵى واست رایگەیاندووە لە وەرزی پێگەیشتنى دانەوێڵە و دروێنەدا بەردەوام کێشەى ئاگرکەوتنەوەیان بۆ دورستدەبێت و رێژەیەکى زۆر لە دانەوێڵەکانیان دەستوتێنێت و ئەوەش کاریگەریی لەسەر ئابووری وڵات دروستدەکات، راشیگەیاندووە کە بەرگری شارستانی پلانێکى تۆکمەى بۆ ئەمساڵ داناوە تا لەکاتى کەوتنەوەى هەر ئاگرێکدا فریا بکەون و کۆنترۆڵی بکەن.
عەرەبی جەدید
دادگایەکی ئەمریکی لە رووداوەکەى ئەبوغرێب دەکۆڵێتەوە
دواى 20 ساڵ لە تێپەڕبوون بەسەر بڵاوبوونەوەى وێنە ئابڕوبەرانەکەى زیندانى ئەبوغرێب کە سێ هاووڵاتى عێراقى بەناوەکانى سوهەیل شەمەرى، سەڵاح عجێلی و ئەسعەد زەوبەعی، لە لایەن کۆمپانیایەکى سەرباز ئەمریکاوە بەناوى (سی ئەى سی ئای) سزا دەدران و سوکایەتییان پێدەکرا، دەستەى سوێندخۆرانى ویلایەتى فێرجینیا بەدواداچوونى بۆ کێشەکە کردووە و دۆسیەیەکى تایبەتى بۆ ئەو مەبەستە کردووەتەوە و رایانگەیاندووە لە بە پشتبەستن بە مافە دەستوورییەکان و دادگاکانى ئەمریکا و بە هاوکاریکردنى هەندێک لایەنى دیکە داواى سزادانى کۆمپانیاى سەربازیی ناوبراو دەکەن و بڕیار وایە دادگاى فێرجینیا لە کۆتایی ئەم مانگەدا یەکەم دانیشتن لەوبارەیەوە ئەنجام بدات.
رۆژنامە تورکییەکان
سەباح
ئەردۆغان لەپاش بەغداد سەردانى هەولێر دەکات
لەپاش 12 ساڵ جارێکی دیکە رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆمارى تورکیا سەردانى بەغداد دەکات.
ئەردۆغان بە رۆژنامەنووسانى رایگەیاند، لە پاش سەردانەکەم بۆ بەغداد، سەردانى هەولێر دەکەم و گفتوگۆ لەسەر پرسە چەقبەستووەکان دەکەین. سەردەمێکى نوێ لە پەیوەندیی نێوان عێراق و بەغداد دەستپێدەکات.
سۆزجو
جەهەپە لەپێناو گەل سیاسەت دەکات
رۆژنامە نووسیویەتى، مەسرەفگەرایی ئاک پارتییەکان و تەخشان پەخشانى پارەى میللەت وایکرد لە هەڵبژاردن بدۆڕێن و سیاسەتى جەهەپە بۆ خزمەتکردنى گەل بووە ئەوەش وایکرد هەلبژاردن ببەنەوە، یەک لەو کارە سەرکەوتووانەى شارەوانییەکانى جەهەپە، کردنەوەى چێشتخانەى شارەکان بوو، لە ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە لەم چێشتخانانە بە 40 لیرە، چوار جۆر خواردن پێشکەش دەکرێت، ئامانج لەم پڕۆژەیەى شارەوانییەکانى جەهەپە بۆ هاوکاریکردنى بۆ چینی کەمدەرامەتەکان و هەژارانە.
تورکیا
لابردنى ئاڵاى تورکیا رەنگە کێشە بۆ دەم پارتى دروستبکات
لە یەکەم کۆبوونەوەى ئەنجومەنى گەورەشارەوانیی ئامەد، ئاڵاى تورکیا لە پڕۆتۆکۆل لابرا، بڵاوبوونەوەى وێنەى کۆبوونەوەکە لە سۆشیاڵ میدیا کاردانەوەى لێکەوتەوە، وەزارەتى ناوخۆ بەدواداچون لەسەر لابردنى ئاڵاى تورکیا لە گەورەشارەوانیی ئامەد دەکات.
یەنى بیرلیک
تورکیا پێداگریی لە یەکپارچەیی خاکى عێراق دەکات
سەردانەکەى سەرۆککۆمارى تورکیا بۆ بەغداد، تورکیا پەیامی خۆى دەگەیەنێت بەلایەنەکان، تورکیا یەکپارچەیی خاکى عێراق دەخوازێت و بۆ ئەو مەبەستەش داوادەکات هەولێر و بەغداد تەواوکەری یەکتر بن. لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ هیچ کامیان هەڵبژاردنێکى نابێت وەک بژاردە و ئەلتەرناتیفێک لە لایەنێکیان ناڕوانێت.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
پۆلیسی لەندەن ویستیان کەسێک دەستگیر بکەن و پێیان گوتووە “تۆ بە ئاشکرا جولەکەیت”
ئەفسەرانی پۆلیسی نێو شاری لەندەن ویستیان کەسێک دەستگیر بکەن، پێیان گوتووە تۆ بە ئاشکرا جولەکەیت، لەبەرئەوەی ئەو کەسە لە ناوەڕاستی شاری لەندەندا لە نزیکی ژمارەیەکی فەلەستینییەوە تێپەڕبووە، کە لەوکاتەدا لە دژی دەوڵەتی ئیسرائیلی خۆپیشاندانیان هەبووە. ئەو کەسە جولەکەیە ناوی جەدعۆن فۆلەرە و رۆیشتنی ئەو لەنزیکی خۆپیشاندانەکانەوە بە گێچەڵکردن ناوبراوە و رکەبەریکردن بووە بەرامبەر بە خۆپیشاندانی فەلەستینییەکان، بەتایبەتیش لەبەرئەوەی کڵاوێکی سووننەتیی ئاینەکەی خۆیانی لەسەرکردووە.
گاردیەن
لەپاش هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران داوای ئارامی دەکرێت
دوێنێ پێش بەرەبەیان ئیسرائیل هێرشێکی پێچەوانەی سەر بە سەری کردەوە سەر ئێران، وەک وەڵامێک بۆ ئەو زنجیرەهێرشانەی ئێران کە دەگوترێت هێڵی سوریان بەزاندووە و ململانەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان بۆ ماوەی زیاد لە دەساڵ گەڕاندۆتە دوواوە.
سەرکردەکانی جیهان هەر دوێنێ داوای ئارامییان کردەوە.
لە دوێنێوە و پاش ئەنجامدانی ئەو هێرشەی ئیسرائیل ئومێدێکی وەها دروست بووە، کە ئیدى رەوشەکە لەوە زیاتر ئاڵۆزنەبێتەوە، ئەم هێرشەی ئیسرائیل دۆخەکەی وەها نەجوڵاندوە، کە ئێران دیسانەوە ناچارببێت وەڵام بداتەوە.
واشنتن پۆست
پاش هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئەگەری شەڕ پاشەکشەی کردووە
لە پاش چەند هەفتە لە دروستبوونی گرژی لەنێوانیاندا، هێرشەکەی دوێنێی ئیسرائیل لەوەدەچێت کە ئەگەری دروستبوونی شەڕ لە نێوانیاندا خاوبوبێتەوە و پاشەکشەی کردبێت. هێرشەکانی ئیسرائیل سنورداربوون و تارانیش بێدەنگبوونی بەرامبەریان هەڵبژارد.
پێدەچێت ئەو بۆردومانەی لە نیوەشەودا ئەنجامدرا و ناوەندێکی سەربازی و چەند تاقیگەیەکی چەکی ئەتۆمیی لە ناوەڕاستی ئێراندا کرد بە ئامانج، پەیامێکی لە پشتەوە بووبێت. ئەو پەیامەی کە دەڵێت ئیسرائیل وەڵامدانەوەی تۆڵەسەندنەوەی هەبووە، بەڵام ئاگری شەڕیشی خۆش نەکرد.
ئۆرشەلیم پۆست
دوو لیوای سەربازی ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی نوێ دەکەن بۆسەر غەزە.
بۆئەوەی بوار نەدرێت هێزەکانی بەرگریکردن لە غەزەدا سەرهەڵبدەنەوە، دوو لیوای نوێی سەربازی بانگکراونەتەوە لە ناو غەزەدا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئەنجام بدەن. مەبەستەکەش ئەوەیە بوار نەدرێت ئەو هێزانەی لەوێن بکەونەوە خۆئامادەکردن بۆ ئەنجامدانی هێرشی دیکە.
رەنگە ئەمە ببێت بە ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنی جموجوڵێکی دیکە بۆ لێدانی پاشماوەی هێزەکانی حەماس لە ناوچەی رەفەح و ناوەڕاستی کەرتی غەزەدا.
رۆژنامە فارسییەکان
جەهانی سەنعەت
بەرزبوونەوەی بەهاى دۆلار پەیوەندی بە شەڕەوە نییە
جەلال رەشیدی کۆچی، پەرلەومانتارى ئێران رایگەیاند، “جێگەی داخە لە بواری ئابووریدا خراپ کارمان کرد”.
ئەو دەڵێت، گروپێکی بچوک ئامادەیە هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەمان و ئێمەش وەڵام نادەینەوە، تەنها لەبەرئەوەی نامانەوێت نرخەکان زیاتر بەرزبێتەوە، بەڵام من پێموایە ئەم تێڕوانینەش هۆکاری لاوازی ئێمەیە لە بواری ئابووریدا؛ بەرزبوونەوەی بەهاى دۆلار پێش ئەوەی پەیوەندی بە شەڕی ئێران و ئیسرائیلەوە هەبێت، دەگەڕێتەوە بۆ بەڕێوەبردنی ناوخۆ، ساڵانێکە شەڕمان نییە، بەڵام بەهاى دۆلار هەر بەرز دەبێتەوە، بۆیە دەبێ هەڵەکانمان وەلا بنێن.
ئەبرار
زیاتر لە نیوەی بارانبارینی ساڵانەی بەلوچستان لە ماوەی سێ رۆژدا باریوە
فیرۆز قاسم زادە، گوتەبێژی پیشەسازی ئاوی ئێران رایگەیاند، بارانبارینی پارێزگای سیستان و بەلوچستان بێ وێنە بووە و گوتی، زیاتر لە 50% بارانبارینی ساڵانەی پارێزگاکە لە ماوەی 3 رۆژدا روویداوە.
لەبارەی دوایین دۆخی بارانبارین لە پارێزگاکانی باشووری ئێران باسی لەوە کرد، تێکڕای بارانبارینی پارێزگای بەلوچستان نزیکەی 100 ملیمەترە کە زیاتر لە نیوەی ئەو بارینە لە ماوەی سێ رۆژدا باریوە و لە ئەنجامی ئەو باران بارینەشدا هەموو بەنداوەکان لەو پارێزگایە سەررێژ بوون و بەداخەوە 8 هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و 300 گوند لە گەمارۆی لافاودان.
ئیمروز
تێپەڕاندنی گەمارۆکان بە ژمارەیەکی پێوانەیی لە فرۆشتنی نەوت
لە کاتێکدا وڵاتانی رۆژئاوایی لە کاردانەوە بە هێرشی سەر ئیسرائیل تاوتوێی زیادکردنی سزاکان دەکەن بە گوێرەی ئامارە نێودەوڵەتییەکان، ئێستا هەناردەی نەوتی ئێران گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی شەش ساڵی رابردوو، بەمەش داهاتی نەوتی ئێران زیادی کردووە و دوایین ئاماری گومرگی ئێران نیشانی دەدات کە ئێران توانیویەتی داهاتەکەی بۆ زیاتر لە 36 ملیار دۆلار لە رێگەی زیادکردنی فرۆشی نەوت بەدەست بهێنێت و ئێستا گەورەترین گەشەی ئابووری وڵات پەیوەندی بە پیشەسازی نەوتەوە هەیە.
لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا تاران رۆژانە ملیۆنێک و 500 هەزار بەرمیل نەوتی فرۆشتووە، کە زۆربەی ئەو نەوتە بە چین بووە و ئێرانییەکان لە هونەری دەربازبوون لە سزاکان شارەزابوون.
جامی جەم
بازاڕی کەرەستەی جوانکاری گەرمە و ملیۆنان دۆلار دەچێتە دەرەوەى ئێران
ئامارە گومرگیەکان ئەم بابەتە پشتڕاست دەکەنەوە کە ئەمساڵ بڕی ئەو بەرهەمانەی بۆ ماکیاژکردنی لێو هاوردەکراون یەکسان بووە بە سێ ملیۆن و 100 هەزار دۆلار.
ئەو بەرهەمانەی سەرچاوەی سەرەکییان ئەڵمانیا، فەرەنسا و تورکیا بوون.
زۆرێک لە کەرەستەی جوانکاری و تەندروستی لە دەرەوە هاوردە دەکرێن، ئەمەش کاریگەری لەسەر نرخی کۆتایی بەرهەمە ناوخۆییەکان هەبووە و بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئەو بەرهەمانە.
ئەمە لەکاتێکدایە، بە گوتەی داوەر کازمی، پسپۆڕی بواری جوانکاری، نزیکەی 300 جۆر نەخۆشی بەهۆی بەکارهێنانی مادەی جوانکاری ناستانداردەوە دروستدەبن ناسراون، کە باوترینیان بریتین لە هەوکردنی پێست، زیپکە، هەستیاری پێست، نەزۆکی، لەباربردنی منداڵ ، نەخۆشیەکان جگەر و جۆرەکانی شێرپەنجە.