زووم:
پەیجی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی چەند وێنەیەکی نۆژەنکردنەوەی شەقامێکی لە دوکان بڵاوکردووەتەوە، کە کارمەند و ئۆتۆمبێل و ئامێری حکومی کاری تێدا دەکەن، بەڵام نوسیویەتی لەسەر بودجەی ئیدارەی گشتیی یەکێتی، بەڵام ئەی داهاتی ناوخۆ؟!
دوو مانگ زیاترە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بڕە پارەیەکی لە داهاتی ناوخۆ بۆ مووچە خەرج نەکردووە، تەواوی مووچەی مانگەکانی دوو و سێ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابینکراوە.
بە مانایەکی دیکە، داهاتی ناوخۆ لەو ماوەیەدا لەناو قاسەکەی وەزارەتی داراییدا کۆبووەتەوە، بەڵام هێشتا پڕۆژەکان یان پەکیان کەوتووە، یاخود بە سستی بەڕێوەدەچن، یان لەلایەن حزبەوە ئەنجام دەدرێن.
بە گوێرەی ماڵپەڕی شەفافییەت، کە بیرۆکەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمە، تەنها لە سەرەتای مانگی شوبات بۆ سەرەتای مانگی نیسان، زیاتر لە ١٦٨ ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ تەنها لە پارێزگای سلێمانی کۆکراوەتەوە.
هەروەها بە گوتەی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی حکومەتی لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ ژمارەیەک میدیا لە کۆتایی مانگی رابردوو، هەرێم مانگانە لانیکەم ٣٠٠ ملیار دینار داهاتی ناوخۆ هەیە.
واتە داهاتی کۆکراوەی دوو مانگی رابردوو زیاترە لە ٦٠٠ ملیار دۆلار، لە ماوەی ١٠ ساڵی رابردووی قەیرانی دارایی، هیچ کاتێک هێندەی ئێستا حکومەتی داهاتی ناوخۆی لەبەردەست نەبووە بۆ پرۆژەکان، کەچی هێشتا بەسستی بەڕێوەدەچن، یاخود حزب پارەی بۆ خەرج دەکات.
لە چوارەمین ساڵی کابینەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێم، فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردەوە، لە ماوەی چوارساڵی کابینەکەدا ١١٣ پڕۆژە لە هەڵەبجە جێبەجێکراون، بەڵام بە گوتەی کاوە شێخ عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە، لە ساڵی ٢٠١٠ـەوە، تەنها ٤٧ پڕۆژە لە پارێزگاکە جێبەجێکراوە!