کۆریای باکور، موشەکێکی دیکەى بالیستیی تەقاند و هۆشداریدا لە “کاردانەوەی سەربازی توندتر” لە بەرامبەر هەوڵەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ زیاترکردنی هەژموونی خۆیان لە ناوچەکەدا. دەڵێت واشنتن “قومارێک دەکات، کە پەشیمان دەبێتەوە”.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، پێنجشەممە، 17ى تشرینى دووەم سوپای کۆریای باشور رایگەیاند، موشەکە بالیستیکەکە لە شاری وۆنسان لە کەناری رۆژهەڵاتی کۆریای باکورەوە لە کاتژمێر 10:48 خولەکی بەیانی بە کاتی کاتی ئەو وڵاتە تەقێندراوە.
موشەکەکە بە دووری 240 کیلۆمەتر و بە خێرایی زیاتر لە چوار هەزار و 800 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و بە بەرزی 47 کیلۆمەتر تەقێندراوە و سوپای کۆریای باشووریش بە توندی ئیدانەی زنجیرە مووشەکییەکانی کۆریای باکور دەکات.
ئەمە دوایین موشەک بوو، کە کۆریای باکور تاقیکردووەتەوە، دوای ئەوەی لەمساڵدا سەدان گولـلەی تۆپخانەی ئاراستەی دەریای رۆژهەڵات کردووە. هەڵدانی ئەم موشەکانە لەکاتێکدایە کۆریای باشور و ئەمریکا دەستییان بە مانۆڕێکى سەربازی لەنێو دەریاکەدا کردووە، کە لە هەندێکیاندا ژاپۆنیش بەشداربووە.
هەڵدانی ئەم موشەکانە لەکاتێکدایە کۆریای باشور و ئەمریکا دەستییان بە مانۆڕێکى سەربازی لەنێو دەریاکەدا کردووە
هەڵدانی موشەکە بالیستییەکە کەمتر لە دوو کاتژمێر دوای ئەوە هات، کە چۆی سۆن هوی، وەزیری دەرەوەی کۆریای باکور رەخنەی “توندی” لە لوتکەی سێ قۆڵی ئەم دواییەی نێوان ئەمریکا، کۆریای باشور و ژاپۆن گرت، کە لەو ماوەیەدا رەخنەیان لە تاقیکردنەوەکانی پیۆنگ یانگ گرتووە و بۆ چەک و کاری هاوبەشی زیاتری ئەمنیی نێوانیان بەڵێنیان بە یەکتریداوە.
لە دانوستانەکاندا، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردن و بەرگریکردن لە دوو هاوپەیمانەکەی ئاسیای بە “تەواوی توانا” یەوە دووپاتکردەوە، تەنانەت پێدانی چەکی ئەتۆمیش پێیان.
چۆی گوتی “مەشقی دەستدرێژی” سێ وڵاتەکە نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵی کۆریای باکور بکات، بەڵام “مەترسییەکی جددیتر، واقیعیتر و حەتمیتر” بەسەر خۆیاندا دروستدەکات.
“مەشقی دەستدرێژی” سێ وڵاتەکە نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵی کۆریای باکور بکات
ئەو گوتی، تاوەکو ئەمریکا هاوکاری بۆ هاوپەیمانەکانی زیاتربکات و تاوەکو زیاتر چالاکییە سەربازییە چەواشەکارانەکانی چڕتر بکاتەوە، بەرپەرچدانەوەی سەربازی کۆریای باکور توندتر دەبێت”.
لە گوتەکانیدا چۆی بە ناوە فەرمییەکەی، کە کۆماری گەلی “دیموکراتیی” کۆریایە، ئاماژەی بە ناوی وڵاتەکەی کردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری کۆریای باشور رایگەیاند، لوتکەی سێ قۆڵی و هاوکارییەکانیان بە ئامانجی بەرپەرچدانەوەی هەڕەشە ئەتۆمی و موشەکییەکانی کۆریای باکورە.
ئەمریکا لە مانگی ئایارەوە رایگەیاندووە، کە کۆریای باکور لە ساڵی 2017ەوە خەریکی خۆئامادەکردنە بۆ ئەنجامدانی یەکەم تاقیکردنەوەی ئەتۆمی، بەڵام تاوەکو ئێستا کاتی راستەقینەی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکە رون نییە.
واشنتن، سیئۆل و تۆکیۆ لە راگەیەندراوێکى هاوبەشدا دوای کۆبوونەوەیان رایانگەیاند، تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی پیۆنگ یانگ “کاردانەوەی بەهێز و یەکلاکەرەوە” بەدوای خۆیدا دەهێنێت.