زووم:
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت، لاهور شێخ جەنگی هۆشداری دەدات و دەڵێت، ئەگەر هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراو ئەنجامنەدرێت، مەترسی لەسەر قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت.
لەو چاوپێکەوتنەدا، لاهور شێخ جەنگی ئاماژەی بەوەداوە ئەگەر بۆشایی یاسایی لە هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، مەترسیی زۆر گەورە لە ئارادایە، ئەگەر هەیە سەر بکێشێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
هەروەها پێیوایە، بەهۆی پەککەوتنی دامەزراوەکانەوە، هەرێمی کوردستان بە ماوەیەکی زۆر دژواردا تێپەڕدەبێت و هیچ دامەزراوەیەکی یاساییش نەماوە بەرگریی لێبکات.
لاهور شێخ جەنگی گومانیش دەکات هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی دیاریکراوی خۆی ئەنجامبدرێت بەهۆی ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان سوورە لەسەر بایکۆتکردنی پرۆسەکە.
لاهور شێخ جەنگی دەڵێت، دواخستنی هەڵبژاردن دەرگای دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە، بەشێوەیەک هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بەردەم چەند بژاردەیەکی سەخت، لە نێویاندا هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لاهور شێخ جەنگی هەمان رای بۆ رۆژنامەی شەرقولئەوسەت دووپاتکردووەتەوە، رایگەیاندووە، یەکێتی بوێریی ئەوەی نیە بەبێ پارتی هەڵبژاردن ئەنجامبدات، لەکاتێکدا ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە لەو کاتەدا بۆ هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە.
لاهور شێخ جەنگی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان سەرۆکایەتیی لیستی بەرەی گەل دەکات، لیستەکە ناوی کاندیدەکانی پێشکەش بە کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کردووە و ئامادەیی خۆی بۆ هەڵبژاردنی ١٠ـی حوزەیرانی ئەمساڵ دەربڕیوە.
بەڵام بەهۆی بەشدارینەکردنی پارتی، پرۆسەکە لە بەردەم ئەگەری دواخستن یاخود بەڕێوەچووندا ماوەتەوە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کۆببێتەوە.