زووم…
هەڕەشە و ناکۆکیەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل بەردەوامە و وڵاتانی ئەوروپی باس لە سزای نوێ بۆ سەر ئێران دەکەن و ئەو گوشارانە زیاتر دەکەن، کە تا ئێستا ژیانی خەڵکی ئێرانی تێکداوە و بەرپرسانی ئێرانیش دەڵێن سزاکان نیعمەتن.
لە کاتێکدا کە بەهای تمەن بەردەوام لە دابەزیندایە و ژیانی خەڵک خراپتر دەبێت، حکومەتی ئێران هۆشداری بە وڵاتانی دەرەوە دەدات پاڵپشتی لە ئیسرائیل نەکەن و وڵاتانی گروپی G7 بەڵێنی سزای ئابووریی زیاتر دەدەن بۆ سەر ئێران.
ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبۆتەوە کە ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەت نیشان دەدات لەناو تەنەکەی زبڵدا بۆ خواردن دەگەڕێت، ئەو کەسەی ڤیدیۆکە تۆمار دەکات بە بەرپرسانی ئێران دەڵێت: بێخەم بن ئەو ژنە حیجابی لەسەرە و بۆیەش هیچ کێشەیەک لە ئارادا نییە.
لەو بارەیەوە حسێن سەلاح وەرزی، سەرۆکی پێشووی ژووری بازرگانی ئێران دەڵێت: کاربەدەستان بەردەوامن لە ناکۆکی لەگەڵ جیهاندا و زلهێزانیش هەڕەشەی سزای زیاتر دەکەن، ئەمانە مەترسیی گەورەن بۆ سەر ئابووری وڵاتەکەیان و پێشبینیش دەکەن لە ساڵی داهاتوودا دۆخەکە قورستر ببیت.
ناوبراو دەشڵێت: لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن ئەو سزایانەی لە ماوەی 12 ساڵدا بەسەر ئێراندا سەپێنراون، زیاتر لە هەزار و 200 ملیار دۆلار زیانی بە خەڵکی ئێران گەیاندووە، واتە بە تێکڕا ساڵانەی 100 ملیار دۆلار دەکات. کە داهاتی لەدەستچوو بۆ هەر ئێرانییەک ساڵانە هەزار و 221 دۆلار بووە و زۆرینەی خەڵک ئێستا هەموو داراییەکانیان ئەو بڕە نابێت.