زووم…
دوای هێرشەکەی ئێران بۆسەر ئیسرائیل، دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل باسیان لەوە کرد بەخێرایی تۆڵەی هێرشەکە دەکەنەوە، بەڵام وادیارە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پلانەکەی گۆڕیوە و وەڵامدانەوەی ئیسرائیلی دواخستووە.
کەناڵی تەلەڤزیۆنی “کان”ـی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوەکرد، ناتانیاهۆ دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی لەگەڵ بایدن بڕیاریداوە ئەو پلانە جێبەجێنەکات کە دوای هێرشەکەی ئێران بۆسەر وڵاتەکەی ئاماژەی پێکرد و باسی لە تۆڵەسەندنەوەی خێرا کرد.
بەرپرسێکی باڵا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت بە کەناڵی کانی گوتووە، هەستیاری دیپلۆماسی رۆڵی هەیە لەم هەڵوێست گۆڕینە، ئیسرائیل بەدڵنیاییەوە وەڵامدانەوەی دەبێت، بەڵام جیاواز دەبێت لەوەی لە سەرەتاوە پلانی بۆ داڕشت.
هاوکات ماڵپەڕی ئاکسیۆس لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممەی کابینەی جەنگی ئیسرائیل، وەزیرەکان بەچڕی باسیان لە وەڵامدانەوەی ئێران کردووە، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوەیان نەکرد.
هەروەها پێنج سەرچاوەی ئیسرائیلی و سەرچاوەیەکی ئەمریکیش بە وۆڵ ستریت جۆرناڵیان گوتووە، هەرچەندە بڕیار بوو شەوی دووشەممەی رابردوو ئیسرائیل لە ئێران بدات، بەڵام هێرشەکە دواخراوە بۆ کاتێکی دیکە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ باسی لەوە کردووە، لەکاتێکدا ئێران خۆی بۆ هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئیسرائیل بۆ سەر خاکەکەی یان بریکارەکانی لە دەرەوە ئامادە دەکات، ئەمریکا و ئەوروپییەکانی فشاریان لە ئیسرائیل کردووە بە شێوازێک وەڵام بداتەوە دۆخەکە هێور بکاتەوە نەک ئاگری تێبەر بدات.
رۆژی چوارشەممە ئێرانیش جەختی لەوە کردەوە، وەڵامی توند و قورسیان دەبێت بۆ هەر هێرشێکی پێچەوانەی ئیسرائیل.