زووم…
هەڵاوسان و کەمکردنەوەی مووچەی کار لەلایەن حکومەتەوە وایکردووە مووچەی کرێکاران بۆ نیوە دابەزێت و خەڵکێکی زۆر لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران نەتوانن پێداویستییەکانیان دابین بکەن.
بە گوێرەی راپۆرتی تەجارەت نیوز، دۆخی بازاڕ لە ئێستادا ئاماژە بە بەرزبوونەوەی نرخەکان دەکات، گۆشتی مریشک و بەرهەمە شیرەمەنییەکان لەم رۆژانەدا نرخیان گرێدراوی هەڵاوسانە و جیاوازی لەنێوان نرخی فەرمی و نرخی بازاڕدا هەیە، لە کاتێکدا نرخی فەرمی و پەسەندکراوی گۆشتی مریشک ٧٣ هەزار تمەنە، هەر کیلۆیەک گۆشتی مریشک لە بازاڕدا گەیشتووەتە ١٠٠ هەزار تمەن، گۆشتی مەڕیش بە ٨٥٠ هەزار تمەن دەفرۆشرێت.
لە ئێستادا کەمترین مووچەی کرێکاران بە ٧ ملیۆن تمەن دیاریکراوە کە دەکاتە نزیکەی ١٠٠ دۆلار و رۆژانەش نزیکەی ٣ دۆلار، ئەمە لە کاتێکدایە سێ ساڵ پێش ئێستا و لە کاتی هەڵبژاردنی ئیبراهیم رەئیسی وەک سەرۆک کۆمار ١٢٢ هەزار تمەن بوو کە نیشان دەدات لە ماوەی سێ ساڵدا نرخەکەی نزیکی ٧ هێندە زیادی کردووە.
لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا کەمترین مووچەی کرێکاران لە ٢ ملیۆن و نیو بۆ ٧ ملیۆن تمەن زیادی کردووە واتە نزیکەی سێ هێندە، ئەمە لە کاتێکدایە ئیبراهیم رەئیسی بەڵێنی نەشتەرگەریی ئابوری و باشترکردنی دۆخی ژیانی خەڵکی دابوو.
جیاوازی لەنێوان رێژەی هەڵاوسان و بەرزکردنەوەی نرخی کاڵاکان بەراورد بە بەرزکردنەوەی مووچەی خەڵک دەریدەخات کە خەڵک هەژارتر بوون و لە سێ ساڵدا نزیکەی نیوەی مووچەکانیان لەدەستداوە، بۆ نموونە پێشتر مووچەی کرێکارێکی ئێرانی بەشی کڕینی ٢١ کیلۆ گۆشتی دەکرد بەڵام ئێستا تەنها بەشی ٩ کیلۆ گۆشت دەکات ئەگەر هیچ شتێکی تر نەکڕن.
کەمبوونەوەی توانای کڕینی کرێکاران وایکردووە نەتوانن زۆرێک لە پێداویستییە سەرەتاییەکانیان دابین بکەن و گۆشت یەکێکە لەو شتانەی کە لە سفرەی کرێکاراندا نەماوە.