زووم…
ئەمڕۆ رۆژی سوپایە لە ئێران و یادەکەی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ هەڵکشانی گرژییەکانی ناوچەکە و ئەگەری وەڵام و وەڵامدانەوەی زیاتری نێوان ئێران و ئیسرائیل
هێزە چەکدارەکانی ئێران سێ بەشن، سوپا، کە لای خۆیان بە “ئەرتەش” ناودەبرێت، سوپای پاسداران و هەروەها هێزەکانی پۆلیس، وەزارەتی بەرگریی ئێران بەرپرسە لە پلاندانان و پاڵپشتیکردنی ئەو هێزانە.
بەگشتی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران 610 هەزار کارمەندی چالاک و زیاتر لە 350 هەزار هێزی یەدەگیان هەیە.
لەو نێوەندە، سوپا نزیکەی 420 هەزار سەربازی هەیە و لە چوار هێز پێکدێت:
هێزی زەمینی : نزیکەی 350 هەزار سەرباز
هێزی ئاسمانی : نزیکەی 52 هەزار سەرباز
هێزی دەریایی : نزیکەی 18 هەزار سەرباز
هێزی بەرگریی ئاسمانی : 15 هەزار سەرباز
لە ئێران، هێزێکی هاوتەریبی سوپا هەیە، ئەویش سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییە، بە نزیکەیی 190 هەزار ئەندامی هەیە و بەسەر پێنج بەشدا دابەشبووە، “زەمینی، ئاسمانی، دەریایی، سوپای قودس و هەروەها رێکخستنی بەسیج”.
لەڕووی جبەخانەی سەربازی و چەکەوە، بەگشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران 1500 تانک، 1400 موشەکهاوێژ، 344 فڕۆکەی شەڕکەر، 50 کۆپتەری شەڕکەر و 7 کەشتیی شەڕکەری هەیە.
بەگوێرەی ریزبەندیی ماڵپەڕی سەربازیی گڵۆباڵ فایەر پاوەر، سوپای ئێران لە پلەی چواردەهەمینی نێو سوپای وڵاتانی جیهاندایە، لە بەرامبەردا ئیسرائیل لە پلەی حەڤدەهەمیندایە.