رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
بۆ وەڵامدانەوەى هێرشەکانى ئێران، ئیسرائیل چەند بژاردەیەکى لەبەردەستدایە
دواى هێرشە فراوانەکەى ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە رۆژى شەممەى رابردوو، ئەنجومەنى سەربازیی حکومەتەکەى ناتانیاهۆ بڕیاری وەڵامدانەوەى ئێرانى وا پەسەندکردووە کە سنووردار بێت و جەنگەکە پەرەنەسەنێت.
جەنراڵ هرتسی هالیڤی سەرۆک ئەرکانى سوپاى ئیسرائیل رایگەیاند ئیسرائیل وەڵامى توندى ئێران دەداتەوە، بەڵام ئاماژەى بەکات و شوێن و شێوازەکەى نەکردووە.
ئاژانسی ئەی بی سی نیوزی ئەمریکیش بڵاویکردووەتەوە : ئیسرائیل بەردەوامە لە تاووتوێ کردنى وەڵامدانەوەى هێرشەکەى ئێران و بەتەواوى خۆی بۆ هەموو ئەگەرێک ئامادەکردووە، بەڵام هەر لە سەرەتاوە دەسەڵاتداران بەشێک لە داواى جەنراڵە سەربازییەکانیان رەتکردووەتەوە.
رۆژنامەى شەرقئلەوسەت ئاماژەى بەوەش کردووە ئەمڕۆ دووشەممە 16ـى نیسان ئەنجوومەنى سەربازیی ئیسرائیل جارێکى دیکە بۆ تاووتوێکردنى چۆنیەتى وەڵامدانەوەى ئێران کۆدەبێتەوە.
سەباح
لە ئەنجومەنى ئاسایشدا روسیا پشتگیریی ئێران دەکات
حسێن عەبدوڵاهییان وەزیرى دەرەوەى ئێران رایگەیاند، سێرگی لاڤرۆڤ وەزیرى دەرەوەى روسیا لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا پێى راگەیاندووە کە روسیا بەوپەڕی تواناى خۆیەوە بەرگریی لە ئێران دەکات و لە هەمان کاتیشدا داواى لە ئێرانیش کردووە کە زیاتر دان بەخۆیدا بگرێت، جەختیشى کردووەتەوە مۆسکۆ هیچ گومانێکى لەوەدا نییە کە ئێران وەڵامى هێرشەکەى ئیسرائیلى داوەتەوە و دەستپێشخەریی نەکردووە.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا لاڤرۆڤ ئەوەشى بە عەبدوڵاهییان راگەیاندووە کە بەشێک لە وڵاتان لە ئەنجومەنى ئاسایش سەرکۆنەى هێرشەکەى ئیسرائیلیان بۆ سەر باڵیۆزخانەکەى ئێرانیان نەکردووە.
دەستوور
بە عێراق و سیازدە وڵاتى عەرەبییەوە هەزار و پێنج سەد تۆن زێڕیان هەیە
ئەنجومەنى جیهانى زێڕ رایگەیاند عێراق و 13 وڵاتى دیکەى عەرەبی خاوەنى نزیکەى هەزار و پێنج سەد تۆن زێڕى یەدەگن، و عێراقیش لە ریزبەندى سەد وڵاتى جیهاندا لە پلەى 30ـهەمین دایە، بەگوێرەى راپۆرتى مانگانەى ئەنجومەنى زێڕی جیهانى بۆ مانگى نیسانى 2024 ، عێراق زیاتر لە 142 تۆن زێری یەدەگى هەیە کە ئەمەش دەکاتە لەسەدا هەشت پۆینت چوارى زێری هەموو جیهان.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لە ڕیزبەندى یەکەمدایە و خاونى زیاتر لە هەشت هەزار و 133 تۆن زێڕی یەدەگە و بەدواى ئەودا ئەڵمانیا و پاشان ئیتاڵیا دێن و وڵاتى یەمەنیش لەڕیزبەندى سەد وڵاتى خاوەن زێڕى یەدەگدا دەکەوێتە ریزبەندى 99 هەمین و خاوەنى یەک تۆن ونیو زێری یەدەگە.
عەرەبی جەدید
دواى هێرشەکەى ئێران بۆ سەر ئیسرائیل گروپە چەکدارە عێراقییەکان ترسیان لێنیشتووە
سەرچاوەیەکى ئەمنى عێراقى بە –عەرەبی جەدید-ى راگەیاندووە بەشێک لە گروپە چەکدارییەکانى عێراق و بەتایبەتى ئەوانەیان کە لە ئێرانەوە نزیکن کەوتوونەتە خۆ کۆکردنەوە لەترسی ئەوەى نەوا هێرشیان بکرێتە سەر و بۆ ئەو مەبەستە چەندین رێگەى ئەمنییان گرتووەتە بەر، ئەو بەرپرسە ئەمنییەى عێراق کە نەیویستووە ناوى خۆی ئاشکرا بکات رایگەیاندووە گروپە عێراقییەکان لە هێرشەکەى ئێراندا بۆ سەر ئیسرائیل هیچ رۆڵیکیان نەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەیان بارەگا سەرەکییەکانى خۆیان لەترسی هێرشى پێچەوانەى ئیسرائیل چۆڵکردووە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی مەیل
ئەو کەسانەی رەگەزی خۆیان گۆڕیوە بۆ ژن رێگەیان پێنادرێت بەشداریی وەرزشەکانی تایبەت بە ژنان بکەن
لە نامەیەکی کاریگەردا بۆ رۆژنامەی مەیل وەزیری رۆشنبیری بەریتانیا داوا لە رێکخراوەکان دەکات پێشبڕکێی وەرزشیی ئەو کەسانەش جیابکەنەوە کە رەگەزی خۆیانیان گۆڕیوە.
دەڵێت، پێویستە ئەو کەسانەی رەگەزی خۆیان گۆڕیوە بۆ ژن رێگەیان پێنەدرێت بەشداریی ئەو پێشبڕکێ وەرزشییانە بکەن، کە تایبەتن بە ژنان.
دوێنێ وەزیری رۆشنبیری داوای لە بەرپرسی کەرتی وەرزش کردووە ئەم داواکارییە جێبەجێ بکات.
لوسی فرەیزە وەزیری رۆشنبیریی بەریتانیا گوتی ئەوە ئەرکی بەرپرسانە، کە هەلومەرجێکی وەرزشکردن بۆ ژنان بڕەخسێنن، جیاوازبێت لە ئەو هەلومەرجەی پیاوان بە جیاوازییە حاشاهەڵنەگرەکانیانەوە وەرزشی خۆیانی تیادا دەکەن.
تایمز
سوناک بانگەشەى قەدەغەکردنی سوپای پاسدارانی ئێران رەتدەکاتەوە
ریشى سوناک، سەرۆکوەزیرانى بەریتانیا دەڵێت، پارێزگاریکردن لە مانەوەی پەیوەندییە دیپلۆماتییەکان کارێکی پێویستە، بۆیە هەموو ئەو داخوازییانەی رەتکردەوە، کە داوایان دەکرد قەدەغە بخەنە سەر سوپای پاسدارانی ئێران، هۆکارى رەتکردنەوەکە ئەوەیە کارێکی لەمشێوەیە، لەم کاتە هەستەوەرەدا، زیان بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ تاراندا دەگەیەنێت.
سەرەکوەزیران کەوتووەتە ژێر فشاری پارتی کرێکاران و ئەندامە دێرینەکانی پارتی پارێزگاران، کە ئەمەیان پارتەکەى خۆیەتى، فشارەکە بەو ئاراستەیە سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە نێو لیستی تیرۆرەوە، پاش ئەوەی کە ئەو سوپایە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بە درۆن و موشەک هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.
دەیلی تەلەگراف
پەنجا پەرلەمانتار لەدژی ئەو بڕیارەی سوناک دەوەستن، کە بۆ قەدەغەکردنی جگەرەکێشان دەیخاتە دەنگدانەوە
زیاد لە پەنجا ئەندام پەرلەمان کەوتونەتە ئامادەکاریکردن بۆ رەتکردنەوەی ئەو پلانەی ریشی سوناک دایناوە قەدەغە بخاتەسەر جگەرەکێشان. ئەو ئەندامانە ئەمڕۆ لە پەرلەماندا دەنگ لەسەر یاسای جگەرە و ڤەیپ کێشان دەدەن.
سوناک یاسایەکی پێشنیار کردووە کڕین و کێشانی جگەرە بۆ ئەوکەسانە قەدەغە دەکات، کە لە پاش ساڵی 2009 لەدایکبوون. داوا دەکات جگەرەیان پێ نەفرۆشرێت. دوێنێ لەناو کابینەی حکومەتدا، لەسەر دواکاریی سێ وەزیر قسەوباسێکی زۆر لەبارەی ئەم پرۆژە یاسایەوە کراوە.
فاینەنشیەڵ تایمز
ئەمریکا و ئەوروپا جموجوڵێکی دیپلۆماسیی گەرمیان دەستپێکردووە، دەیانەوێت رێگری لە وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ ئێران بکەن
ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپاییەکانی دوێنێ چەند هەنگاوێکی هاوبەشیان ناوە، دەیانەوێت ئیسرائیل قایل بکەن وەڵامی هێرشەکانی ئێران نەداتەوە. ئەم هەوڵە پاش ئەوە دێت، کە سوپاسالاری ئیسرائیل ئاماژەی بەوەدا وەڵامی ئەو هێرشە چاوەڕوان نەکراوانە دەدەنەوە، کە ئێران کردوویەتی سەر سنورەکانی خاکەکەیان.
لە ئەمریکا ئەنتۆنی بلینکن و لە بەریتانیاش ریسی سوناک گوتیان هەندێک سزا بەسەر ئێراندا دەسەپێنن بۆئەوەی رێگری لە کڵپەکردنی رەوشی گەرمی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەبرار
ئۆپراسیۆنی ئێران دژی ئیسرائیل ریکۆردى شکاند
گەورەترین هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە جیهاندا.
گەورەترین هێرشی مووشەکی ئێران.
درێژترین هێرشی ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
هەڵدانی زۆرترین موشەکی بالیستیک لە ماوەی یەک ئۆپراسیۆندا.
بەکارهێنانی کڵاوەی باران بۆ یەکەمجار.
شکستی قوبە ئاسنین و سیستەمی بەرگری ئەمریکا و ئینگلتەرا و فەرەنسا.
توندترین هێرش لە دوای داگیرکردنی فەلەستین.
زۆرترین پارێزگا هاوکات سەرقاڵی هێرشەکە بوون.
ئیمروز
زیادکردنی 35%ی مووچەی کرێکاران لە ئێران سوودی نییە
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای نوێنەرانی کرێکاران بە ئاماژەدان بەوەی کە زیادبوونی 35٪ی مووچەی ئەمساڵ هیچ کاریگەرییەکی لەسەر زیادکردنی توانای کڕینی کرێکاران نییە، گوتی: ئەم داهاتە بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان و دۆلارەوە هەر لە سەرەتاوە لەناوچووە و نەماوە.
هەمدلی
تاران پەیامی هۆشداری دەداتە تەلئەبیب
تاران لە رێگەی قاهیرەوە پەیامێکی گرنگ و بێ وێنەی هۆشداری بۆ ئیسرائیل ناردووە. ناوەڕۆکی پەیامەکەی تاران وەڵامدانەوەی ئێرانە بۆ هەر هێرشێکی نوێی ئیسرائیل.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکانی ئێران بە کەناڵی جەزیرەیان راگەیاندووە، تاران هەروەها لە رێگەی تورکیاوە پەیامێکی نوێی هۆشداری بۆ واشنتۆن ناردووە.
ناوەڕۆکی پەیامەکان بۆ کۆنترۆڵ کردنی ئاستی ئاڵۆزییەکان و رێگری لە شەڕێکی هەمە لایەنە.
کەیهان
ئەگەر ئیسرائیل هەڵە بکات ئێمە 10 هێندە گەورەتر وەڵامی دەدەینەوە
لە ئاگاداریی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێراندا هاتووە، ئەگەر ئیسرائیل بیەوێت بە هەر شێوازێک و لە هەر ئاستێکدا درێژە بە هێرش و کارە خراپەکانی دژ بە ئێران بدات، ئەوا هێزە چەکدارەکانی ئێران بە لانیکەم 10 هێندەی هەمان جۆری هێرش وەڵامی ئیسرائیل دەدەنەوە.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
لە سێ مانگدا بودجەى تورکیا زیاتر لە 500 ملیار لیرە کورتهێنانى هەبووە
رۆژنامەکە نووسیویەتى، حکومەتى ئاک پارتى بەهۆى خەرجییەکانى هەڵبژاردنى شارەوانییەکانەوە بۆ بانگەشەی خۆى، لە داهاتى گشتی پارەى تەخشان و پەخشان کردووە؛ لە ماوەى سێ مانگى ئەمساڵدا بودجەى تورکیا 513 ملیار دۆلار کورتهێنانى هەبووە.
ئەم رێژەیە ژمارەى پێوانەیی شکاندووە، هەر لەو ماوەیەدا 2504 ملیار لیرە دراوە بە سوودى بانکی، تادێت قەیرانى دارایی قوڵتر دەبێتەوە.
تورکیا
ئەم شەڕە، شەرێکى دیکەیە
لەپاش هێرشە موشەکییەکانى ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، شەقامەکانى تاران پڕبوون لە خۆپیشاندەران. هاوکات ئێرانییەکان لە پارێزگاى وان خۆپیشاندانێکى جیاوازیان کرد، هاوادارانى موعین ئەسفەهانى بۆ ئەوەى لە ریزی پێشەوەى کۆنسێرتى موعین بوەستن، هێرشیان بردە سەر هۆڵى کۆنسێرتەکە لە وان، بەوهۆیەوە درگاو و پەنجەرەکانى هۆڵەکە هێنرانە خوارەوە.
قەرار
بە سێ مانگ، بە بەهاى 13 ملیۆن لیرە چەرەس و لوقم کڕاوە
شارەوانی ناوچەى کێشان لە ئەدرنە، لەپاش هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە ئاک پارتییەوە رادەستى جەهەپە کرا، شارەوانییەکە بە قاسەى بەتاڵەوە رادەستى جەهەپە کراوە وقەرزێکى زۆریش لەسەر شارەوانییەکەیە.
سەرۆکشارەوانییەکەى جەهەپە بە لافیتەیەک لەدەرەوەى بیناکە قەرزەکانى سەرۆکى پێشووى ئاک پارتى نوسیوە. لەو قەرزانەش بە پارەى باجی میللەت لەماوەى سێ مانگدا، بە بەهاى 13 ملیۆن لیرە چەرەس و لوقم کڕاوە!
یەنى بیرلیک
ئەمڕۆ کابینەى حکومەتی تورکیا کۆدەبێتەوە
لەپاش مانگ و نیوێک کابینەى حکومەتى ئاک پارتى بەسەرۆکایەتى رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆدەبێتەوە. رۆژەڤى کۆبوونەوەکە سەردانەکەى ئەردۆغان دەبێت بۆ بەغداد، چاوەڕێدەکرێت لە 22ـی ئەم مانگە سەردانەکە ئەنجام بدات. ئەو وەزیرانەى یاوەرى ئەردۆغان دەکەن، ئامادەکاریی دەکەن بۆ ئەو سەردانە.