زووم…
پرۆسەی ئازادیی عێراق لە ساڵی 2003، سەرەتای هاتنی هێزەکانی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا بوو بۆ عێراق.
ئامانج، روخانی رژێمەکەی سەدام حسێن بوو.
ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە سەرەتای پڕۆسەی ئازادی عێراق لە ساڵی 2003 نزیکەی 130 هەزار سەرباز بوو، بەڵام ساڵی 2007 بەهۆی گرژییە تایفییەکان و جموجوڵەکانی رێکخراوی قاعیدە، ژمارەی سەربازە ئەمریکییەکان بۆ 170 هەزار بەرزکرایەوە.
ساڵی 2008، عێراق و ئەمریکا رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژییان واژۆکرد و رێککەوتن ئەمریکا تا کۆتایی 2011 لە عێراق بکشێتەوە.
لە کۆتایی ساڵی 2011 و لە سەردەمی باراک ئۆباما، ئەمریکا کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە عێراق هێنا و هێزەکانی کشاندەوە، تەنها ژمارەیەکی کەم لە راوێژکارە سەربازییەکانی هێشتەوە.
دواتر لەگەڵ سەرهەڵدانی رێکخراوی داعش لە ساڵی 2014 و داگیرکردنی رووبەرێکی فراوانی عێراق و سوریا، ئەمریکا هێزەکانی لە عێراق دووهێندە کرد و گەیاندیە پێنج هەزار سەرباز.
دۆخەکە بەوشێوەیە مایەوە، تا کوشتنی قاسم سولەیمانی، ئەو رووداوە گروپە چەکدارییە شیعییە هاوپەیمانەکانی ئێرانی والێکرد، داوا لە حکومەتی عێراق بکەن کۆتایی بە بوونی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان بێنێت و لە پەرلەمانەوە یاسایەک بۆ ئەو مەبەستە دەرکرا.
کاریگەر بەو داواکارییانە، لە ساڵی 2021 ئەمریکا ژمارەی سەربازەکانی کەمکردەوە بۆ 2500 سەرباز، لەئێستاشدا گفتوگۆ لەئارادایە بۆ داڕشتنەوەی پەیوەندیی سەربازی و بوارەکانی دیکەی نێوان عێراق وئەمریکا.