زووم…
ساڵێک بەسەر هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆیی نێوان دوو جەنەڕاڵەکەی سودان تێدەپەڕێت، تا ئێستا زیاتر لە ١٦ هەزار کەس بەهۆیەوە کوژراون و ملیۆنانی دیکەش ئاوارەبوون، بەڵام هێشتا هیچ ئاماژەیەکیش نییە بۆ چارەسەریکردنی.
جەنگی سودان دەرەنجامی ململانێی دوو هێزی چەکداری وڵاتەکەیە لە پێناو بەدەستهێنانی دەسەڵات و هەژموونی زیاتر، هێزەکانی سوپای سودان بە فەرماندەیی عەبدولفەتاح بورهان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە فەرماندەیی محەمەد حەمدان حەمیدەتی هەردوو بەرەی جەنگە خوێناوییەکەی سودان پێکدەهێنن.
ناکۆکییەکان ئەو کاتە گەیشتنە لوتکە کە عەبدولفەتاح داوایکرد هێزەکانی پشتیوانی خێرا هەڵبوەشێنرێنەوە و بلکێنرێن بە سوپای فەرمیی وڵاتەوە وەک هەنگاوێکی چاکسازی لە حکومەت و هێزە سەربازییەکاندا، بەڵام حەمیدەتی رەتیکردەوە و شەڕ هەڵگیرسا.
ئەو دوو فەرماندەیە لە ساڵی ٢٠٢١ سەرکردایەتی کودەتایەکیان کرد بەسەر دەسەڵاتی سودان کە دوای ٣٠ ساڵ لە حکومڕانی عومەر بەشیر سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە پێکهاتبوو.
سوپای سودان بە فەرماندەیی عەبدولفەتاح بورهان لە ٣٠٠ هەزار سەرباز پێکدێت و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە فەرماندەیی حەمیدەتی خاوەنی زیاتر لە ١٠٠ هەزار سەربازن.
پێکدادانی ئەو دوو هێزەی سودان کارەساتی مرۆیی دووچاری خەڵکی سودان کردووە، بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەهۆی جەنگی ناوخۆیی وڵاتەکەوە زیاتر لە ١٦ هەزار کەس کوژراون کە نزیکەی ٥ هەزاریان کەسانی سیڤیلن.
هەر بە گوێرەی ئامارەکان، زیاتر لە هەشت ملیۆن و ٢٠٠ هەزار کەس بەهۆی جەنگەکەوە ئاوارەبوون و لەو ژمارەیەش لانیکەم یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار هاووڵاتی سودان روویان لە وڵاتانی دەرەوە کردووە و شەش ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کەسی دیکەش لە ناوخۆی وڵاتەکەدا ئاوارەبوون.
خەرتومی پایتەخت و دارفۆر و کۆردۆفان و ویلایەتی نیلی شین و میرۆیی ئەو ناوچانەی سودانن کە زۆرترین کاریگەری جەنگەکەیان بەسەرەوە دیارە.
بە گوێرەی راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لە سودان، ئێستا ٤٩ ملیۆن سودانی پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە و نزیکەی ١٨ ملیۆن کەسیش کێشەی نەبوونی خۆراکیان هەیە بە ئاستێکی کارەساتبار.