زووم:
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا داوا لە سەرجەم لایەنەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات دان بەخۆیاندا بگرن و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن، دەشڵێت، هیچ کەسێک بەرژەوەندی لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان لە ناوچەکەدا نییە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، ئەنالینا بیربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە تەلەفۆن لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران قسەیکردووە و گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان تاوتوێکردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، هیچ کەس بەرژەوەندی لە پەرەسەندنی زیاتری گرژییەکان لە ناوچەکەدا نییە، بۆیە داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکەن دان بەخۆیاندا بگرن و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن.
دوای هێرشەکەی هەفتەی رابردووی ئیسرائیل بۆسەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، مەترسی پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتربوو، بەتایبەت لەدوای ئەوەی ئێران ئاشکرایکرد بەمزووانە هێرش دەکەنەسەر ئیسرائیل.