زووم:
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا ئاشکرایکرد، یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا لە واشنتن پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد دەبێت.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە بە مەرجی بڵاونەکردنەوەی ناوەکەی بە کەناڵی حورەی ئەمریکی گوتووە، پێشبینی دەکرێت لە سەردانەکەی سودانیدا، گفتوگۆ لەبارەی گرنگی هەبوونی پەیوەندی باش لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغداد بکرێت.
ئاشکراشی کردووە، بەرەوپێشچوون هەیە لەنێوان هەردوولا لەبارەی دۆسیەی کاراکردنەوەی هێڵەکانی هەناردەی نەوت.
گوتیشی، گرنگە بابەتەکە هەر هەناردەی نەوت نەبێت، بەڵکو بەرەوپێشچوون هەبێت لە گفتوگۆکانی تایبەت بە مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵێ عیراقیش.
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش باسی لەوە کردووە، بەشداریی کارایان کردووە لە گەرەنتیکردنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کاتی گونجاودا بەجۆرێک ببێتەهۆی بەرەوپێشچوونی دامەزراوە دیموکراسییەکانی هەرێم لەنێویشیاندا پەرلەمان.