زووم:
گرووپە چەکدارییە عێراقییەکانی نزیک لە ئێران رێککەوتوون لەسەر بەئامانجنەگرتنی هەولێر و پاراستنی ئاگربەستەکەیان لەگەڵ ئەمریکا، لە چوارچێوەی وەڵامی تۆڵەسێنی ئێران و هاوپەیمانەکانی دژی ئیسرائیل، ئەوەش بەگوێرەی دوو سەرچاوەی ئاگادار بۆ رۆژنامەی شەرقئەوسەت.
یەکێک لە سەرچاوەکان لەناو ئەو گرووپانە، کە بەهۆی هەستیاری بابەتەکە نەیویستووە ناوی ببرێت بە رۆژنامەکەی گوتووە، سەرکردەی گرووپە چەکدارییە شیعەکان کۆکن کە لە ناوخۆی عێراقدا تۆڵەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق نەکەنەوە، بەڵام چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی ئێرانییەکانن کە ئاخۆ لە جۆلانی سوریاوە لە ئیسرائیل بدەن یاخود نا.
سەرچاوەکە، دەشڵێت، لە پەیوەندییە بەردەوام و چڕەکانیان لەگەڵ ئێرانییەکان ئەوە یەکلاییبووەتەوە، کە پێویستە ئاگربەستی نێوانیان لەگەڵ ئەمریکییەکان لە عێراق بپارێزن و هێرش نەکەنەسەر بنکە سەربازییەکانیان.
بە گوێرەی سەرچاوەکان، دوای لێکتێگەیشتنی نێوان فەرماندەکان و سەرکردە سیاسییەکانیش، گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر لابردنی هەولێر لە لیستی ئامانجەکان بۆ تۆڵە و وەڵامدانەوەکان و ئەوەش بڕیاری کۆتایی لێ دراوە، چونکە دەبێتەهۆی پاڵپێوەنانی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی بۆ چوونەدەرەوە لە پرۆسەی سیاسی و دەڵێت، بۆردومانکردنی هەولێر دەبێتەهۆی کردنەدەرەوەی پارتی لە هاوکێشەکە و یکلاییبوونەوە بۆ ئەمریکا.
ئەو دوو سەرچاوەیە پێشبینی ئەنجامدانی وەڵامی تۆڵەسێن دژی ئیسرائیل لە دەرەوەی عێراق دەکەن کە یەکێکیان بەرزاییەکانی جۆلانە لە سوریا کە پڕیەتی لە بنکەی سەربازی گرووپەکانی نزیک لە ئێران.
لە ماوەی رابردوودا، بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کە چەترێکە بۆ کۆکردنەوەی گرووپەکانی نزیک لە ئێران گرتنەئەستۆی 13 هێرشیان بۆ ناو خاکی ئیسرائیل راگەیاند، لە نێویاندا بنکە سەربازییەکانی رامات دیڤید و تەل نۆف و بەندەری عەسقەلان و فڕۆکەخانەی ئیلات و حەیفا.