زووم…
هەر لەبارەی گرژییەکانی ئێران و ئیسرائیل، هەریەکە لە روسیا و ئەڵمانیا نیگەرانن و داوای دانبەخۆداگرتن لە هەردوولا دەکەن.
بەگوێرەى ئاژانسی فرانس پرێس، ئەلینا بێربوگ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە تەلەفۆن لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان هاوتا ئێرانییەکەی قسەیکرد، پێیگوتووە، بەرپرسانە مامەڵەبکەن و پەنا نەبەنە بەر هەڵکشانی زیاتری گرژی و ئاڵۆزیی ناوچەکە.
دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، لە بەرژەوەندیی هیچ لایەنێک نییە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست هەنگاو بەرەو پێکدادانى تازە بنێت.
لای خۆیەوە دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی روسیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا گوتی، دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسەقامگیرە، بۆیە زۆر گرنگە ئێران و ئیسرائیل دانبەخۆیاندا بگرن.
گوتەبێژەکەی کریملن نەیشاردەوە، حکومەتی مۆسکۆ لە بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نیگەرانە، بۆیە گوتی، کاتی ئەوەیە بارودۆخەکە ئارام بکرێتەوە.