زووم:
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەنیازە حزب و لایەنە سیاسییەکان بۆ تاوتوێی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بانگێشتی سەرۆکایەتیی هەرێم بکات و لەسەر یەک مێز کۆیان بکاتەوە.
ئەم هەوڵە لەکاتێکدایە، کۆمسیۆن لە رێکارە ئاساییەکانی خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە و ئەمڕۆش تیروپشکی بۆ ژمارەی حزب و کاندیدان بەبێ بەشداری پارتی ئەنجامدا.
ماوەی هەفتەیەکە پارتی دیموکراتی کوردستان هەوڵەکانی بە ئاراستەی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێکردووە، پێشتر زووم لە سەرچاوەیەکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بڵاویکردەوە، پارتی بە فەرمی داوای لە کۆمسیۆن کردووە هەڵبژاردنەکە دوابخات، بەڵام وەڵامی کۆمسیۆن ئەوە بووە ئەم بابەتە پەیوەستە بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە نەک کۆمسیۆن.
زووم لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە زانیاریی دەستکەوتووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لایەنە سیاسییەکان کۆدەکاتەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن بکەن و بۆ ئەو مەبەستەش بانگێشتی سەرجەم لایەنەکان دەکات بەشداری کۆبوونەوەک بکەن لە بارەگای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.
کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی هەرێم لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان سەبارەت بەو پرسە وا لێکدەدرێتەوە هەوڵێک بێت بۆ لابردنی بەرپرسیارێتی بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردن لە سەر تاکە لایەنێک بۆ ئەوەی هەموویان لەسەر پرسەکە رێکبکەون و بەرپرسیارێتی هەڵبگرن، ئەگەر بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردنیش بێت.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی لە دوایین لێدوانیدا لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆی رایگەیاند، “ئەمە پرسێكی سیاسییە و دەبێت هەموو هێزە سیاسییەكان قسەی لەسەر بكەن و دەبێت لە ئەنجامدا بە لێکگەیشتن لەم بابەتە دەربچن”. ئەم لێدوانەی سەرۆکی هەرێم ئاماژەی ئەوەی لێدەخوێنرێتەوە سەرۆکایەتیی هەرێم بەنیازە لە ئەم پرسە قسە لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بکات.
لەبارەی ئەگەری بەشداریی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پێشتر جومانە غەلای گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە زوومی راگەیاندبوو، ئەگەر هەڵبژاردن دوانەخرێت، هیچ بوارێک نەماوە پارتی بتوانێت لە 10ـی حوزەیران بەشداریی هەڵبژاردن بکات، چونکە لیستی کاندیدانی نەداوەتە کۆمسیۆن و ئەمڕۆش لە تیروپشکی ژمارەی حزب و کاندیدەکان بەشدارنەبوو.