زووم:
هەفتەیەک لەمەوبەر، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ماوەی دوو ساڵە دەیانەوێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدەن، بەڵام رێگریان لێدەکرێت، ئێستا میدیای پارتی لە روونکردنەوەی ئەو قسەیەی بارزانیدا دەڵێت، ئەوەی لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا رێگری لە هەڵبژاردن کردووە، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە.
لە کۆتاییەکانی ٢٠٢٢ و مانگێک بەرلەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کۆتاییبێت، یەکێتی و پارتی دەنگیان دا بە درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان بۆ ساڵێک، بەڵام دواتر دادگای فیدراڵیی عێراق بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە.
لەو کاتەوە تائێستا یەکێتی و پارتی لە مشتومڕی ئەنجامدان و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردندان، وەکو هەمیشە هەرجارە و یەکێکیان ئەوی دیکەیان بە ئاستەنگ لەبەردەم هەڵبژاردن تۆمەتبار دەکات.
دوو ساڵە پارتی دەڵێت ئامادەی هەڵبژاردنە و یەکێتی رێگربووە، ئێستا یەکێتی ئامادەیە و پارتی رێگرە.
لە ماوەی ٢٣ ساڵی رابردوو، تەواوی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بە رێککەوتنی پارتی و یەکێتی بووە، ئەمە بۆ یەکەمجارە لە مێژووی هەرێمی کوردستان وادەی هەڵبژاردن دیاریکرابێت و یەکێتی و پارتی لەسەر ئەنجامدانی کۆک نەبن.
هەروەها بۆ یەکەمجارە لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی کوردستان، شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و یاسای هەڵبژاردن و لایەنی سەرپەرشتیار لە دەستی یەکێتی و پارتیدا نەماوە و حکومەتی عێراق و دادگای فیدراڵی بڕیار لەو بارەیەوە دەدەن.
پارتی وایدەبینێت، ئەم دۆخە لەبەرژەوەندیدا نییە و نایەوێت بەشداریی هەڵبژاردنێک بکات هیچ رۆڵێکی لە بەڕێوەبردنیدا نەبێت.
یەکێتیش وەکو دەرفەتێکی مێژوویی دەبینێت بۆئەوەی هێز و توانای پارتی لە پەرلەمانی کوردستان کەمتر بکاتەوە و جۆرێک لە هاوسەنگی بێنێتەوە ئارا، بەمەستی ئەوەی لە پێکهێنانی حکومەت و بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان وەکو ساڵانی دوای نەوەدەکان، هاوشانی پارتی بێت.
دواجار یەکێتی ئەو هەوڵانەی لەڕێگەی بەغدادەوە گرتوویەتیە بەر، بە هەوڵی ناوخۆیی کوردستانی و عێراقی دەزانێت، بەڵام پارتی وا ناویدەبات، دەست و دیزاینی دەرەکییە و لایەنی ناوخۆیی بەشدارە لە جێبەجێکردنی، ئەوەش بەلای پارتییەوە جێگەی قبوڵکردن نییە.