زووم…
رێکخراوی نێودەوڵەتیی کار رایگەیاند، ٤٠٪ـی ژنە فەرمانبەرەکانی عێراق لە کەرتی گشتیدا کاردەکەن، ئەوەش بەرزترین ئاستە لە هەموو جیهاندا.
مەها قەتاع، رێکخەری رێکخراوی نێودەوڵەتیی کار لە عێراق، بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، عێراق لە رووی کارکردنی ژنان لە کەرتی گشتی لە بەرزترین ئاستی جیهاندایە و رێژەکەیان دەگاتە ٤٠٪ـی کۆی ژنە فەرمانبەرەکان، زۆرینەشیان لە بواری وانەوتنەوە و خزمەتگوزاریی تەندروستیدا کار دەکەن.
هاوکات نەبیل مەرسومی، پسپۆڕی ئابووری، بە رۆژنامەی سەباحی گوتووە، ژمارەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی دەگاتە چوار ملیۆن و ٥٠ هەزار کەس، واتە لەسەدا نۆی دانیشتووان، لەگەڵ خانەنشینان و ئەو کەسانەی لە مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی سوودمەند دەبن، ژمارەکە دەگاتە ١٠ ملیۆن کەس، واتە لەسەدا ٢٥ـی کۆی دانیشتووان.
گوتووشیەتی، ئەگەر ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هەژمار بکرێت، ژمارەکە زۆر زیاتر دەکات و لەسەدا ٧٠ـی داهاتی نەوتیی عێراق بۆ مووچە تەرخان دەکرێت.