زووم…
نیکاراگوا لە دادگای دادی نێودەوڵەتی لە لاهای، سکاڵایەکی دژی ئەڵمانیا بەتۆمەتی هاوکاریکردنی ئیسرائیل و ئاسانکاریکردن بۆ ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی فەڵەستینییەکان تۆمارکرد.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، کۆماری نیکاراگوا داوای لە دادگاکە کردووە رێکاری بەپەلە بگرێتەبەر بۆ هاندانی بەرلین تا چیتر چەک و کەرەستەی سەربازی نەداتە ئیسرائیل.
سباستیان فیچەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە وەڵامی سکاڵاکەدا بە رۆژنامەنووسانی گوت، تۆمەتەکان رەتدەکەنەوە.
گوتیشی، ئەڵمانیا هیچ رێککەوتن و یاسایەکی مرۆیی نێودەوڵەتی پێشێل نەکردووە و لەبەردەم دادگای دادی نێودەوڵەتی ئەوە دەخاتەڕوو.
بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە نیکاراگوا سکاڵاکەی لە دادگای دادی نێودەوڵەتی بخاتەڕوو، رۆژی دواتریش، ئەڵمانیا وەڵامی سکاڵاکە بداتەوە.