زووم:
باجی سەر جگەرە لە ئێران زیاد دەکرێت، بەکارهێنەرانی نیگەرانن و بەرپرسانیش دەڵێن، بۆ پێشگرتن لە نەخۆشییەکان وا باشترە.
بە گوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی ئیمروز، لە نەورۆزی ئەمساڵەوە رێژەی باج بۆ سەر جگەرەی بەرهەمهێنراوی ناوخۆیی لە ئێران بۆ 15% و بۆ هەرجۆرە جگەرەی هاوردەکراویش بە رێژەی 50% زیادی کردووە و بەو تێکڕای نرخی جگەرەی زیاتر لە 20% بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت.
جگەرە بەشێکە لە خەرجی رۆژانەی بەشێک لە خەڵک و بەرزبوونەوەی نرخەکەی تێچووی زیادە بەسەر بەکاربەراندا دەسەپێنێت، بەڵام بەرپرسان دەڵێن، ئەگەر گەشەی جگەرەکێشان رانەگیرێت، دەبێت خەڵک چەند ئەوەندەی ئەو بڕە تێچووە لە بواری چارەسەری پزیشکیدا خەرج بکەن چونکە بە کۆنتڕۆڵکردنی تووتن دەتوانرێت یەک لەسەر سێی شێرپەنجە کەمبکرێتەوە و بۆیەش جەخت لەسەر گرنگی ئەم بابەتە بۆ تەندروستی گشتی خەڵک دەکەنەوە.
لە ئێستادا زیاتر لە 12 ملیۆن بەکارهێنەری تووتن لە ئێراندا هەیە و ئامارەکان دەڵێن ساڵانە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار خەرج دەکەن بۆ جگەرە کە گرنگترین هۆکاری شێرپەنجەیە و دەبێتە هۆی زیاتر لە 20 جۆر نەخۆشیی دەم و ددان.
ئاژانسی هەواڵی مێهر نووسیویەتی، محەممەد حسێن نیکنام، بەرپرسی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکانی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: جگەرەکێشان ساڵانە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە 50 هەزار کەس لە ئێران و بەکارهێنانی تووتنیش گرنگترین هۆکاری نەخۆشییە نەگواستراوەکانە، کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بەکارهێنانی بەتوندی زیادی کردووە، بە تایبەت لە نێو ژناندا.
بە گوێرەی راپۆرتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، ساڵانە 8 ملیۆن کەس لە جیهاندا بەهۆی جگەرەکێشان گیان لەدەست دەدەن و تێچووی جگەرە نزیکە لە هێندەی خەرجییە سەربازییەکانی هەموو جیهان.