زووم:
رۆژنامە عەرەبییەکان
سەباح
سودانی: سوورین لەسەر جێبەجێکردنی داخوازی تەواوی هاووڵاتیانی عێراق
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم سووربوونی حکومەتەکەی لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و جێبەجێکردنی داواکاری تەواوی هاووڵاتیان لە سەرانسەری عێراق دووپاتکردووەتەوە
عەرەبی جەدید
شەش مانگە کۆمەڵکوژی لە غەزە بەردەوامە
بۆ ماوەی شەش مانگ و لە حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە، کۆمەڵکوژی ئیسرائیل لە دژی گەلی فەلەستینی لە کەرتی غەزە بەردەوامە، نەتەوەیەکگرتووەکانیش ناتوانێت بەرپەرچی هێرشەکانی ئیسرائیل بداتەوە
قودسی عەرەبی
ئێران بە دڵنیاییەوە وەڵامی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشق دەداتەوە
هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق بێ وەڵام نابێت، بەڵام تائێستا دیار نییە کەی و لە کوێ ئێران تۆڵەی ئەو هێرشە دەکاتەوە کە تیایدا فەرماندەی سوپای قودسی پاسدارانی ئێران لە سوریا و لوبنان و چەند گەورە یاریدەدەرێکی کوژران
زەمان
بەغداد و ریاز 12 یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بواری وەبەرهێنان واژۆ دەکەن
سعودیە و عێراق لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوانیدا 12 یاداشتی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کردووە کە ئامانج لێی ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانە لە بوارە جیاوازەکاندا.
عێراق کار بۆ ئەوە دەکات وەبەرهێنەرانی بیانی روو لە وڵاتەکە بکەن و پڕۆژەی گەورە ئەنجام بدەن بە تایبەت لەم کاتەدا کە بە وتەی وەزیری نەوتی وڵاتەکە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانەی عێراق گەیشتووەتە پێنج ملیۆن بەرمیل.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
سەندەی تایمز
وەزیری دەرەوە هۆشداری دەدات؛ هاوکارییەکانی بەریتانیا بۆ ئیسرائیل بێمەرج نین
لە پاش کوشتنی چەند کارمەندێکی رێکخراوە خێڕخوازییەکان لەلایەن ئیسرائیلەوە لە غەزە، وەزیری کاروباری دەرەوە هۆشداریی دا لەوەی کۆمەککردنی بەریتانیا بۆ ئیسرائیل بێمەرج نییە. دەیڤد کامیرۆن، وەزیری کاروباری دەرەوە بەهۆی تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر دەستپێکردنی شەڕەکانی نێوانی ئیسرائیل و حەماسدا گوتارێکی بۆ سەندەی تایمز نوسیوە و تیایدا گوتویەتی، ئەم شەڕە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکانی مرۆڤدۆستیدا نایەتەوە. کامیرۆن کوژرانی کارمەندە فریاگوزارییەکانی بە تراجیدیا و چاوەڕواننەکراو ناوبرد، بەڵام گوتیشی تازە کار لەکار ترازاوە، بەریتانیا بەبێ مەرج هاوکاریی ئیسرائیل ناکات و دەبێت سوپای ئیسرائیل یاسا مرۆیی و نێودەوڵەتییەکان لەپێشچاو بگرێت
سەندەی تەلەگراف
توێژینەوەیەکی تازە دەڵێت ئەو منداڵانەی ڕێگەیان پێدەدرێت رەگەزی خۆیان بگۆڕن تووشی گرفتی دەروونی دەبنەوە
توێژینەوەیەکی زانستی کە بڕیارە لەم هەفتەیەدا ئەنجامەکانی بڵاوبکرێنەوە باس لەوەدەکات، ئەو منداڵانەی کە رەگەزی خۆیان دەگۆڕن دواتر لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە گرفتاری دەروونیی قورس دەبنەوە. ئەم هۆشدارییەش دوای بەرزبوونەوەی ژمارەی ئەو منداڵانە دێت کە رەگەزی خۆیان گۆڕیوە، کێشەکە لەوێوە دەست پێدەکات کە لە ئێستادا زۆر قوتابخانە هەن، بەبێ ئاگادارکردنەوەی کەسوکاری خوێندکارەکانیان رێگەیان پێدەدەن بچن رەگەزی خۆیان بگۆڕن. گوێ بەو رێنماییانەی حکومەتیش نادەن، کە لەم رووەوە هەن و دەبێت کاریان پێبکرێت. ئەو توێژینەوەیە کە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو بڵاودەکرێتەوە داوا لە خوێندنگەکان دەکات لە پرسی گۆڕینی رەگەزی منداڵەکاندا رۆڵی ئەوان گرنگە، بۆیە دەبێت پێداچونەوەی بۆ بکەن.
دەیلی ئێکسپرێس
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێت تووشی شۆک بوون لەو خوێنڕشتنەی لە غەزە روودەدات
مانشێتی سەرەکی ئەم رۆژنامەیە دەڵێت ریشی سوناکی سەرۆکوەزیران داوادەکات شەڕی غەزە کۆتایی پێبێت، لەپاش کوشتنی ئەندامانی رێکخراوە خێرخوازییە بەریتانییەکە لە کەرتی غەزە، سوناک گوتویەتی بەریتانیا بەهۆی ئەو خوێنڕشتنەوە تووشی شۆک هاتووە.
ئۆرشەلیم پۆست
لاپەڕەی یەکەمی ئەمڕۆی رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست زۆر سەرنجڕاکێشە. تەواوی لاپەڕەکە تەرخانکراوە بۆ یادی ئەو کەسانەی لە شەڕەکەی شەش مانگی رابوردووی کەرتی غەزەدا کوژراون. لەسەر لاپەڕەی یەکەم ناو و تەمەنی هەموو کوژراوەکانی ئیسرائیلی بڵاوکردووەتەوە، لە ناوەڕاستی ناوەکاندا ئەستێرە شەش پاڵووەکەی ئیسرائیلی نەخشاندووە و تیایدا نوسیویەتی، لە حەوتی ئۆکتۆبەرەوە تائێستا و بەهۆی تێپەڕبوونی شەش مانگ، یادی هەموو ئەوانە دەکەین کە کوژران، یان لە بەرگریکردن لە ئیسرائیلدا تیاداچوون.
رۆژنامە تورکییەکان
تورکیا
بازاڕکردن بۆ جەژن داهاتى ناوخۆى تورکیاى زیادکردووە
لەگەڵ هاتنى جەژن، جوڵە کەوتە بازاڕەکانەوە، هاووڵاتیان دیارى دەکڕن و بازاڕ بۆ جەژن دەکەن. خواردن و شیرینی دەکڕن، کەرتى پۆشاک و گواستنەوەش بوژاونەتەوە، داهاتى ئەمانە 160 ملیار لیرەیە.
سۆزجو
سەرۆک شارەوانییەکى ئاک پارتى ١٢٦ ملیۆن لیرە قەرزی بەجێهێشتووە
شارەوانی دینار لە پارێزگاى ئافیۆن، لەم هەڵبژاردنەدا لەلایەن ئاک پارتییەوە رادەستى جەهەپە کرا. سەرۆک شارەوانییەکەى ئاک پارتى بە قەرزى ١٢٦ ملیۆن لیرەوە شارەوانییەکەى رادەستى جەهەپە کردووە، سەرۆک شارەوانییەکەى جەهەپەش بۆ ئەوەى رایگشتى ئاگادارى ئەو قەرزەى سەرۆکەکەى ئاک پارتى بن، بە لافیتەیەکى گەورە قەرزەکەى سەرۆکى ئاک پارتى نوسیوە.
حوڕییەت
لە تورکیا کرێ خانوو 25% زیادکراوە
لەگەڵ ئەوەی کرێ خانوو لە تورکیا 25% زیاد کراوە، بەڵام زۆرینەى کرێچییەکان پابەندى زیادکرنى کرێکانیان نابن، ئەمەش کێشەى بەدوای خۆیدا هێناوە. هۆکارى زیادبونەکەش بەرزبوونەوەى رێژەى هەڵاوسان و زیادکردنى نرخى شتومەکە، زیادکردنى کرێ خانوو پێدەچێت کێشەى قوڵتر بەدواى خۆیدا بهێنێت.
میللییەت
بەشدارى پارلەمانتارێکى دەم پارتى لە پرسەى ئەندامێکى پەکەکە گفتوگۆى بەدواى خۆیدا هێناوە.
زەینەب ئۆدونجو، پەرلەمانتارى دەم پارتى لە بازنەى ئێلیهـ، بەشدارى مەراسیمى ناشتنى ئەندامێکى پەکەکەى کردووە لە دێرسیم، ئەو ئەندامە لە 3ی نیساندا لە ئۆپەراسیۆنێکى سەربازیدا کوژراوە.
رۆژنامە فارسییەکان
جەهانی سەنعەت
ئەمریکا و ئیسرائیل بە بانگەشەی ئامادەکاری بۆ هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئێران توانیویانە بازرگانیی ئێران لە بەرزترین ئاستی بازاڕەکاندا تێکبدەن.
لە رۆژانی رابردوودا بازاڕی بۆرسە، ئۆتۆمبێل، زێڕ و هەندێک بازاڕی دیکە
رووبەڕووی پشێووی بوونەتەوە. ئەم دۆخە تا ئێستا هێورنەکراوە و بەڕێوەبەرە باڵاکان نازانن چیبکەن و بێدەنگیان پێ باشتر بووە.
گوشارەکانی دەرەوە هاوکات لەگەڵ هەندێک لە پەیامەکانی سیاسەتمەدارانی ناوخۆ وەک موحسین رەزایی کە دەڵێت بڕیار دراوە بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل، دەتوانێت بازاڕی کاڵاکان لەوە خراپتریش بکات.
هاووڵاتیانی ئێرانی و بەتایبەت 15 ملیۆن کرێکار و بنەماڵەکانیان و خانەنشینان و فەرمانبەران لە بڕیارەکانی حکومەت بۆ زیادکردنی مووچە لە خوار رێژەی هەڵاوسان لە ساڵانی رابردوودا ناڕازین و بەردەوامی ئەم دۆخە لێکەوتەی نادیاری بۆ حکومەتی ئێران دەبێت.
ئیمروز
لە ئێران نرخی جگەرە گران دەکرێت.
نرخی جگەرە بۆ بەکاربەرانی زۆر گرنگە و بەرزبوونەوەی نرخەکەی نیگەرانی بەشێکی کۆمەڵگایە.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە باج بۆ هەر جگەرەیەکی بەرهەمهێنراوی ناوخۆ بۆ 15% و بۆ هەرجۆرە جگەرەی هاوردەکراو بە رێژەی 50% زیاد دەکرێت.
بە گوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی بەرهەمە تووتنییەکان، لەگەڵ باجی تازەدا نرخی جگەرە نزیکەی 20% بەرزبوونەوە بەخۆیەوە دەبینێت.
جگەرە بەشێکە لە سەبەتەی بژێوی خەڵک و بەرزبوونەوەی نرخەکەی تێچووی زیادە بەسەر بەکاربەراندا دەسەپێنێت.
بەڵام ئەگەر گەشەی جگەرەکێشان رانەگیرێت، دەبێت خەڵک چەند ئەوەندەی ئەو بڕە تێچووە لە بواری چارەسەری پزیشکیدا خەرج بکەن.
لە ئێستادا زیاتر لە 12 ملیۆن بەکارهێنەری تووتن لە ئێراندا هەیە.
ئاسیا
پشتگوێخستنی گەشتوگوزار بێبەشکردنی ئابووری هەر وڵاتێکە
سەرەڕای بوونی چەندین سەرچاوەی سروشتی و شوێنی مێژوویی، بە هۆکاری جۆراوجۆر، لەوانە پرسی سیاسی و ئابووری، ئێرانفۆبیا، و نەبوونی ژێرخانی وەک هۆتێل و گواستنەوە، ئەم سەرچاوە گرنگە لە ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی و رەخساندنی هەلی کار پشتگوێخراوە.
دوایین ئامار نیشان دەدات کە تێکڕای ئاماری گەشتیاری ئێران لە ساڵی ٢٠٢٣ بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩ بە رێژەی ٥٠% کەمترە.
ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت و پشتیوانییەکی دروست بۆ ئەم پیشەسازییە نەمێنێت لەبری گەشەپێدانی ئابووری و رەخساندنی هەلی کار
بەرەو چەقبەستن و لەناوچوون دەڕوات.
محەممەد مەسعوودی، ئەندامی کۆمیسیۆنی گەشتیاری ژووری بازرگانی ئێران دەڵێت، گەشتیاری بۆ حکومەت لە پێشینەی کارەکان نییە و لەم دۆخەدا ناتوانین چاوەڕوانی باشتربوونی بەرچاو لە دۆخی ژێرخانی گەشتیاری بکەین.
ئەبرار
دەڵێن نرخی دۆلار لەم حکومەتە دەبێتە 100 هەزار تمەن نەک 250 هەزار!
ئەحمەد عەلیرەزابیگی، نوێنەری پەرلەمان بە رەخنەی لە دۆخی ئابووری و بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی دۆلار و دەڵێت، جێگای شەرمەزارییە کە بە ملیارەها دۆلار لە سامانی وڵات بەهۆی گەندەڵیەوە بەفیڕۆچووە، بەڵام نەمانتوانیوە وەڵامی سەرەتایترین پێداویستییەکانی خەڵک بدەینەوە، حکومەت لە هەر شوێنێک کەم بهێنێت 50% باج زیاد دەکات.
بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دۆلار لەم حکومەتەدا دەگاتە 100 هەزار تمەن و ئەگەر ئێمە نەبواین دەگەیشتە 250 هەزار تمەن! ئەم قسانە گەمژانەن و بۆ وڵاتێک کە ئەو هەموو دەرفەت و سەرچاوەی هەیە شەرمەزارییە.