رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقولئەوسەت
سودانى: بانگەشە بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە لە عێراق بابەتێکى میدیاییە
هادى عامری، سەرۆکی رێکخراوى بەدر رایگەیاند، پەیوەندییەکانى نێوان چوارچێوەى هەماهەنگی و سودانى خراپ نییە، مانەوە و لابردنیشی پەیوەندی بە کۆدەنگی شیعەکانەوە هەیە.
چوارچێوەى هەماهەنگی کار بۆ ئەوە دەکات محەمەد شیاع سودانى لە هەڵبژاردنى داهاتوودا بەشداری نەکات، سودانیش رایگەیاندووە بانگەشە بۆ هەڵبژاردنى پێشوەختە جگە لە بابەتێکى میدیایی هیچى دیکە نییە.
عەرەبی جەدید
هەڕەشەکانى نێوان ئێران و ئیسرائیل بەردەوامن
هێرشەکەى دووشەمەى رابوردوو بۆ سەر کۆنسوڵخانەى ئێران، بووتە مایەى هەڕەشەى هەردوولا لە یەکتری و تائێستاش بەردەوامن، حەشدى شەعبیش چووەتە نێو ئەو بەرەیەوە کە رێبەرى ئێران لە دژى ئیسرائیل سەرۆکایەتى دەکات و عەبدولعەزیز مەحموداوى سەرۆکی دەستەى حەشدیش دەڵێت، ئێمە چاوەڕوانى بڕیاری رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەین تا وەڵامى دەستدرێژییەکەى ئیسرائیل بدەینەوە کە کردییە سەر کۆنسوڵخانەى کۆماری ئیسلامی ئیران لە دیمەشق.
دەستوور
ئەنجومەنى ئاسایشى تورکیا جەخت لە پتەوکردنى پەیوەندییەکانى لەگەڵ عێراق دەکاتەوە
ئەنجومەنى ئاسایشی تورکیا لە کۆبوونەویەکى فراواندا جەختى لەسەر پەرەپێدانى پەیوەندییەکانى لەگەڵ عێراق کردووەتەوە لە بوارەکانى ئاسیش، ئابورى، وزە و بازرگانیدا و لەهەمان کاتدا رایانگەیاندووە لەم ناوچەیەدا جێگەى تیرۆر و هاوکارەکانیان نابێتەوە و باسیان لەوەشکردووە کە نابێت رێگەیان پێبدرێت لە وڵاتانى ئەوروپاشدا هێرش بکرێتە سەریان.
قودسى عەرەبی
تورکیا دەیەوێت گرێبەستى هاوردەکردنى گازى سروشتى ئێران درێژبکاتەوە
ئەلب ئەرسەلان بەیرەقدار، وەزیری وزەى تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەى خوازیارى نوێکردنەوەى گرێبەستى گازە لەگەڵ ئێران و ئاژانسی میهری ئێرانیش بڵاویکردەوە لێکتێگەیشتنى باش لەو بارەیەوە هەیە و لە دانیشتنى داهاتوودا کە لە ئەنقەرە بەڕێوەدەچێت واژۆ لەسەر درێژکردنەوەکەى دەکەن.
بەگوێرەى راپۆرتەکەى میهر لە کۆبوونەوەى دوێنێى هەردوو وەزیری وزەى ئێران و تورکیا جەخت لەسەر پەیوەندییەکانى نێوان هەردوو وڵات کراوەتەوە، هەردوولاش دەیانەوێت گرێبەستى نێوانیان نوێ بکەنەوە کە ماوەى ٢٨ ساڵە بەردەوامە و لەو ماوەیەشدا ١٥٦ ملیار مەتر سێجا گازی ئێرانى رەوانەى تورکیا کراوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
فاینەنشیەڵ تایمز
لەسەر بە هەڵەکوشتنی 7 کارمەندی فریاگوزارى لە غەزە ئیسرائیل دوو ئەفسەری سوپا دوورخستەوە
چەند سەربازێکی ئیسرائیلی کەوتنە هەڵەوە و یاسا سەربازییەکانیان پێشێل کرد. ئەمانە بوون بە هۆی کوشتنی حەوت کارمەندی رێکخراوە خێرخوازییەکانیان لە کەرتی غەزە.
بەرپرسانی سوپای ئیسرائیل دەڵێن، یەکێک لە ئەو حەوت کارمەندانەی کە کوژراون جانتایەکی لەشاندا بووە، کە لە شێوەی چەکدابووە، بۆیە لەوکاتەدا، کە سەرقاڵی گەیاندنی خۆراک بوون بە خەڵکی برسیکراوی غەزە تەقەیان لێکردوون و حەوتیان لێ کوشتوون. ئێستا سوپای ئیسرائیل دەڵێت سێ سەربازی خۆیی دەرکردووە و دووانی تریش بەو بۆنەیەوە سەرزەنشت کراون، لەبەرئەوەی سەربازەکان لەژێر فەرمانی ئەواندا کاریان کردووە.
وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ غەزە خاڵی ناکۆکی لایەنەکانی گفتوگۆکانی ئاگربەستە
بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵگریی ئێف بی ئای رووی کردووەتەوە قاهیرە، دەیەوێت هەردوولای ئیسرائیل و حەماس قایل بکات بتوانن بگەن بە راگەیاندنی ئاگربەستێک لە نێوانیاندا.
ئیدارەکەی بایدن پەستان دەخاتە سەر ئیسرائیل بۆئەوەی رێگەبدات ژمارەیەکی خەڵکی مەدەنیی ئاوارەبووی فەلەستینی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەی باکووری غەزە. ئەم خەڵکانە ماوەی شەش مانگ زیاترە بە هۆی شەڕەکانەوە ماڵ و حاڵی خۆیانیان بەجێهێشتووە و ئاوارەبوون. هێشتا ئیسرائیل رەزامەندیی لەسەر ئەم خاڵە پیشان نەداوە، بۆیە وەک لەمپەرێکی گەورە لەبەردەم ئەگەری گەیشتن بەرێکەوتنی ئاگربەستدا ماوەتەوە. شاندی هەواڵگریی ئێف بی ئایی ئەمریکا کە ئەمجارە دەچێتە قاهیرە، کار لەسەر قایلکردنی ئیسرائیل بۆ گەڕاندنەوەی ئەم خەڵکە ئاوارەبووە دەکات.
عەرەب نیوز
بەهۆی هەڵکشانی ئاستی تووڕەییەکانەوە پێنج ئەفسەری سوپای ئیسرائیلی سزا دران
بەهۆی هەڵکشانی ئاستی تووڕەیی لەبارەی کوژرانی حەوت کارمەندەکەی رێکخراوە خێرخوازییەکانەوە لە کەرتی غەزە، پێنج ئەفسەری سوپای ئیسرائیلی سزادران و بەڵێنیش درا، کە سوپای ئەو وڵاتە چەند ئاسانکارییەک بۆ ئەنجامدانی کاری رێکخراوەکان بکات، بەتایبەییش ئەوانەیان کە دەیانەوێت فریاگوزاریی مرۆیی پێشکەش بکەن. سزاکەی سوپای ئیسرائیل بۆ سەربازەکانی بریتی بووە لە دەرکردنی سیان و سەرزەنشتکردنی دووانی دیکە، بەهۆی کەمتەرخەم بونیانەوە.
گاردیەن
سەدان هەزار کەس لە وەرگرتنی چارەسەرە نوێیەکەی نەخۆشیی خەڵەفان بێبەش دەبن
لە بەریتانیادا سەدان هەزار نەخۆشی تووشبوو بە خەڵەفانی جۆری دیمێنشیا کە پێویستیان بە وەرگرتنی چارەسەر هەیە دەستیان ناگات بە ئەو جۆرە دەرمانە نوێیەدا، کە بۆ ئەم نەخۆشییە دروستکراوە و دروستکردنەکەی وەک شۆڕشێکی گەورە لەم بوارەدا هەژمار دەکرێت. هۆکاری دەست نەگەیشتنی ئەوان بە چارەسەرەکەدا ئەوەیە کە دەزگای تەندروستیی بەریتانی ناتوانێت بەگوێرەى مەرجەکانی گرووپی جی حەوت هەڵسوکەوت بکات. لەپاش دەیان ساڵ لە ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و تایبەتمەند لە هەلومەرجی ئەم نەخۆشانە زانایان توانیویانە چارەسەرێکی کاریگەر بۆ ئەم نەخۆشییە بدۆزنەوە، کە لە دنیادا ١٥٣ ملیۆن کەس تووشی بوون، ئەم چارەسەرە نوێیە هۆکاری توشبونەکەی دۆزیوەتەوە و دەتوانێت ڕێگریشی لێبکات.
رۆژنامە تورکییەکان
حوڕییەت
لە ناتۆ پشتیوانى لە تورکیا بۆ رووبەڕووبونەوەى پەکەکە کرا
هاکان فیدان لە میانەى کۆبونەوەى وڵاتانى ناتۆ بە بڕوکسەل رایگەیاند، لە کۆبوونەوەى ناتۆ تەواوى بە بەشدارى وڵاتانى ئەوروپا، پشتیوانی لە تورکیا بۆ رووبەڕووبونەوەى پەکەکە دووپاتکرایەوە. چالاکییەکانى پەکەکە لە ئەوروپا سنوردار دەکرێت، بەمەش دەچینە قۆناغێکى نوێوە لە رووبەڕووبونەوەى پەکەکە.
سۆزجو
31ـی ئازار رۆژى سەرکەوتنی جەهەپە بوو
ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکى جەهەپە رایگەیاند، ٣١ ى ئازار رۆژى سەرکەوتن و گۆڕانکاریی گەورە بوو بۆ جەهەپە، جەهەپە دوورە لە هەر لوتبەرزییەوە، بەزوترین کات شارەوانییەکانمان دەست بەکارو و خزمەتگوزاریی دەکات. گەلى تورکیا سەدا ٦٢ بەهۆکارى قەیرانى ئابوورى دەنگى بە جەهەپە داوە، لەئێستاوە کار بۆ هەڵبژاردنى سەرۆککۆمارى دەکەین و ئامانجامان سەرکەوتنمانە لە هەڵبژاردنى داهاتوو.
جمهورییەت
ئاک پارتى دۆڕا و خێمەى بەربانگ لابرا
موراد قوروم کاندیدی ئاک پارتى بۆ گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ، لەپێش هەڵبژاردنى ٣١ـى ئازار، لە ناوچەى قادیکۆی خێمەى بەربانگکردنەوەی بۆ هەژاران دانابوو، لەپاش دۆڕاندنی لە هەڵبژاردنەکە، خەیمەکەیان لابرد. بەرپرسى جەهەپە لە ناوچەى قادیکۆی لە هەمان شوێنى خەیمەکەى ئاک پارتى، خێمەی بەربانگردنەوەى دانا و بە تانەوە دەڵێت، خۆشەویستى ئێمە بۆ خەڵکى قادیکۆى تاکوو کاتى هەڵبژاردن نییە.
ئەکشام
ماڵەکانتان رادەستى دزەکان مەکەن
هاووڵاتیانى تورکیا ئاگاداردەکرێنەوە لە نۆ رۆژى پشووى جەژندا لەکاتى گەشت کردن بۆ شارەکانى دیکە، هیچ وێنەیەکى گەشتەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاونەکەنەوە تاوەکو بانگهێشتى دزەکان بۆ بڕینى ماڵەکانیان نەکەن. هاوکات پسپۆڕان هۆشداریی دەدەن لە ئەگەرى بڕینى ماڵەکانتاندا واباشترە کەلوپەلى بەنرخ لە ماڵەوە بەجێنەهێڵن و لەگەڵ خۆتاندا بیبەن.
رۆژنامە فارسییەکان
ئەبرار
وەڵامی ئێران بۆ ئیسرائیل دەبێت پێشبینی نەکراو بێت
ئیسرائیل دەیەوێت شەڕی خۆی لەگەڵ فەلەستینییەکان بکاتە شەڕ لەگەڵ ئێران، ئەمریکاش لەگەڵ سیاسەتێکی لەو جۆرەدایە، بۆیە باشترین کاری ئێران ئەوەیە کە ئیسرائیل لە ترسدا بهێڵێتەوە و رێوشوێنی دوورمەودای پێشبینی نەکراو لە دژی بگرێتەبەر.
ئیسرائیل بەبێ رەزامەندی ئەمریکا هیچ کارێک ناکات و تیرۆرکردنی فەرماندەکانی سوپای پاسداران بۆ یەکەمجار بە کوشتنی قاسم سولەیمانی دەستی پێکرد.
لەو کاتەوە ئیسڕائیل رێگەی پێدراوە فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە سوریا و لوبنان بەگوێرەی سیاسەتەکانی ئەمریکا تیرۆر بکات.
جەهانی سەنعەت
بەکارهێنانی شیرەمەنی بۆ هەر تاکێک ساڵانە دابەزیوە بۆ 60 کیلۆ
بەگوتەی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یەکێتیی شیرەمەنیەکان، بەهۆی کەمبوونەوەی توانای کڕینی خەڵکەوە، بەکارهێنانی سەرتاسەری بەرهەمی شیرەمەنی کەمی کردووە و گەیشتووەتە ٦٠ کیلۆگرام، لاکاتێکدا بەکارهێنانی سەرتاسەری بەرهەمی شیرەمەنی پێش سزاکانی سەر ئێران زیاتر لە ١٨٠ کیلۆگرام بووە.
عەلی ئیحسان زەفەری رایگەیاند، بەڵام دابەشکردنی شیر لە قوتابخانەکان بووەتە هۆی زیادبوونی ٤٪ی بەکارهێنانی شیرەمەنی بۆ هەر تاکێک.
ئیمروز
پەرلەمانتارێکى ئێران دەڵێت، حکومەت دەیەوێت نرخى بەنزین گران بکات
ئەندامێکی هەڵبژێردراوی خولی نوێی پەرلەمانی ئێران دەڵێت، حکومەت دەیەوێت نرخی بەنزین گران بکات بەڵام خەڵک بەرگەی ناگرن.
کاتێک ئۆتۆمبێلێک لە وڵاتدا بەرهەم دێت کە مەسرەفی زۆرە، ئایا خەڵک تاوانبارن؟ بۆ چاکسازی لە سیستەمی گواستنەوەدا ناکەن و گواستنەوەی گشتی زیاتر ناکەن؟
لە هەندێک ساڵدا نرخی بەنزینمان بەرزبووەوە و هیچ رووی نەدا چونکە دۆخی ئابووری باش بوو بەڵام ئەمڕۆ دۆخەکەمان باش نییە.
ئاسیا
جیاوازی نێوان بەهای هەناردە و هاوردەکردن بە روونی دەتوانێت روانگەیەکی گشتی بێت بۆ ئابووری وڵاتەکان
لەمبارەیەوە ئاماری بازرگانی دەرەکیی ئێران دەریدەخات کە ساڵی رابردوو بەهای کاڵای هەناردەکراو کەمتر بووە لە کاڵای هاوردەکراو، هەروەها تێکڕای بەهای تۆنێک کاڵای هاوردە نزیکەی ٤٧ هێندەی بەهای تۆنێک بووە لە کاڵای هەناردە.
کێشی هاوردەکردن بە ڕێژەی ٤٪ زیادی کردووە و زۆرینەی هەناردەی ئێرانیش بەرهەمی کەم بەها و سەرچاوەی خاوی وەک نەوت و گازە کە ئاستێکی نزمتری تەکنەلۆجیای هەیە.
یەکێک لەو هۆکارانەی کە بووە هۆی کەمبوونەوەی گەشەی پیشەسازییە تەکنەلۆژییە بەرزەکان بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکە، کەمبوونی پشکی تێچووی توێژینەوە و پەرەپێدانە لە ئێران کە کەمترە لە سەدا یەکی بەرهەمی ناوخۆیی.