زووم، سلێمانی:
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دەڵێت پشوودرێژییان کۆتاییهاتووە بەرامبەر تاکڕەویی حکومڕانی، جیاکاریی لە ئیدارەدان و دابەشکردنی داهاتی ئەم هەرێمە “هەربۆیە بڕیارمانداوە ستۆپ بە پاوانخوازیی بکەین و چیدیکە قبوڵی نەکەین دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوامبێت”.
سەرۆکی یەکێتی ئەمڕۆ چوارشەممە لەبەردەم کادر و ئەندامانی مەڵبەندەکانی سلێمانی و گەرمیاندا، گوتی “دەبێت رێڕەوی چەوتی حکومڕانی راستبکرێتەوە و حکومەت ببێتە حکومەتی هەموو خەڵک و شار و شارۆچکەکان”.
بافڵ تاڵەبانی: بڕیارمانداوە ستۆپ بە پاوانخوازیی بکەین و چیدیکە قبوڵی نەکەین دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوامبێت
بەمدواییە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ساردی تێکەوتووە، میدیای فەرمی یەکێتی ناوبەناو رەخنە لە شێوازی حکومڕانیی هەرێم دەگرێت و پارتی بە پیادەکردنی سیاسەتی “تاکڕەویی” تۆمەتباردەکات.
دوێنێش قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندیی یەکێتیی، دانی بەوەدا مەترسیی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان هەیە و گوتی، پێویستە هەنگاوی کرداریی بنرێت بۆ یەکخستنەوەی حکومەت.
قادر حەمەجان: پێویستە هەنگاوی کرداریی بنرێت بۆ یەکخستنەوەی حکومەت
هاوکات قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم لە پشکی یەکێتی، لە دوو کۆبوونەوەی رابردووی ئەنجومەنی وەزیراندا بەشداریی نەکردووە.
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا لە قەڵاچوالان، گوتی، یەکێتی لەهەموو ئەگەرەکاندا پەنای بۆ دیالۆگ و “چەپکە گوڵەکە” بردووە، بەڵام “بەداخەوە ئەم ویستە نیشتمانییە بەهەند وەرنەگیراوە”.
دۆسیەی کوشتنی هاوکار جاف، پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی بردە قۆناغێکی دیکەوە. ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بەرپرسانی دژەتیرۆری یەکێتی تۆمەتبارکرد بە کوشتنی هاوکار جاف، لەبەرامبەریشدا دژەتیرۆری یەکێتی “بە توندی” ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە.
لە سەروبەندی بەستنی کۆنگرەی 14ی پارتیشدا، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێم، هێرشی کردە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان و گوتی، دەبێت ستۆپیان پێبکرێت. لەبەرامبەریشدا مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا “بە توندی” وەڵامی سەرکردەکەی یەکێتییان دایەوە.