زووم:
رۆژی قودس کۆتا هەینیی مانگی رەمەزانە و تیایدا لە زۆرێک لە وڵاتانی موسڵمان خۆپیشاندان ئەنجامدەرێت و خۆپیشاندەران دژی ئیسرائیل دەوەستنەوە و هاوسۆزی بۆ گەلی فەڵەستین دەردەبڕن.
دیاریکردنی رۆژی قودس بۆ یەکەمین جار لەلایەن خومەینی، رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە پێشنیاز کراوە.
رۆژی حەوتی ئابی ساڵی ١٩٧٩، پێشنیازەکە لەلایەن دەسەڵاتی ئەوکاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پەسەندکرا و کۆتا هەینیی مانگی رەمەزانی هەموو ساڵێک وەک رۆژی قودس دیاریکرا.
خومەینی لەبارەی دیاریکردنی ئەو رۆژەوە گوتوویەتی “رۆژی قودس تەنها رۆژی فەڵەستین نییە، بەڵکو رۆژی ئیسلامە، رۆژی حکومەتی ئیسلامییە، رۆژێکە تیایدا دەبێت ئاڵای ئیسلام لە سەرجەم جیهان بەرز بکرێتەوە. رۆژێکە دەبێت بە زلهێزان بسەلمێنرێت چیتر ناتوانن لە دەوڵەتانی ئیسلامی پێشڕەوی بکەن. من رۆژی قودس بە رۆژی ئیسلام و رۆژی پەیامبەریی ئیسلام دەزانم”.
خەڵکی ئێران، هەموو ساڵێک لە رۆژی قودسدا پێش دەستپێکرنی نوێژی هەینی خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن، دروشمی دژ بە ئیسرائیل دەڵێنەوە و پشتیوانی خۆیان بۆ گەلی فەڵەستین دووپاتدەکەنەوە.
جگە لە ئێران، لە هەندێک لە وڵاتی دیکەی جیهان بە موسڵمان و ناموسڵمانەوە یادی رۆژی قودس دەکرێتەوە.
پێش دیاریکردنی رۆژی قودس لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، فەڵەستینیەکان لە ٢١ـی ئازاری هەموو ساڵێکدا یادی رۆژی کەرامەیان دەکردەوە، بەهۆی ئەوەی لەو رۆژەدا و لە ساڵی ١٩٦٨ هێزی رزگاریخوازی فەڵەستینی و سوپای ئوردن پێکەوە توانیان سوپای ئیسرائیل تێکبشکێنن و رێگری لە داگیرکارییەکانی بۆسەر خاکی فەڵەستین و ئوردن بکەن.
لە دوای دیاریکردنی رۆژی قودسەوە، فەڵەستینییەکان وازیان لە یادکردنەوەی رۆژی کەرامە هێنا و رۆژی قودس جێگەی ئەو یادەی گرتووەتەوە.
یادکردنەوەی ئەمساڵی رۆژی قودس، لەکاتێکدایە جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە و ئیسرائیل رێگری لە موسڵمانان دەکات نوێژی هەینی لە مزگەوتی بەیتلمەقدس ئەنجام بدەن.