زووم:
شەوی رابردوو ناکۆکی نێوان محەمەد حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان و عەبدوڵای حاجی مەحمود گەیشتە لوتکە.
عەبدوڵای حاجی مەحمود براکەى تۆمەتبارکرد بەوەى هێزى ناردووەتەسەر ماڵەکەى لە گوڵەخانە و ئەو کەسانەى لەنێو خانووەکەدا بوون بەرگرییان لەخۆیان کردووە و شەڕەتەقەى لێکەوتووەتەوە.
درەنگى شەوى رابردوو دەزگای ئاسایشی هەرێمى کوردستان لەبارەى رووداوەکانى گوڵەخانەوە راگەیەنراوێکى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێزەکانیان رەوانەی ناوچەکە کردووە بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە دەستیپێکردووە و بکوژەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش دەستگیرکراوە.
دەزگای ئاسایشی هەرێم راشیگەیاند، لە شەڕەکەدا کەسێک کوژراوە و چوار کەسی دیکەش برینداربوون.
بەگوێرەی زانیارییەکانی زووم، کوژراوەکە ناوی دابان عوسمانە، تەمەنى 27 ساڵە و لە دەستەى پاسەوانی محەمەد حاجی مەحمودی سەرۆکی حزبى سۆسیال دیموکرات بووە.
لەنێو بریندارەکانیش کوڕێکی عەبدوڵا حاجی مەحمودی جێگری پێشووی سەرۆکی حزبى سۆسیال دیموکراتی کوردستان هەیە.
لەبارەی ئاڵۆزییەکانی گوڵەخانەوە کچێکی عەبدوڵا حاجی مەحمود بە زوومی گووت ناکۆکییەکان پەیوەندی بە پەیڕە و پرۆگرامی حزبەوە هەبووە و سەرەڕای دەستبەرداربوونی باوکى لە پۆستە حزبیەکەی، شەوی رابردوو هێزێکی سەر بە محەمەد حاجی مەحمود هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان.
رووداوەکانی شەوی رابردووی گوڵەخانە پاش ئەوە هاتن دوێنێ حزبى سۆسیال دیموکراتی کوردستان کۆنگرەی خۆی بەست و هەیکەلی حزبەکە بەبێ عەبدوڵا حاجی مەحمود جێگری پێشووی حزبەکە رێکخستەوە و ناوبراو لە هەموو پۆستێکی ناو حزبەکە بێبەشکرا.
دوای کۆنگرەکەش عەبدوڵا حاجی مەحمود بە فەرمی جیابوونەوەی خۆی لە حزبەکە راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد بە شێوازێکی دیکە درێژە بە کاری سیاسی خۆی دەدات.