زووم:
خەڵکی پارێزگای سیستان و بەلوچستان لە باشووری ئێران شەوێکی دوور و درێژیان بەڕێکرد دوای ئەوەی چەکدارانی گرووپی جەیشولعەدی سونەکان لە سێ شاری پارێزگاکە هێرشیان کردەسەر پۆلیس و پاسداران.
هێرشەکە کاتژمێر 10ـی شەوی رابردووەوە دەستیپێکرد، لە شارەکانی راسک، سەرباز و چابەهار هێرشکرایەسەر چەند چەند بنکەیەکی پۆلیس و سوپای پاسداران و شەڕ و پێکدادانی قورس روویدا.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەند ڤیدیۆیەک بڵاوکرایەوە کە ساتی تەقینەوەی گەورە لەو بنکانە نیشان دەدەن، تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆش شەڕ و پێکدادان بەردەوام بوون.
میر ئەحمەدی، جێگری ئاسایشی وەزیری ناوخۆی ئێران رایگەیاند، چەکدارەکان سەرکەوتوو نەبوون لە کۆنتڕۆڵکردنی بارەگاکانی پۆلیس و سوپای پاسداران لە چابەهار و راسک و هێرشەکەیان لەسەدا سەد پووچەڵکراوەتەوە و دەشڵێت، سێ لە چەکدارەکان بەنیازبوون بچنە ناو بنکەی دەریایی پاسداران لە چابەهار، بەڵام سەرجەمیان کوژراون و دۆخەکە کۆنتڕۆڵکراوە.
میر ئەحمەدی راشیگەیاند، تائێستا پێنج ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بەهۆی هێرشەکەوە کوژراون و جەختیکردەوە کە ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەکە هەیە بەهۆی بوونی چەند بریندارێک.
بەرپرسانی پارێزگاکە دەڵێن هەشت چەکداری جەیشولعەدل کوژراون و چەند چەکدارێکی دیکەیان گەمارۆدراون.
هەرزوو گرووپی جەیشولعەدل بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند و لە راگەیەنراوێکدا داوای لە خەڵکی کرد لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و خۆیان لە ناوچەکانی شەڕ و پێکدادان بەدوور بگرن و دەشڵێت، چەندین ئەندامی هێزە ئەمنییەکانیان کوشتووە و دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنیدا گرتووە.
گرووپی جەیشولعەدل رێکخراوێکی چەکداریی دژبەری حکوومەتی ئێرانە کە لەلایەن حکوومەتی ئێران و چەند حکوومەتێکی رۆژئاوایی و لە نێویاندا ئەمریکا، وەک گرووپێکی تیرۆریستی ناسێنراون بەڵام ئەوان دەڵێن بۆ مافەکانی گەلی بەلوچ و سوننەکانی ئێران تێدەکۆشن.