زووم:
دوو ساڵ و نیوە تاڵیبان لە ئەفغانستان گەڕاوەتەوە دەسەڵات، کە هاتنەوەکە کۆمەڵێک گرفتی بەدوای خۆیدا هێناوە، یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکان، پرسی بژێوی و تەندروستییە، وڵاتەکە لەڕووی ئابوری و هەلومەرجی ژیانی رۆژانە لە رەوشێکی نالەباردایە، لەئێستادا بەدخۆراکی لەنێو منداڵانی ئەفغانی بڵاوبۆتەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ١٠٪ـی منداڵانی خوار تەمەن پێنج ساڵ کێشەی بەدخۆراکییان هەیە، هەروەها ٤٥٪ـی منداڵان بە گشتی کێشەی ئەوەیان هەیە باڵایان کورت دەردەچێت و ناگاتەوە بە باڵای هاوتەمەنەکانی خۆیان، هۆکارە سەرەکییەکەش کەمیی خۆراکە.
حەسینە کارمەندی تەندروستییە، دەڵێت: ئەوانەی کێشیان کەمە، دەنێردرێنە نەخۆشخانە گەورەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەری بەدخۆراکی.
فەریدە ژنێکە سێ منداڵی هەیە، یەکێک لە منداڵەکانی کێشەی هەوکردنی سییەکانی هەیە، نەخۆشیی منداڵەکانی و دوورەدەستیی شوێنی نیشتەجێبوونی، گرفتی گەورەیان بۆ دروستکردووە.
دابڕانی چەند ساڵەی خەڵکی ئەفغانستان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دابەزینی ئاستی ژیان، هاوڵاتییانی ئەو هەرێمەی ماندووکردووە. کەمیی خۆراک و بڵاوبونەوەی نەخۆشی، کاریگەریی نەرێنیی زۆریان خستۆتە سەر ژیانی خەڵکی ئەفغانی.