ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پەیەدە ئاشکرایکرد، ئەنجامدەری تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ سەر بە سوپای سوریای ئازادە، دەشڵێت دەوڵەتی تورکیا تەقینەوەکە بەکاردەهێنێت بۆئەوەی هێرش بکاتە سەر رۆژئاڤای کوردستان.
ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە)، لەبارەی تەقینەوەکەی شەقامی ئیستقلالی ناوچەی تەقسیمی ئەستەنبوڵ بۆ میدیاکانی نزیک لە پارتى کرێکارانى کوردستان قسەی کردووە و ئاماژەى بەوەداوە کە تەقینەوەکە لەلایەن هێزی شەڕی تایبەتی دەوڵەتی تورکیاوە ئەنجامدراوە
ئەنجامدەری تەقینەوەکەی ئەستەنبوڵ سەر بە سوپای سوریای ئازادە
موسلیم گوتیشی: “هێرشەکە تیرۆریستییە و هاوشێوەی هەموو لایەنەکان، ئێمەش ئیدانەى دەکەین، هێزەکانی رۆژئاڤا، هەسەدە، خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و پەیەدە هەر لە سەرەتاوە، تەقینەوەکەیان ئیدانە کرد و هیچ پەیوەندیەکییان بە رووداوەکەوە نییە”.
هاوسەرۆکی پەیەدە دەشڵێت، دەیانەوێت بەم تۆمەتانە هێرش بکەنە سەر رۆژئاڤای کوردستان و بە تایبەتی شاری کۆبانێ دەکەنە ئامانج، “لەبەرئەوەی داعش لە کۆبانێ تێکشکێندرا، دەیانەوێت تۆڵە لە شارەکە بکەنەوە” وەکو ساڵح موسلیم باسى کردووە.
دەیانەوێت بەم تۆمەتانە هێرش بکەنە سەر رۆژئاڤای کوردستان
سەبارەت بەو ژنەى کە دواى تەقینەوەکە، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانى تورکیاوە وێنەى بڵاوکرایەوە و وەکو ئەنجامدەرى هێرشەکە ناسێنرا و ئاماژە بەوەکرا کە لە لایەن یەپەگە و پەیەدەوە راهێنانى پێکراوە و رەوانەى تورکیا کراوە، ساڵح موسلیم لەوباریەوە دەڵێت: “بە هەموو شێوەیەک دیارە ئەو ژنەی کە دەستگیرکراوە پەیوندى بە هێزەکانی سوریای ئازادەوە هەیە، کورد نییە و وێنەى لەگەڵ گروپی سوڵتان مورادی سەر بە حکومەتی تورکیا هەیە”.
رۆژی یەکشەممە، 13ی تشرینى دووەمی 2022، نزیک کاتژمێر چوار و بیست خولەکی ئێوارە، قینەوەیەک لە شەقامی ئیستقلالی ناوچەی تەقسیمی ئەستەنبوڵ روویدا و لە ئەنجامدا شەش کەس کوژراون و 81ى دیکە برینداربوون.
دوابەدوای تەقینەوەکە، سلێمان سۆیلۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا، یەپەگە/ پەیەدەی بە ئەنجامدانی تەقینەوەکە تۆمەتبارکرد.
هێزە ئەمنییەکانی تورکیا، ژنێکی خەڵکی سوریایان بە ناوی “ئەحلام ئەلبەشیر” دەستگیرکرد و لە کامێراکانی چاودێرییەوە دەرکەوێت کە لەنێو جانتایەکدا تەقینەوەکەی لە شوێنێکی قەڵەباڵغدا جێگیر کردووە و هەڵهاتووە.
ئەحلام وێنەى لەگەڵ گروپی سوڵتان مورادی سەر بە حکومەتی تورکیا هەیە