زووم..
کەوکەب حەمزە، موزسیان و ئاوازدانەرى عێراقی ناسراوی بە رەگەز کورد، لە تەمەنى 80 ساڵیدا لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانى وڵاتى دانیمارک کۆچیدواییکرد.
ئەو موزسیان و ئاوازدانەرە ساڵی 1944 لە خیزانێکی کوردی فەیلی لە پارێزگای بابل لەدایکبووە. بەشی میوزیکی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغدادی تەواو کردووە.
لە حەفتاکانی سەدەی رابردوو وەک موزسیان و ئاوازدانەر لەسەر ئاستی عێراق ناسراوە.
ئەو هونەرمەندە لە 21ـی ئەیلوولی 1974 عێراقی جێهێشتووە، دواتر رووی لە چیکسلۆڤاکیای و یەکێتی سۆڤێتی ئەو سەردەمە کردووە، پاشان لە ئازەربایجان خوێندوویەتی و لە نێوان باشووری کوردستان، سووریا و ئەمریکا هاتوچۆی کردووە و دواجار لە 1989 لە دانیمارک نیشتەجێبووە.
کەوکەب حەمزە، ئاوازی بۆ ژمارەیەک هونەرمەندی عێراقی داناوە، لەوانە، سەعدوون جابر، حسێن نیعمە، ستار جەبار، فازڵ عەواد، کەریم مەنسوور و فوئاد سالم.
بۆ هونەرمەندانى دەرەوەى عیراق و جیهانى عەرەبیش، چەند ئاوازیکی بۆ هەریەک لە هەنەرمەندان ئەساڵە نەسری، هەنەرمەندی ناسراوى وڵاتى سوریا و عەبدوڵڵا روەیشد هونەرمەندی ناوداری وڵاتى کوەیت داناوە، جگە لە چەندین پارچە میوزیکی سینەمایی و پرۆگرام و زنجیرەی تەلەفزیۆنى بۆ عێراق و جیهانى عەرەبی.
بایۆگرافیایی هونەرمەند و موزسیان کەوکەب حەمزە
– ساڵی 1944 لە خیزانێکی کوردی فەیلی لە پارێزگای بابل لەدایکبووە
– ناوەڕاستى ساڵی 1974 عێراقی جێهێشتووە
– لە ساڵی 1989ـەوە لە وڵاتی دانیمارک نیشتەجێبووە
– ئاوازی بۆ ژمارەیەک هونەرمەندی عێراقی داناوە، لەوانە، سەعدوون جابر، حسێن نیعمە، ستار جەبار، فازڵ عەواد، کەریم مەنسوور و فوئاد سالم
– چەند ئاوازیکی بۆ هەریەک لە هونەرمەندانی جیهانى عەرەبی “ئەساڵە نەسری” و “عەبدوڵڵا روەیشد” داناوە
– شەوى رابردوو لە تەمەنى 80 ساڵیدا کۆچیدواییکرد