زووم:
عەبدولفەتاح سیسی لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا سوێندی یاسایی خوارد و بۆ سێیەم جار بووەوە بە سەرۆکی میسر.
سەرەتای ئەمساڵ پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ سەرۆکایەتیی میسر بەڕێوەچوو و سیسی بردیەوە، ئەمڕۆ سوێندی یاسایی خوارد و بۆ شەش ساڵی دیکە وەک سەرۆک دەمێنێتەوە.
سیسی ئەمڕۆ لە باڵەخانە تازەکەی پەرلەمانی میسر، کۆبوونەوەیەکی کورتی لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی دیکەی پەرلەمان ئەنجامدا، دواتر رێوڕەسمى سوێندخواردنەکەی بۆ رێکخرا.
دوای کودەتاکەی ساڵی 2013 بەسەر محەمەد مورسی، ساڵی 2014 عەبدولفەتاح سیسی بۆ یەکەمجار و بۆ ماوەی چوار ساڵ وەک سەرۆکی میسر هەڵبژێردرا.
دواتر دەستووری هەموارکردەوە و ماوەی سەرۆکایەتییەکەى بۆ شەش ساڵی دیکە درێژکرایەوە.
هەڵبژاردنی ئەمجارەی سەرۆکایەتیى میسر، لە 18ی مانگى کانوونی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوەچوو، عەبدولفەتاح سیسی 89.6%ـی دەنگەکانى بەدەستهێنا و بۆ شەش ساڵی دیکە وەک سەرۆکى ئەو وڵاتە هەڵبژێردرایەوە.
ماوە تازەکەى خولی سەرۆکایەتیى سیسی، بە فەرمی لە سبەینێ 3ـی نیسانەوە دەستپێدەکات.
ژمارەی دانیشتووانی میسر نزیکەی 106 ملیۆن کەسە، سێیەکى ئەو ژمارەیە لەژێر هێڵی هەژاری دەژین و رووبەڕووی قەیرانی ئابووریی بووەتەوە.
مانگی رابردوو بانکی ناوەندیی میسر نرخی سوودی بانکیی بەرزکردەوە، ئەوەش وایکرد جونەیهی میسری سێیەکى نرخەکەى بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکى لەدەست بدات.
هەروەها میسر رووبەڕووی دوو ململانێی سەختی سنوورى بووەتەوە، یەکێکیان جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە کەرتی غەزە و ترسی لە چوونی ئاوارە فەلەستینییەکان بەرەو سينا، ئەوەی دیکەیان جەنگی ناوخۆیی سودان، کە بەو هۆیەوە نزیکەى 9 ملیۆن ئاوارەى سودانى روویان کردووەتە میسر.