زووم:
تائێستا بەغداد پارەی بۆ مووچەی مانگی شوباتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان نەناردووە، پێدەچێت وەزیری دارایی عێراق رازی نەبووبێت بە ناردنی پارە، بەهۆی ئەوەی لیستی مووچەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان بە کۆدی وەزیفی نێردراوە.
پێشتر نەرمین مەعروف، ئەندامى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق بە زوومى گوتبوو، پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان لە برى لیستى ناو، کۆدى وەزیفییان نێردراوە بۆ بەغداد، بەڵام دواى تەواوبوونى وردبینى، مووچەکانیان دەنێردرێت.
زووم زانیوێتی، تەیف سامی دژی ئەوەیە پارە بۆ ئەو وەزارەت و شوێنانە بنێرێت لیستی مووچەکانیان بە کۆدی وەزیفی رۆیشتووە.
جەمال کۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق زانیارییەکانی زوومی پشتڕاست کردەوە، گوتی، وەزیری دارایی عێراق ئامادە نییە مووچەى پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان بە کۆدی وەزیفی بنێرێت.
بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، ئەندامە کوردەکانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دوو پێشنیازیان کردووە بۆ هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق.
جەمال کۆچەی لەوبارەیەوە گوتی، “پێشنیازمان کردووە حکومەتی هەرێم خۆى مووچەى پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان دابەشبکات و لیستى مووچە رادەستى بەغداد نەکات”، پێشنیازی دووەمیش، “داواکراوە وردبینى بۆ لیستى مووچەى پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لەڕێگەى ئەو کوردانەوە بکرێت، کە لە وەزارەتەکانى بەرگرى و ناوخۆ و وەزارەتى داریى عێراق پۆستیان هەیە”.
نەناردنی پارەی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان لەکاتێکدایە، کاروان یاروەیس، ئەندامى فراکسیۆنى یەکێتى لە پەرلەمانى عێراق بە زوومى گوت، محەمەد شیاع سودانى رەزامەندیى دەربڕیوە بە کۆدی وەزیفی مووچەکانیان بنێرێت و لەوبارەیەوە رێککەوتنی سەرەتایى لە نێوان هەرێم و بەغداد هەیە.
موعین کازمى، ئەندامى لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق، لەبارەى ناردنى مووچەى پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانەوە بە زوومى گوت، دابینکردنى مووچەکانیان بەندە بە ناردنى تەواوى داتا داراییەکانەوە بۆ حکومەتى فیدراڵ، چونکە بەگوتەی خۆی، “ئەو ژمارە و داتایانەى نێردراون، گوماناوین و بەڕێژەیەکى زۆر ژمارەى هێزەکانى پێشمەرگە زیاد کراون”.
بۆیە دووپاتیکردەوە، بەغداد بە مەرجێک مووچەى پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان خەرج دەکات، حکومەتى هەرێم داتا و زانیاریى راست و دروست لە بارەى ژمارەى هێزەکانى پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانەوە بنێرێت بۆ بەغداد.