زووم..
ماڵپەری ئەکسیۆس ئاشکرایکرد، ئەمریکا ئێرانی ئاگادارکردووەتەوە کە هیچ بەشدارییەکی لە هێرشەکەی دیمەشقدا نەبووە و پێشوەختەش ئاگادار نەکراوەتەوە.
ماڵپەڕەکە لە زاری گوتەبێژێک لە ئەنجومەنی ئاسایشیی نیشتمانیی ئەمریکاوە ئاشکرایکردووە، ئەمریکا پێشوەختە ئاگاداری بۆردومانەکە نەبووە، بەرپرسێکی دیکەش کە نەیوستووە ناوی ئاشکرابکرێت گوتوویەتی، واشنتن راستەوخۆ پەیامەکەی بۆ تاران ناردووە.
ماڵپەڕەکە لە زاری دوو بەرپرسی ئیسرائیل و ئەمریکییەوە رایگەیاند، ئیسرائیل چەند خوولەکێکی کەم و کاتێک فڕۆکە جەنگییەکانی لە ئاسمانی دیمەشق ئامادەی ئەنجامدانی کارەکە بوون، ئەمریکای لە هێرشەکە ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام داوای گڵۆپی سەوزی نەکردووە.
هاوکات سەرچاوەیەکی هەواڵگریی ئیسرائیلی بە ئاکسیۆسی گوتووە، مۆسادی ئیسرائیلی بە وردی چاودێری جموجوڵەکانی رەزا زاهیدی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی لە سوریا و لوبنان کردووە و لەم چەند رۆژەی دوایدا هەلێک دروستبووە بۆ بەئامانجگرتنی.