رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
22 ساڵە ئەردۆغان دۆڕانی وای بەخۆیەوە نەبینیوە
ئەنجومەنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى تورکیا سەرکەوتنى پارتى گەلى کۆماری (جەهەپە)ى راگەیاند و پارتی داد و گەشەپێدانی (ئاک پارتى) و ئەردۆغانیش بوونە پارتى دووەم، هەربۆیە ئەرۆدغان دانى بە شکستەکەدا نا و گوتى: بەشێک لە دەنگەکانمان لەدەستدا و بەخۆماندا دەچینەوە و لێپێچینەوە لە خۆمان دەکەین و شرۆڤەى ئەو پەیامەش دەکەین کە گەلەکەمان بۆى ناردین.
ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی جەهەپەش رایگەیاند، ئەنجامەکانى هەڵبژاردن پێمان دەڵێت تورکیا دامەزاندنى سیاسەتێکى تازەی دەوێت و دەنگدەران گوتیان پێویستە ئەو سیاسەتە بگۆڕێت کە 22 ساڵە وڵاتەکە بەڕێوە دەبات و دەبێت دەرگایەکى تازە لە تورکیا بکرێتەوە.
سەباح
بودجەى 2024ـی عێراق چاوەڕوانی واژۆی حکومەت و پەسەندکردنیەتی لە پەرلەمان
دواى تێپەڕبوونى چارەکى یەکەمى ساڵی 2024، دامەزراوە عێراقییەکان چاوەڕوانى واژۆی حکومەتن بۆ ئەوەى خشتەکانی بودجە بچێتە پەرلەمان و دەنگی لەسەربدرێت، ئەندامێکى لیژنەى داراییش دەڵێت، لە پەرلەمان 20 تا 40 رۆژى دەوێت تا پەرلەمانتاران بتوانن هەڵسەنگاندنى تەواوى بۆ بکەن و بڕیارى لە بارەوە بدەن.
جەمال کۆچەر، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق رایگەیاند، هێشتا بودجەى 2024 لەسەر مێزى حکومەتە و رەوانەى پەرلەمانى نەکردووە.
عەرەبی جەدید
هێشتا کاتى کشانەوەى ئەمریکا نەهاتووە لە عێراق
گەڕى چوارەمى گفتۆگۆکانى نێوان عێراق و ئەمریکا لەبارەى کشانەوەى هێزەکانیان لە عێراق لە سەرەتاى مانگی شوباتەوە دەستیپێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە، هەردوولا جەخت لەسەر رۆڵی هاوپەیمانان دەکەنەوە لە کۆتاییهێنان بە داعش و ئەو مەترسییەش هێشتا بەتەواوى کۆتایی نەهاتووە.
بەرپرسێکى باڵاى عێراق کە نەیویستووە ناوى ئاشکرا بکرێت بە رۆژنامەکەى راگەیاندووە، سەرەتاى هەفتەى داهاتوو لیژنەیەکی هاوبەشى نێوان هەردوو وڵات لە بەغداد بۆ هەمان مەبەست کۆدەبنەوە و شرۆڤەى ئەو نەخشەیە دەکەن کە داعش لەم قۆناغەدا پەیڕەوى دەکات و پلان بۆ رووبەڕووبوونەوەى دادەنێن، راشیگەیاندووە کە ئەمریکیەکان باوەڕیان وایە هێشتا داعش لە توانایدا ماوە زیندوو ببێتەوە، بۆیە لەو دانیشتنەى هەفتەى داهاتوودا باس لە تواناکانى رووبەڕووبوونەوەى داعش دەکرێت.
عەرەب
هێڵی سوور لە بەردەم ئیسرائیلدا نییە بۆ هێرشکردنەسەر سوپاى پاسداران
حسین ئەمیر عەبدوڵاهییان، وەزیری دەرەوى ئێران رایگەیاند، هێرشکردنە سەر کۆنسوڵخانە و فەرماندەکانی سوپای پاسداران لە دیمەشق پێشێلکاریی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانە و لە لایەکی دیکەشەوە چاودێرانى سیاسی باس لەوەدەکەن کە ئێران نایەوێت وەڵامی راستەوخۆی ئیسرائیل بداتەوە چونکە نایەوێت ئەو دەستکەوتانە لەدەست بدات کە لە سوریا بەدەستیهێناوە.
بەگوێرەى راپۆرتى رۆژنامەکە، محەمەد رەزا زاهیدی، فەرماندەی فەیلەقی سوپای پاسدارانەی ئێران لە سوریا و لوبنان و لە ساڵی 2010ـەوە ئەمریکا خستوویەتییە لیستى تیرۆرەوە و سەرجەم گەشت و ئاڵوگۆڕە بانکییەکانى سڕکردووە لە کاتێکدا کە ناوبراو لە لوبنان کاری کردووە و سەرکردایەتى فەیلەقى قودسی کردووە لەو وڵاتەدا.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
ئۆرشەلیم پۆست
کنێستی ئیسرائیلی یاسایەکی بۆ بێدەنگکردنی کەناڵی جەزیرە دەرکردووە
رۆژی دووشەممە پەرلەمانی ئیسرائیل کە بە کنێست ناسراوە یاسایەکی دەرکردووە، بۆئەوەی کەناڵی هەواڵیی جەزیرە، کە وڵاتی قەتەر خاوەندارێتیی دەکات لەنێو ئیسرائیلدا وەرنەگیردرێت.
بنیامین نەتانیاهۆی سەرەکوەزیران داوای لە ئۆفیر کاتزی سەرۆکی فراکسیۆنەکەى لە کنێستدا کردووە، ئەوان یاسایەک بۆ داخستنی ئەو کەناڵە پەسەند بکەن و حکومەتیش راستەوخۆ دەیخاتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەو کەناڵەی پێ بێدەنگ دەکات و لە ئیسرائیلدا کەس نەتوانێت گوێی لێبگرێت.
هیراڵد
پۆلیسى سکۆتلەندە تائێستا لەسەر یاسا نوێیەکەی تایبەت بە تاوانی رقلێبونەوە مەشقی پێ نەکراوە
هەرێمی سکۆتلەندە یاسایەکی نوێی دەرکردووە ، بەگوێرەى ئەم یاسایە رقلێبونەوە لە هەر کەسێک بەهۆی جیاوازبوونەوە بە تاوان لەقەڵەم دەدرێت.
ئەگەرچی یاساکەش دەرچووە و ئەمڕۆش دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام دامەزراوەی پۆلیس و ئەفسەرەکانیشی تائێستا زانیارییان چۆن کار بە ئەو یاسا نوێیە بکەن.
ئەنجومەنی باڵای دادگای تاوانەکانی هۆلیڕوود دەڵێت، 10 هەزار کارمەندی پۆلیسی سکۆتلەندە وانەیەکی خێرایان لەسەر چۆنیەتیی کارکردن بە یاساکە وەرگرتووە، بەڵام هێشتا شەش هەزار کەسیان ماون زانیارییان پێ بدرێت، چونکە پۆلیسی سکۆتلەندە 16 هەزار کارمەندی هەیە. بەڵام کاتی گونجاو ناڕەخسێت ئەوانی دیکەش راهێنانیان پێ بکرێت.
وۆڵ ستریت جۆرنەڵ
بەرپرسیارێتیی کوشتنی جەنەراڵە ئێرانییەکەی نێو دیمەشق لە ئەستۆی ئیسرائیلە
هەریەکە لە ئێران و سوریا دەڵێن ئەو هێڕشە موشەکییەی کرایە سەربینایەکی دیپلۆماسیی ئێرانی لەنێو دیمەشقی پایتەختی سوریادا، هێرشێکە، کە ئاماژەیە بۆ هەڵکشانی هێرشی دوژمنکارانەی دیکە.
کەناڵە فەرمییەکانی راگەیاندنی ئێران دەڵێن، ئەو هێرشەی رۆژی دووشەممە کرایە سەر بینای باڵوێزخانەکەیان فەرماندەیەکی سەربازیی ئێرانیی کوشتووە، کە پلەی جەنەراڵی هەیە، یەکێک بووە لە بەرپرسەکانی فەیلەقی قودس و سەر بە سوپای پاسداران.
ئەم سوپایە سەرپەرشتیی کارکردنی سەربازیی چەند میلیلیشیایەک دەکات، کە هەموویان لەناو سوپای پاسداراندا رێکخراون و لە دەرەوەی ئێڕان کاردەکەن.
واشنتن پۆست
ترەمپ پەلامارەکانی توندتر دەکاتەوە، ئەمجارە دادوەرەکان دەکات بە ئامانج
دۆنەڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، لە ئێستادا هەوڵی چڕدەدات بۆئەوەی سوکایەتی بە ئەو دادوەرانە بکات بەدواداچوون بۆ کەیسەکانی تاوانەکانی ئەو دەکەن و دەیخەنە بەردەستی دادگا مەدەنییەکان. ئەم هەوڵانەی ترامپ نیگەرانیی لەلای پسپۆرانی بواری دادوەریی ئەو وڵاتە دروستکردووە.
چاوەڕوان دەکرێت ترەمپ لەلایەن پارتی کۆمارییەکانەوە بپاڵێوورێت بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا، بۆیە وەک بەشێک لە هەڵمەتی فراوانی بانگەشەکردنی خۆی بۆ هەڵبژاردنەوەی، لە ئێستایەوە دەیەوێت ناکۆکییەکانی نێوانی خۆی و دادگاکان وەک چەکێک بۆ شەڕکردن لە دژی دادگاکان بەکاربهێنێت، لەبەرئەوەی دادگاکانیش واز لەو ناهێنن و زووزوو بانگی دەکەن بۆ لێپرسینەوە.
رۆژنامە فارسییەکان
تەجارەت
هێشتا بەکارهێنانی سووتەمەنی لە ئێران لە زیادبووندایە
کۆمپانیای نیشتمانیی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران رایگەیاند، لە رۆژانى نەورۆزدا تێکڕاى رۆژانە 127 ملیون لیتر بەنزین بەکارهێندراوە، بە بەراورد بە هەمان کات لە ساڵی رابردوودا بە رێژەی ٪22 زیادی کردووە.
بەرهەمی رۆژانەی بەنزین لە ئێران 115 ملیۆن لیترە. لە یەکەم رۆژی نەورۆزدا زیاتر لە 152 ملیۆن لیتر بەنزین لە ئێران بەکارهێندرا، کە ئەمەش ریکۆردێکی بێ وێنەیە لە مێژووی بەکارهێنانی بەنزینی لە وڵاتەکەدا.
ئارمان
لە نەورۆزدا گەشتیاری کەم روویان لە هۆتێلەکانى ئێران کرد
جەمشید هەمزەزادە، بەرپرسی کۆمەڵگەی هۆتێلدارەکانی ئێران دەڵێت، ئێمەی خاوەن هۆتێلەکان بەراورد بە ساڵی پێشوو بە رێژەی 20% کەمبوونەوەی گەشتیارمان هەیە، ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری جۆراوجۆر؛ لەوانەش هەڵاوسان، چونکە تێچوونەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە و ماڵەکان دەسەڵاتی گەشتکردنیان نییە، بۆیە ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی هۆتێلەکان زیانیان پێ بگات.
ئەو گوتى، ئەمە لە کاتێکدایە هۆتێلەکان هیچ زیادکردنێکی نرخیان نییە، بەراورد بە ساڵی پێشوو.
ئاسیا
ساڵى داهاتوو قەیرانە ئابووریەکان لە ئێران بەردەوام دەبن
بەردەوامبوونی سزاکان بەهۆی نەبوونی گۆڕانکاری لە سیاسەتی ناوخۆ و مشتومڕە نێودەوڵەتییەکان بۆ ساڵی داهاتوو چاوەڕێ دەکرێت، ئەمەش هۆکارە بۆ بەردەوامبوونى قەیرانە ئابوورییەکان.
بودجەی زنجیرەیی و نەبوونی وەبەرهێنان بەشێکن لە قەیرانەکان و نرخی خانووبەرە پێوەرێکە بۆ ناسەقامگیری ئابووریی گەورە، بەجۆرێک لە تاران تێکڕای نرخی مەترێک چوارگۆشە زیاتر لە هەزار دۆلار دەبێت و پێشبینی دەکرێت لە ماوەی ساڵێکدا بۆ زیاتر لە دووهێندە بەرزبێتەوە.
پێشرەو
ئاوی خواردنەوەی پاک دەگەیەندرێتە گوندەکانی سنە
بەڕێوەبەری ئاوی سنە رایگەیاند، ساڵی رابردوو 13هەزار کەس خەڵکی گوندەکان لە ئاوی خواردنەوەی پاک و بەردەوام لە پڕۆژەی دابینکردنی ئاوی ئەو پارێزگایە سوودمەند بوون.
محەمەد فەرهادی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پەیامنێران لە شاری سنە گوتی، پێش جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، 76٪ی دانیشتوانی گوندەکانی پارێزگاکە سوودمەند بوون لە ئاوی خواردنەوەی پاک و دوای تەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە، رێژەکە بۆ 80٪ زیادی کرد.
رۆژنامە تورکییەکان
حوڕییەت
لە خولى تازەی سەرۆکایەتى شارەوانییەکاندا نوێنەرى ژن زۆرە
لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکان لە باکوورى کوردستان و تورکیا، لە 11پارێزگا ژن بۆ سەرۆکشارەوانی هەڵبژێردراون. پێنج لەوانەش بۆ پۆستى گەورەشارەوانی هەڵبژێردراون. لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنەکەى 2019 تەنها چوار ژن بۆ پۆستى سەرۆکى شارەوانی هەڵبژێردرابوون، ئێستا رێژەکە نزیکەى سێ هێندە زیادیکردووە. جەهەپە شەش ژن، دەم پارتى چوار و ئاک پارتى یەک ژنى بۆ سەرۆکى شارەوانی هەڵبژێردراوە.
سۆزجو
پاش 47 ساڵ جەهەپە بووە پارتى یەکەمی تورکیا
لەپاش 47 ساڵ جەهەپە بۆ یەکەمجار توانی لە هەڵبژاردندا لەسەرتاسەرى تورکیا رێژەى 37.8%ـى دەنگەکان بەدەستبهێنێت و ببێتە براوەى هەڵبژاردن، ئۆزگور ئۆزال، سەرۆکى جەهەپە دەڵێت، لەماوەى بانگەشەى هەڵبژاردندا 106 کۆبوونەوەى جەماوەرى ئەنجامداوە و ئەوەشی راگەیاندووە، هیچ نییەتێکیان نییە هەڵبژاردنى پێشوەختە لە تورکیا ئەنجامبدەن، بگرە ئەو بڕیارە لەدەستى گەلى تورکیایە.
جمهورییەت
جەهەپە لە سێ گەورەشارەوانییەکە بردییەوە
ئەنجامى هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى تورکیا، جەهەپە لە سێ گەورەشارەوانییەکە رێژەى دەنگەکانى ژمارەى پێوانەیی شکاندووە. لە ئیستەنبوڵ 51.14%ـى دەنگەکانى بەدەستهێناوە و زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ لەپێشەوەیە. لە ئەنقەرە 60.38%ـى دەنگەکانى بەدەستهێناوە و نزیکەی 950 هەزار دەنگ لە پێشەوەیە. لە ئیزمیریش 48.96%ـى دەنگەکانى بەدەستهێناوە و نزیکەی 315 هەزار دەنگ لەپێش کاندیدەکەى ئاک پارتییەوە بووە.
تورکیا
لەهەڵبژاردنى شارەوانییەکان رێژەى بەشداربوو دابەزیوە
لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى 31ـى ئازار، تورکیا کەمترین رێژەى بەشداربووى هەڵبژاردنى تۆمارکردووە. لەم هەڵبژاردنەدا 13 ملیۆن و 600 هەزار کەس نەچوونەتەسەر سندوقى دەنگدان، رێژەى ئەوانەی بایکۆتى هەڵبژاردنیان کردووە و یان دەنگەکانیان پوچەڵ کراونەتەوە یەکسانە بە کۆى دەنگى 19 پارتی سیاسی. لەم هەڵبژاردنەدا دوو ملیۆن و دوو سەد هەزار دەنگ پوچەڵ کراونەتەوە.