زووم:
زووم، هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بڕیاری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێشکەشنەکردنی ناوی کاندیدەکانی بە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن بڵاودەکاتەوە.
رزگار حاجی حەمە لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە میدیایی فەرمی حزبەکەی راگەیاندووە، “یەکێتی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە لەو وادەیەی لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دیاریکراوە”.
بەگوتەی بەرپرسەکەی یەکێتی، حزبەکەیان هەموو ئامادەکارییەکی کردووە و بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردنەکان نییە، دەڵێت، “پێمان خۆشە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکە بەشداری بکەن”.
مستەفا عەبدوڵا، کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان باسی هەڵوێستی حزبەکەی بۆ زووم کرد، لەگەڵ ئەوەی ئامادەکاریی یەکگرتووی بۆ هەڵبژاردن دوپاتکردەوە، گوتی، “لەگەڵ ئەوەداین هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بەشێوەیەکی پاک و دوور لە دەستێوەردانی حزبی”.
بەرپرسەکەی یەکگرتوو ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنی خستە ئەستۆی پارتی، پێیوایە، دواخستنی هەڵبژاردن دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان زیاتر دەخاتە بۆشایی یاسایی و ئەمنییەوە.
کۆمەڵی دادگاری پێیوایە بەم دۆخەوە ئەستەمە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت.
محەمەد حەکیم، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، کە حزبەکەی لە کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم، ئۆپۆزسیۆن بوو، بە زوومی گوت، “پێمانوایە ئەستەمە هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت”.
بەرپرسەکەی کۆمەڵی دادگەری، هاوشێوەی یەکگرتووی ئیسلامی پێیوایە، “پارتی هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن دەدات”، هۆشداریی دا لەوەی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن هەرێمی کوردستان زیاتر لاواز دەکات.
سەفین مەلا قەرە، ئەندامی خانەی راپەراندنی بزوتنەوەی گۆران، کە یەکێکە لە لایەنە بەشدارەکانی کابینەی نۆیەم، لەبارەی بایکۆتی هەڵبژاردن لەلایەن پارتییەوە بە زوومی گوت، ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن دامودەزگاکانی هەرێم دەخاتە ژێر پرسیارەوە و زیان لە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدات.
بەرپرسەکەی گۆڕان پێیوایە، پارتی نایەوێت هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام بدرێت.
هەر لەبارەی ئەگەری دواخستنی هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستانەوە، جوڵانەوەی نەوەی نوێ راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، دژایەتیی خۆی بۆ دواخستنی هەڵبژاردن راگەیاند، دەڵێت، پارتی و یەکێتی لە هەوڵێکی لەو شێوەیەدان.
بەگوتەی نەوەی نوێ، زەرەرمەندی یەکەمی دواخستنی هەڵبژاردن دامەزراوە و پرۆسەی دیموکراسی و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبن، بۆیە دەڵێت، پارتی و یەکێتی بەرپرسن لە هەر دۆخێک رووبەڕووی هەرێم و خەڵکەکەی ببێتەوە.
پێشکەشنەکردنی لیستی کاندیدان لەلایەن پارتییەوە و نیگەرانیی لایەنەکان لەبارەی ئەگەری دواکەوتنی هەڵبژاردن لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ كونسوڵی فەرەنسا، باسی لە نیگەرانییەکانی حزبەکەی کرد و رایگەیاند، ماوەی دوو ساڵە پارتی هەموو هەوڵێكی داوە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، بەڵام رێگری لێکراوە.
بە گوتەی بارزانی، هەڵوێستی ئێستای پارتی لەبەر ئەوەیە، پیلانی دەستبەسەرداگرتنی ئیرادەی خەڵكی كوردستان سەرنەگرێت، دەڵێت، بە ئاشكرا پەنا بۆ دەستی دەرەكی و دادگای فیدراڵی برا بۆ ئەوەی كێشە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك دروست بكرێت.
وێڕای ئەو قسانە، بارزانی بە پێویستی دەزانێت هەموو كەموكوڕییە تەكنیكی و پێشێلكارییە دەستووری و یاساییەکانی هەڵبژاردن چارەسەربكرێن و داوایکرد كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكار بێت بۆ چاودێری و گەرەنتیكردنی هەڵبژاردنێكی ئازاد و راستەقینە.