زووم…
شەپۆلەکانی گەرما لەسەر ئەو ناوچانەدا زیاتر دەمێننەوە کە رووی تێدەکەن، ئەمەش مەترسییەکانی زیاتر دەکات، توێژینەوەیەکی تازە سەلماندوویەتی، هۆکاری ئەم دیاردەیەش ئەو گۆڕانکارییە بەرچاوانەیە کە لە کەشوهەوادا روویانداوە.
بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، وی جانگ، نووسەرى ئەو توێژینەوەیەیە کە لە گۆڤاری ساینس ئەدڤانسیس بڵاوکراوەتەوە و روونیکردووەتەوە، شەپۆلەکانی گەرما هاوشێوەی دیاردە کەشوهەواکانی دیکە ناجوڵێت، بۆ نمونە گەردەلول و زریانەکان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لە دەیەکانی رابردوودا تێبینیکراوە شەپۆلەکانی گەرما دەتوانن بۆ ماوەیەکی درێژتر لە ناوچەیەکدا بمێننەوە کە رووی تێدەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەى چەندین شوێنەواری خراپ لەسەر ئەو ناوچانە جێبهێڵێت کە خەڵکى تێدا نیشتەجێن.
توێژینەوەکە شیکارییەکی لە سەرانسەری جیهاندا بۆ شەپۆلەکانی گەرما ئەنجامداوە، ماوەى نێوان ساڵانى 1979 تاکو 2020یان بە نمونە وەرگرتووە، بۆ ئەو شیکردنەوەیش پشتیان بە رادار و مانگە دەستکردەکان بۆ چاودێریی کەشوهەوا بەستووە.
بەگوێرەی توێژینەوەکە، خێرایی شەپۆلی گەرما لە هەر 10 ساڵێکدا، نزیکەی هەشت کیلۆمەتر لە رۆژێکدا کەمبووەتەوە.
لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی رابردوەوە، تاکو کۆتایی ئەو ماوەیەی کە توێژینەوەکەی تێداکراوە، تێکڕای ماوەی شەپۆلەکانی گەرما لە نزیکەی هەشت رۆژەوە بۆ 12 رۆژ زیادیکردووە، هەروەها شەپۆلەکانی گەرما بەراوورد بە رابردوو، دورتریش دەڕۆن.
توێژینەوەکە ئاماژەی بۆ دوو سیناریۆی دیاردەى گۆڕانی کەشوهەوا کردووە، یەکێکیان دەردانی غازە گەرمەکانە و ئەوى دیکەیان هۆکارەکانى دەرەوەى دەردانى ئەو غازانەیە، دواتر هۆکارەکانی بەراورد کردووە بە جموجۆڵی راستەقینەی ئێستای شەپۆلەکانی گەرما.
وی جانگ کە لە زانکۆی ویلایەتی یوتا مامۆستایە دەڵێت، بۆ ئێمە ئاشکرایە کە هۆکاری گەورەى پشت ئەو گۆڕانکارییەی کەشوهەوا، دەردانى غازە گەرمەکانە کە مرۆڤ بەشێوەیەکی سەرەکى دەستی تێدایە.
ئەو توێژەرە نیگەرانى و مەترسیی دەردەبڕێت، بەتایبەت ئەو شارانەی کە ئەم شەپۆلانەى گەرما روویان تێدەکات و هەندێکجار پانتایی سەوزایی و هۆکارەکانى فێنککەرەوەیان تێدا بەردەست نییە.
توێژینەوەکە دەگاتە ئەو ئەنجامەى شەپۆلەکانی گەرما دوورتر دەڕۆن و بە هێواشی دەجوڵێن، لە داهاتوودا لێکەوتە و شوێنەواری خراپ و وێرانکاریی زیاتری بۆ سروشت و کۆمەڵگا دەبێت، بەتایبەت ئەگەر دەردانى غازە گەرمەکان زیاتربن