زووم:
لە میدیا فەرمییەکانی ئێراندا وێنەی گەنجێکی ملیاردێر بڵاوبووەتەوە، کە بە فرۆشتنی شیری کەر دەوڵەمەند بووە.
بە چوونە نێو ماڵپەڕەکانی شتفرۆشتن بە ئۆنلاین، تووشی چەندین ریکلام دەبیت، هەر یەکەیان مەرجی جیاوازیان هەیە، بۆ نموونە لە یەکێک لە رێکلامەکاندا فرۆشیار گرەنتی ئەوەی داوە شیری کەرەکە بە ئامادەبوونی کڕیارەکە دەدۆشرێت.
بەگوێرەی ماڵپەڕی خەبەر ئۆنلاینی فارسی، بەشێوەیەکی گشتی لە ریکلامەکانی ئینتەرنێتیدا، شیری کەر بە نرخی نزیکەی ٢٠ دۆلار بۆ هەر کیلۆیەک دەفرۆشرێت.
کیانووش جەهانپوور، گوتەبێژی رێکخراوی خۆراک و دەرمان لە ئێران هۆشداری دەداتە خەڵک لە مەترسییەکانی خواردنی شیری کەر بەبێ مۆڵەت و دەڵێت، شیری کەر پڕۆسەی پاستوریزەکردنی قورسترە لە شیری مانگا، ئەگەر شیری کەر بە شێوەیەکی ناخاوێن بخورێتەوە، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییە باوەکانی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ زیاددەکات.
لەبارەی چەند ریکلامێکی تایبەت بە سوودەکانی شیری کەر، جەهانپور دەڵێت، بەشێک لە سوودەکانی شیری کەر زیادەڕەوی تێدا کراوە، ئەگەرچی ئەنتیبایۆتیکی زۆرە، هەروەها شیری کەر زۆر نزیکە لە شیری دایک، سوودەکانیشی زۆره.
شیری کەر لە رابردوودا زیاتر وەک دەرمان بەکارهاتووە و خواردنی هەمیشەیی نەبووە، هەروەها لە کۆندا حەکیمەکان شیری کەریان بۆ چارەسەری نەخۆشییە درمیەکان پێشنیاز کردووە.
چەند رۆژێک لەمەوبەر، جاوید لامعی، جێگری رێکخراوی ڤێتێرنەری لەبارەی بەرهەمهێنانی شیری کەر دەڵێت، بەرهەمهێنەرانی شیری کەر دەتوانن بە سەرپەرشتیی رێکخراوی ڤێتێرنەری بەرهەمەکەیان بفرۆشن.