زووم؛
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقولەئەوسەت:
تورکیا تاوتوێی دۆسیەى سوریا و کورد لەگەڵ ئەمریکا دەکات
یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا و شاندێکی ئەمریکا تاوتوێی دۆسیەی سوریا و ئەو پاڵپشتییە دەکەین ئەمریکا پێشکەش بە “یەکینەکانی پاراستنی گەل”ی دەکات، کە گەورەترین پێکهاتەکانی “هێزەکانی سوریای دیموکرات”ن لە سوریا.
زەکى ئۆکتۆر، راوێژکاری پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانووسیدا رایگەیاند، رۆژی هەینی شاندێک کە پێکهاتووە لە چوار ئەندامی لیژنەی هێزە چەکدارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، دەگەنە ئەنقەرەی پایتەختى تورکیا و گفتوگۆ لەگەڵ یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا دەکەن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، “کۆبوونەوەکە تیشک دەخاتە سەر چەند دۆسیەیەک، گرنگترینیان “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر” و پاڵپشتی ئەمریکا بۆ یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد، کە باڵێکى پارتی کرێکارانی کوردستانە، لەگەڵ چەند دۆسیەیەکى دیکە لە سوریا.
قودسی عەرەبی:
دادگای نێودەوڵەتى فرمان بە ئیسرائیل دەکات هاوکارییەکان بگەیەنرێتە کەرتى غەزە
دادگای دادى نێودەڵەتى بڕیارێکى لە بەرژەوەندیى کەرتى غەزە لە فەلەستین دەرکرد، بە جۆرێک ئیسرائیل ناچار دەکات رێگری لە گەیشتنى هاوکارییە مرۆییەکان نەگرێت و نەبێتە گرفت بۆ گەیاندنى یارمەتییەکان بە غەزە.
دادگاکە ئاماژەى بەوەکردووە فەڵەستینییەکانى کەرتى غەزە دووچاری ژیان و گوزەرانێکى سەخت و ئاڵۆز بوونەتەوە.
لە روونکردنەوەى بەر لە دەرکردنى بڕیارەکەى دادگاکەشدا هاتووە، دانیشتووانى کەرتى غەزە تەنها رووبەڕووى مەترسیی برسێتى نەبوونەتەوە، بەڵکو لە برسێتیدا دەژین.
جەریدە:
ئیسماعیل هەنیە داوای لە خامنەیی کردووە فشار لە هاوپەیمانەکانی بکات بۆ ئاگربەستی غەزە
سەرچاوەیەک لە نووسینگەى رێبەرى باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران عەلی خامنەیی، ئاشکرای کردووە، ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکى مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەى حەماس، لە میانى دیدارێکیدا لەگەڵ خامنەیی، داوای کردووە ئێران فشار لەسەر لایەنە فەڵەستینییەکان دروستبکات بۆ قبووڵکردنى ئەنجامەکانى دانوستانى ئاگربەستی غەزە، کە رۆژانى رابردوو بزووتنەوەى حەماس لەگەڵ ئیسرائیل، لە دەوحەى پایتەختى قەتەر ئەنجامیان دابوو سەبارەت بە ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتە و دەستبەسەرەکانى نێوانیان.
عەرەب:
پەنابەرانى سودان لە میسر رووبەڕووى بارودۆخێکی سەختى مرۆیی و ناددپەروەریی دەبنەوە
رێکخراوەکانى مافی مرۆڤی نێودەوڵەتى و سودان، رایدەگەیەنن پەنابەرە سودانییەکان لە میسر رووبەڕووى مەترسییەکى سەختى مرۆیی و نادادپەروەری دەبنەوە.
27 رێکخراوی نێودەوڵەتى و ناوخۆیی سودان، لە راگەیەنراوێکدا نووسیویانە، دوای بڕیاری 3326 ئابی ساڵی رابردوەوە، دەسەڵاتدارانى میسر دەستیانداوەتە گرتن و بەزۆرناردنەوەى پەنابەرە سودانییەکان و دادگایکردنی نادادپەروەرانەیان.
دوای بەرپابوونی جەنگی نێوان هەردوو هێزەکەى سودان، سوپای گشتى و بەرپەچدانەوەى خێرا، هەزاران سودانى لە ترسی گیانى خۆیان روویان لە وڵاتانى دراوسێ و جیهان کردووە، بەتایبەت میسر.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
گەڵف نیوز:
دوبەی بەکارهێنانی قاپ و دەبە سەفەرییە پلاستیکییەکان قەدەغەدەکات
دوبەی لە یەکەم رۆژی مانگی حوزەیرانی داهاتووەوە بەکارهێنانی هەموو ئەو قاپ و بوتڵ و دەبانە قەدەغە دەکات، کە پلاستیکن و تەنها بۆ یەک جار بەکاردێن. ئەم یاسایە لە هەموو فرۆشگە و دوکانەکاندا کاری پێدەکرێت، لە رۆژی دەرچوونی بڕیارەکەوە دوکانە تاکفرۆشەکانیش ناتوانن بۆ فەرزکردنی گەڕاندنەوەی دەبەی پلاستیکی، بیست و پێنج فلسی بارمتەکە لە خەڵک وەربگرن. هەرکەس یاسای بەکارهێنانەکەی پێشێل بکات، بۆ یەکەمجار دووسەد دیناری ئیماراتی پێبژاردنی لێ وەردەگیردرێت، بوو بە دووجار، پێبژاردنەکەی دەبێت بە دووهەزار دینار. شارەوانیی دوبەی، کە ئەم یاسایەی دەرکردووە، هەندێک رێنماییشی بۆ خەڵک بڵاوکردووەتەوە، کە بتوانن بەئاسانی کار بەم رێنماییە تازەیە بکەن.
فاینانشڵ تایمز:
گەشەکردنی ژیریی دەستکرد بازاڕی پشکە جیهانییەکان بەرزدەکاتەوە
بازاڕی پشکە جیهانییەکان ئەم وەرزەی چارەکی یەکەمی ئەمساڵی وەک باشترین وەرزی ناو پێنج ساڵی رابردوو تۆمارکرد، ئەم تۆمارە تازەیە ئومێدی ئەوە زیاد دەکات بوونی پشکی ژیریی دەستکرد ئاسانکاری بکات بۆ ئەوەی ئابووریی ئەمریکا دابەزین تۆمار نەکات.
پشکەکانی ژیریی دەستکرد لەسەر پێوەری (ئێم ئێش سی ئای) لەم وەرزەدا رێژەی لەسەدا حەوت پۆینت حەوتی تۆمار کردووە، ئەم رێژەیەش بەرزترین رێژەیە لە پاش ساڵی ٢٠١٩ـەوە تۆمار بکرێت.
گاردیەن:
برسێتی بڵاوبووەتەوە و دادگای نەتەوەیەکگرتووەکانیش داوا لە ئیسرائیل دەکات دەرگا بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان بە غەزە بکاتەوە
دادگای دادبینیی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان داوای لە ئیسرائیل کرد، دەرگا بۆ گەیاندنی یارمەتییەکان بۆ کەرتی غەزە بکاتەوە و هیچ لەمپەرێکی بۆ دروست نەکات، چونکە زۆرینەی دانیشتووانەکەی ئەوێ کەوتوونەتە بەر هەڕەشەی راستەقینەی بڵاوبوونەوەی برسێتی. ئەم داوایەی ئەم دادگایە وەک رەتکردنەوەیەکی ئەو بانگەشەیەی ئیسرائیلە، کە دەڵێت رێگەی لە گەیاندنی یارمەتییەکان دانەخستووە.
لەنێو دادگای باڵای نەتەوەیەکگرتووەکاندا مێزگردێک بۆ دادوەرە باڵاکان ئەنجامدرا، سەیری ئەو داوایەی باشوری ئەفریقایان کرد، کە دەڵێت ئیسرائیل لەناو فەڵەستیندا تاوانی کۆمەڵکوژی ئەنجام داوە، هەر ئەم دادگایە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا بڕیارێکیان بۆ ئیسرائیل دەرکرد، کە نابێت رێگە لە گەیاندنی کۆمەک و یارمەتییەکان دابخات، هەمان ئەم دادوەرانە ئێستا بانگەواز دەکەن و دەڵێن وا برسێتی بڵاودەبێتەوە.
دەیلی تەلەگراف:
لە دوای 100 ساڵ سوپای بەریتانیا رێگە بە سەربازەکانی دەدات ریش بهێڵنەوە
لە ئەمڕۆوە ئەو سیاسەتە تازەیە دەخرێتە بواری کارپێکردنەوە، بۆیە ئەو سەربازانەی بە بۆنەی ئاهەنگی جەژنی لێبوردەییەوە دەگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان، دەتوانن ریش بهێڵنەوە.
١٠٠ ساڵ دوای قەدەغەکردنی، ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار سوپای بەریتانیا رێگە بە سەربازەکانی دەدات ریش بهێڵنەوە، پادشای وڵات، کە باڵاترین دەستەڵاتی سەربازییە، دوێنێ پێنجشەممە، فەرمانێکی واژۆ کردووە رێگە دەدات سەرباز و ئەفسەرەکانی سوپا ریش بهێڵنەوە، هەر لەمڕۆشەوە یاساکە دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بەڵام ریشهێشتنەوەکە بۆ ئەو کاتانە رێگەی پێدەدرێت سەربازەکان لە مۆڵەتدا بن، نەوەک کاتی کارکردنی فەرمی.
سێر پاتریک ساندەرز، سەرکردەیەکی سوپای ئەو وڵاتەیە دەڵێت راپرسییەکیان لەنێو سوپادا ئەنجامداوە، لەوانەیە بەگوێرەی ئەو راپرسییە هەندێک سیاسەتی سیما و دیمەنی سەربازەکان گۆڕانکارییان تێدابکرێت.
رۆژنامە تورکییەکان
حوڕییەت:
دوورگەکانى یۆنان بۆ گەشتیار ئامادەن
چاوەڕوان دەکرێت لە جەژندا زۆربەى گەشتیارانى تورکیا روو لە دوورگەکانى یۆنان بکەن. وابڕیارە لە مانگى نیساندا پێدانى ڤیزە بۆ گەشتیاران دەستپێبکات، بە رێگەى وشکانى بۆ هەرگەشتیارێک 60 یۆرۆ وەردەگیرێت، بە رێگەى دەریایی 40 بۆ 80 یۆرۆ لە گەشتیار وەردەگیرێت. نرخى مانەوەى شەوێک لە ئوتێلێکى چوار ئەستێرەیی، کە نانى بەیانى هەبێت، تێچووەکەى لەنێوان 50 بۆ 70 یۆرۆدایە، لە 10 دوورگەى یۆنان، حەوتیان بۆ ئەم جەژنە چاوەڕێی گەشتیارى تورکی دەکات.
سۆزجو:
ئیمامئۆغڵو: هاوپارتەکانم بۆیان نییە بێنە بەردەم دەرگاى شارەوانییەکەم
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکى گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ و کاندیدى جەهەپە بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکان، لە کۆبونەوەیەکى جەماوەریدا گوتى، تورکیا بەدەست جیاکاریى پارتچێتى و حیزبایەتییەوە زۆرى چەشتووە، ئەو شوێنەى ئەو کارى تێدا دەکات هیچ لە کەسوکار و هاوپارتەکانی بۆیان نییە بۆ کاری تایبەتیى خۆیان، بچنە بەر دەرگاکەی.
جمهورییەت:
ئاک پارتى خیانەتى لە مێژووى ئیستەنبوڵ کردووە
لە پێش ساڵى 2019، کاتێک گەورەشارەوانیی ئیستەنبوڵ بەدەست ئاک پارتییەوە بووە، یەکێک لە شوێنە مێژووییەکانى ئیستەنبوڵیان بە قەتەرییەکان فرۆشتووە، ویستویانە بیکەنە پڕۆژەى بیناسازی و ڤێلای گرانبەها، ئەو شوێنە دەکەوێتە ناوچەى سلێمانییەوە لە ئیستەنبوڵ، شوێنێکى مێژووییە و کەلەپووری شارەکەیە.
تورکیا:
تورکیا سێ دۆسیە لەگەڵ ئەمریکا تاوتوێ دەکات
یەشار گولەر، وەزیرى بەرگریی تورکیا رایگەیاند، ئەمڕۆ شاندێکى ئەمریکی لە ئەنقەرە لەگەڵ وەزارەتەکەیان کۆدەبنەوە و سێ دۆسیەى گرنگ تاوتوێ دەکەن، ئەوانیش دۆسیەى راگرتنى هاوکارییەکانى ئەمریکا بۆ یەپەگە، پێدانى فڕۆکەى ئێف 16 بە تورکیا، هەروەها دۆسیەى ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆنى سەربازییە لەلایەن تورکیاوە بۆ سەر هەرێمى کوردستان.