زووم..
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەو پەرلەمانتارانەی خانەنشین کردووە، کە لەماوە درێژکراوەکەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان سوێندی یاساییان خواردووە، لەکاتێکدا بەگوێرەی بڕیارێکی دادگای فیدراڵی، نەدەبوو خانەنشین بکرێن.
تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان رۆژی ٦ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ کۆتایی دەهات، بەڵام پێش تەواوبوونی ماوەکەی، رۆژی ٩ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢، پەرلەمانی کوردستان یاسایەکی تایبەتی بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمان دەرکرد، بەڵام دواتر، رۆژی ٣٠ـی ئایاری ٢٠٢٣ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە نادەستووریبوونی بڕیاری درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان.
بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، سەرجەم ئەو بڕیارانەی پەرلەمانی کوردستان لەماوە درێژکراوەکەی خولی پێنجەم دەریکردوون، بە پووچەڵ هەژماردەکرێن.
لەماوەی درێژکردنەوەی تەمەنیدا، پەرلەمانی کوردستان حەوت یاسای دەرکرد، هەروەها بڕیاری ژمارە 10ـی دەرکرد تایبەت بە کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان، ئەمە جگە لە سوێندخواردنی پێنج پەرلەمانتاری تازە لەشوێنی پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکان.
ئەوکات ئینستیتیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەکرد، دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، حەوت یاسا، بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن و هەروەها سوێندخواردنی ئەندامانی تازە و ئیمتیازاتی پەرلەمانتاران هەڵدەوەشێنەوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی پەی، لە دوای تەواوبوونی تەمەنی پەرلەمان لە ٦ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ تاوەکو ٣٠ـی ئایاری ٢٠٢٣، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و پەرلەمانتاران، شەش مووچەیان بە نایاسایی وەرگرتووە، دەبوو بیگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی گشتی.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە مووچەی پەرلەمانتاران کراوە، کە ٨ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دینارە، ئەو ئەندامانەی تەمەنیان لە سەروو ٤٥ ساڵ بووە و گەیشتبوونە تەمەنی یاسایی خانەنشینی، ٥١ ئەندام بوون، پەی گریمانەی ئەوەی دانابوو ئەگەر هەموو ئەو ئەندامانە مەرجی خزمەتیشیان تەواو بووبێت، ئەوا مووچەی هەریەکێکیان ٤ ملیۆن و ١٠٠ هەزار دینارە، کەواتە بۆ ئەو شەش مانگەی بە نایاسایی مووچەیان وەرگرتووە، دەبوو یەک ملیار و ٢٥٤ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار دینار بگەڕێننەوە، ئەوانەش کە نەگەیشتبوونە تەمەنی خانەنشینی، دەبوو یەک ملیار و ٨٢٢ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار دینار بۆ شەش مانگەکە بگەڕێننەوە.
تایبەت بەو پێنج پەرلەمانتارەی لەماوەی درێژکراوەی خولی پێنجەم سوێندی یاساییان خوارد، پەی رایگەیاندبوو، بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، هیچ ئیمتیازاتێکی پەرلەمانی نایانگرێتەوە و کۆی ئەو پارەیەی دەبێت بیگەڕێننەوە بۆ حکومەت، ١٠٢ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینارە.
سەرباری ئەوەی سوێندخواردنی ئەو پەرلەمانتارانە، نادەستوورییە، بەوپێیەی دوای وادەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان سوێندی یاساییان خواردووە، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی زووم، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری خانەنشینکردنی ئەو پێنج پەرلەمانتارەی داوە.