رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقلئەوسەت
لە هێرشکردنە سەر گارەدا حەشدى شەعبی هاوکاری تورکیا دەکات
نورى مالیکی، سەرۆکوەزیرانى پێشوو و کەسایەتى دیاری شیعەکانى عێراق لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، روبەڕووبوونەوەى پەکەکە پێویستە، چونکە بوونەتە بار بەسەر ناوچەى شەنگالەوە، شێوازەکەى ئاشکرا نەکردووە.
لە لایەکى تریشەوە بەشداریکردنى فالح فەیاز، سەرۆکی حەشدى شەعبی لە دانوستانى نێوان عێراق و تورکیادا ماناى هەڵکردنى گڵۆپى سەوزى ئێرانییەکانە بۆ بەشداریکردنى ئەو گرووپە چەکدارییە لە هێرشە چاوەڕوانکراوەکەى تورکیا بۆ سەر پارتى کرێکارانى کوردستان کە چاوەڕێدەکرێت هاوینى ئەمساڵ ئەنجامی بدات.
سەباح
ئێران دوو بەنداوی گەورە لە عێراق دروستدەکات
لە راگەیەنراوێکى فەرمیدا سەرۆکایەتى کۆماری عێراق رایگەیاند، لە میانى پێشوازیکردنى لەتیف رەشیدی سەرۆککۆمار لە محەمەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق، باس لە سوودوەرگرتن لە شارەزایانى ئێرانى کراوە بۆ دروستکردنى دوو بەنداوى گەورە لە وڵاتەکەدا، ئەوەش دەبێتە هۆی قوڵبوونەوەى زیاترى پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەکانى نێوان هەردوو وڵات.
بە گوێرەى راگەیەنراوەکە، ئال سادق رایگەیاندووە ئێران لە هەموو قۆناغێکدا پشتیوانى لە عێراق کردووە و خوازیاری ئارامی و ئاسایشى عێراقە لە هەموو روویەکەوە و دەیەوێت پەیوەندییەکانى لەگەڵیدا فراوانتر بکات و جەختى کردوەتەوە بەزووترین کات تیمێکى شارەزا رەوانە دەکەن بۆ پشکینینى ئاوى سەرزەوى و ژێر زەوی و چۆنیەتى دروستکردنى ئەو دوو بەنداوە.
دەستوور
سەرۆکی دادگاى فیدراڵی: هەڵبژاردن و ناردنى موچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان کارى لەپێشینەمانە
جاسم محەمەد عەبود، سەرۆکی دادگاى فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، دادگاکەیان بە یەک چاو سەیری هەموو لایەنە عێراقییەکان دەکات و بە یەک ئەندازەش لە هەموویانەوە نزیکە، ئامانجى سەرەکیشى جێبەجێکردنى دەستوورە، جەختیشیکردەوە ئەنجامدانى هەڵبژاردن لەکاتى خۆیدا و دابینکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان کاری لەپێشینەى ئەوانە و گوتیشى، دادگا هەرچى لە توانادا بێت ئەنجامی دەدات بۆ ئەوەى مافە دەستوورییەکان بۆ هەمووان دەستەبەربێت.
عەرەبی جەدید
لیژنەى تایبەتى نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق کارەکانى نیوەناچڵ دەکات
دواى حەوت ساڵ لە کارکردنى بەردەوام، لیژنەى تایبەتى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە کارەکانى داعش لە عێراق ناسراو بە یونیتاد، خەریکە وادە یاساییەکەى کۆتایی دێت و تا ئێستاش وێڕای ئەرشیفکردنى ملیۆنەها بەڵگەى جۆراوجۆر، کارەکانیان تەواونەکردووە، عێراق لیژنەکە تۆمەتباردەکات بە فیڕۆدانى کات و پارەى بەردەستیان و ئەوانیش دەڵێن بەرپرسانى عێراقى هاوکاریی پێویستیان ناکەن.
کریستیان ریتچەر، سەرۆکی لیژنەى رەوانەکراوى نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوەى لە کارەکانى داعش لە عێراق رایگەیاندووە، مانگی ئەیلولی ئەمساڵ کۆتایی بە وادەى یاسایی لیژنەکەیان دێت و هێشتا کارى زۆریشیان ماوە و پێویستیان بەکاتى زیاترهەیە و بە کۆتایی هاتنى وادەى یاسایی لیژنەکەیان زیانى دەبێت بۆ هەموو ئەوکەسانەى بوونەتە قوربانى دەستى توندوتیژییەکانى رێکخراوى داعش.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
گاردیەن
لەپاش بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ئاگربەست لە غەزە، ئیسرائیل تەنیا کەوت
پاش ئەوەی ئەمریکا وازی لە مافی ڤیتۆی خۆی بۆ دژایەتیکردنی پڕۆژەبڕیارەکە، دوێنێ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان دەنگی لەسەر سەپاندنی ئاگربەستێکی بەپەلە دا کە لە کەرتی غەزەدا کاری پێ بکرێت. لەوکاتەوە، کە شەڕی نێوانی حەماس و ئیسرائیل دەستیپێکردووە، ئەمە یەکەمجارە کە ئیسرائیل لە جیهاندا تەنیا بکەوێتەوە، ئەمجارە ئەمریکا بێدەنگی هەڵبژارد، بەڵام چواردە ئەندامەکەی دیکە دەنگی بەڵێییان بە ئەو پڕۆژەبڕیاری ئاگربەست دا کە لەلایەن 10 ئەندامی ناهەمیشەییەوە پێشکەشکرابوو.
دەیلی تەلەگراف
ئەمریکا و بەریتانیا پلانێکی جیهانیی چین ئاشکرا دەکەن بەوەی دەیەوێت پەرلەمانتار و خەڵکانی مەدەنی ئەو دوو وڵاتە هاک بکات
هەریەکە لە وڵاتانی ئەمریکا و بەریتانیا بوونی پلانێکی وڵاتی چین ئاشکرا دەکەن کە هەوڵ دەدات دەستەی کارمەندانی کۆشکی سپی و وەزارەتی ناوخۆی ئەمەریکا و پەرلەمانتارانی بەریتانیا لەڕێگای ئینتەرنێتەوە هاک بکات. هەریەکە لە واشنتن و لەندەن رایانگەیاند کە بۆیان دەرکەوتووە کۆمپانیای (APT31)ـی چینی کە دامەزراوەیەکی سەر بە دەوڵەتە، هەوڵیداوە هێرشی ئەلیکترۆنی بکاتە سەر ئەو ناوەندانەی کە پەیوەندییان بە لایەنی ئاسایشی ناوخۆیی ئەو دوو وڵاتەوە هەیە.
واشنتن پۆست
دەنگدانەکەی ناو ئەنجومەنی ئاسایش مەودای دابڕانەکەی ئیسرائیلی لە جیهان فراوان کردەوە
لەدوای بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل سەردانێکی خۆی بۆ ئەمریکا هەڵوەشاندەوە.
بەرپرسانی باڵای ئیدارەکەی بایدن دەڵێن، لەمیانەی گفتوگۆ دوورورێژەکانی خۆیاندا لەگەڵ هاوڕێ و هاوکارە ئیسرائیلییەکانی خۆیاندا بە ڕوونی ئەو پەیامەیان پێ گەیاندوون، کە لەبریی بەکارهێنانی ڤیتۆ دژی داواکارییەکەی ئەنجومەنی ئاسایش، بێدەنگی هەڵدەبژێرن، واتە دەنگ نادەن بە ئەو بانگەوازەی کە داوا دەکات بە خێرایی جەنگی غەزە رابگیردرێت.
ئۆرشەلیم پۆست
حەماس لەناو نەخۆشخانەی شیفاوە هاوەن دەتەقێنێت
ئەم رۆژنامەیە دەڵێت کە حەماس مووشەک و هاوەن لە ناو نەخۆشخانەی شیفاوە بەرەو ناوچەی ئەسیدۆت دەتەقێنێت و هەروەها خەڵکانی مەدەنی وەک سەنگەر بۆ پەلامارەکانی خۆی بەکاردەهێنێت.
دەشڵێت، حەماس لە ناو ستافی پزیشکی و نەخۆشەکانی ناو نەخۆشخانەی شیفاوە هاوەن دەنێت بە خاڵ و بنکەکانی سوپای ئیسرائیلەوە. رۆژنامەکە ئەم زانیارییەی لە سوپای ئیسرائیلەوە بە دەست گەشتووە.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
کەمپینى 17 کەسیی ئاکەپە بەرامبەر ئیمامئۆغلۆ بۆ بردنەوەی شارەوانیی ئیستەنبوڵ ناڕەواییە
کەمتر لە هەفتەیەک ماوە بۆ هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى تورکیا، دەسەڵاتى ئاک پارتى تینوی بردنەوەی گەورەشارەوانى ئیستەنبوڵە و گەمارۆى ئەکرەم ئیمامئۆغڵویان داوە، ئەردۆغان و 17 وەزیرى ئاک پارتى کەمپینى هەڵبژاردن بۆ کاندیدى پارتەکەیان دەکەن. ئیمامئۆغڵوش دەڵێت بە تەنها لە بەرامبەریان دەوەستمەوە و لە هەڵبژاردن سەردەکەوم.
جمهورییەت
لە ماوەى هەفتەیەکدا 100 کارمەندى تەندروستى دەستیان لەکارکێشاوەتەوە
فشارەکان بۆ سەر کارمەندانى تەندروستى لە زانکۆى ئەکدەنیز و نەخۆشخانەى ئەنتاڵیا بەردەوامە، بەو هۆیەوە لەماوەى هەفتەیەکدا 100 یاریدەدەری پزیشک دەستیان لەکارکێشاوەتەوە. هۆکارى دەستلەکارکێشانەوەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە داواى کاتژمێری کارکردنى زیاتر لە کارمەندانى تەندروستى دەکرێت.
میللییەت
کەشتییەکى تورکی 139 کۆچبەرى لە مردن رزگار کرد
کەشتییەکى تورکی لەدەریاى نێودەوڵەتیدا نەوتى گواستووەتەوە، لەنێوان سنوورى ماڵتا و تونس فریاى بەلەمێک کەوت کە خەریک بووە نوقم بێت، کەشتییە تورکییەکە گیانى 139 کۆچبەرى لە مردن رزگار کرد، تەواوى کۆچبەرەکان بە سەلامەتى رادەستى پۆلیسی ئیتاڵیا کراون.
بیرگون
ئاک پارتى بۆ دەنگدەرانى لە سەرەمەرگدایە
لەپاش 22 ساڵ لە فەرمانڕەوایی ئاک پارتى، وادەبینرێت گوتە و کردارەکانى ئەردۆغان کۆتایی هاتبێت، لەم هەڵبژاردنەدا ئاک پارتى لەهەوڵى ئەوەدایە 35%ـى دەنگەکانى هەڵبژاردنى پێشووتر بەدەستبهێنێتەوە. ماوەى 10 رۆژە ئەردۆغان لە مەیدانەکاندا لە گوتارى گشتگیر پاشەکشەى کردووە و تەنها گوتار بۆ ئەندامەکانى پێشکەش دەکات، بەمەش لە هەوڵى ئەوەدایە لەم هەڵبژاردنەدا دەنگەکانى خۆی لەدەستنەدات.