جۆ بایدن، سەرۆکى ئەمریکا رایگەیاند، پێناچێت ئەو موشەکەى لە پۆڵەندا کەوتەخوارەوە لەلایەن لە روسیاوە هەڵدرابێت. پێشهاتێکى نوێ و وەک یەکەم هێرشی سەر وڵاتێکى ئەندامى ناتۆ مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت، لە سەرەتاوە روسیا تۆمەتبارکرا، ئەویش رەتیکردەوە.
بەگوێرەى راپۆرتێکى سی ئێن ئێتى ئەمریکى، موشەکەکە “دروستکراوی روسیایە”. لە دەوروبەرى گوندێکی سنوری پۆڵەندا شەوى سێشەممە کەوتە خوارەوە، کە نزیکەی 6.4 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای سنوری ئۆکرایناوە دوورە، بەهۆیەوە دوو کەس کوژران.
پێناچێت ئەو موشەکەى لە پۆڵەندا کەوتەخوارەوە لەلایەن لە روسیاوە هەڵدرابێت
ئەم پێشهاتە هاوکاتە لەگەڵ کۆبوونەوەى سەرکردەکانى جیهان لە لوتکەی گروپی جى 20 لە دورگەی بالی ئیندۆنیزیا، ئەوان “هەوڵدەدەن” پەرەسەندنی جەنگە درێژخایەنەکەی روسیا و ئۆکراینا رابگرن.
کەوتنەخوارەوەی موشەکەکە لەوکاتەدا بوو، کە روسیا دوێنێ گەورەترین شەپۆلی هێرشی موشەکی بۆسەر شارەکانی ئۆکرانیا لە ماوەی زیاتر لە مانگێکدا ئەنجامداوە.
هێشتا بە تەواوى رون نییە کێ هێرشەکەى ئەنجامداوە، بەڵام ئەوەى روونە یەکەم هێرشى راستەوخۆیە بۆسەر وڵاتێکی ئەندامى رێکخراوى ناتۆ، لە دواى نۆ مانگ شەڕی روسیا و ئۆکراینا.
وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەندا رایگەیاند، موشەکەکە “دروستکراوی روسیا” یە، بەڵام تاوەکو ئێستا دڵنیانین کێ تەقاندویەتى و لە کوێوە تەقێنراوە.
هەردوو هێزی روسیا و ئۆکراینا لە شەڕی نێوانیان چەک و تەقەمەنی دروستکراوی روسیایان بەکارهێناوە، ئۆکراینا وەک بەشێک لە سیستمی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکەی موشەکی دروستکراوی روسیای جێگیر کردووە.
دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەگەڵ سەرکردەکانی جى 7 و ناتۆ لە پەراوێزی لوتکەی جى 20 لە ئیندۆنیزیا، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەگوێرەى زانیارییە سەرەتاییەکان پێناچێت موشەکەکە لە ناوخۆی روسیاوە تەقێنرابێت. ئەو هیچ رونکردنەوەیەکی دیکەی نەدا گوتى چاوەڕوانی لێکۆڵینەوەکانە بۆ گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی.
بایدن گوتى، ئێمە رێککەوتووین لەسەر پشتگیریکردنی لێکۆڵینەوەکانی پۆڵەندا سەبارەت بە روداوەکە “دەمەوێت دڵنیا ببمەوە، کە بە تەواوی بزانین چی رویداوە”.
بایدن ئاماژەی بەوەدا، گفتوگۆیەکی کورتی لەگەڵ هەریەک لە ئەندرێج دودا، سەرۆکی پۆڵەندا و یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ کردووە.
سەرۆکی پۆڵەندا ئاماژەی بەوەدا کە لەکاتێکدا روون نییە کێ موشەکەکەی هەڵداوە، بەڵام “بە ئەگەرێکی زۆرەوە” لە روسیا بەرهەمهێنراوە، “ئێمە بە هێمنی و بەشێوەیەکی زۆر ئارام لەسەر ئەو پرسە لێکۆڵینەوە دەکەین”.
روون نییە کێ موشەکەکەی هەڵداوە، بەڵام “بە ئەگەرێکی زۆرەوە” لە روسیا بەرهەمهێنراوە
دواى روداوەکە لە راگەیەندراوێکدا کۆشکى کرێملین رەتیکردەوە دەستی هەبێت لە هێرشە موشەکییەکەدا. وەزارەتی بەرگری روسیاش ئەو راپۆرتانەی میدیاکانی پۆڵەندای بە “ئیستفزازییەکی بە ئەنقەست بە مەبەستی پەرەسەندنی دۆخەکە” ناوبردووە. گوتى، روداوەکە هیچ پەیوەندییەکیان بە چەکی روسیاوە نییە”.
ماتیوس مۆراڤیسکی، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا رایگەیاند، بەڵگەکان دەریدەخەن ئەو موشەکەی لە پرزیڤۆدۆو کەوتووەتەخوارەوە، “یەک موشەک” بووە و هیچ بەڵگەیەک نییە بۆ کەوتنەخوارەوەی موشەکی زیاتر.
مۆراڤیسکی گوتی، پۆڵەندا ئامادەیی سەربازی خۆی زیاد دەکات و شیکارییەکی ورد و راوێژ لەگەڵ هاوپەیمانەکانی دەکات سەبارەت بە بەکارهێنانی ئەگەری مادەی چوارەمی پەیماننامەی ناتۆ.
مادەی چوارەم رێگە دەدات هەر ئەندامێک داوای راوێژ لەگەڵ باقی هاوپەیمانی ناتۆ و دەوڵەتەکانی دیکەدا بکات.
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکى، سەرۆکى ئۆکرایناش لەبارەى هێرشەکەوە قسەى کرد و گوتى، هێرشەکەى سەر پۆڵەندا هێرشە بۆسەر هەموان.