زووم:
رۆژنامە عەرەبییەکان
شەرقولئەوسەت
سەردانەکەی سودانی بۆ ئەمریکا مانەوەی ئەمریکییەکان لە عێراق یەکلادەکاتەوە؟
شەرقولئەوسەت لەبارەی سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا، کە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی نیسانی داهاتوودا ئەنجامبدرێت، نووسیویەتی، میلیشیاکان بەوردی چاودێریی سەردانەکە دەکەن تا مانەوەی ئەمریکییەکان لە عێراق یەکلابکاتەوە، بەڵام سودانی دەیەوێت کارکردن لەگەڵ ئەمریکا بەردەوام بێت، چونکە هاوبەشە کورد و سوننەکانی نایانەوێت ئەمریکا بەتەواوەتی لە عێراق بکشێتەوە.

زەمەن
رێگە ئاودێرییە پێشکەوتووەکان خاکی عێراق لە وشکبوون رزگاردەکەن
ئەو وشکەساڵییەی ماوەی چەند ساڵێکە بەرۆکی عێراقی گرتووە، وایکردووە وڵاتەکە ببێتە پێنجەم وشکترین وڵات لەسەر ئاستی جیهان، ئەمەش لە هەر کاتێک زیاتر کاریگەریی لەسەر دۆخی جوتیاران و کشتوکاڵ داناوە.
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هەوڵ دەدات لەمساڵدا 60 ملیۆن تۆن گەنم بچێنێت و پشتیوانیی جوتیاران بکات تا چیتر رێگە تەقلیدییەکانی کشتوکاڵ بەکارنەهێنن و بەرەو بەکارهێنانی رێگە پێشکەوتووەکانی ئاودێری هەنگاوبنێن.

عەرەب
ناکۆکی حزبەکانی هەرێمی کوردستان لە خزمەتی هێزە شیعەکانی عێراقدایە
رۆژنامەی عەرەب بابەتێکی لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، کە ناکۆکییەکان خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی حزبە شیعە فەرمانڕەواکانی عێراق دەکات و دەرگا بە رووی دەستوەردانی تورکیا و ئێراندا دەکاتەوە.

مەدا
عێراقییەکان زیرەکترینن لەنێو گەلانی عەرەبدا بۆ ساڵی 2024
لە رووپێوییەکدا کە ئەمساڵ بۆ پێوەری زیرەکی ئەنجامدراوە، عێراق لەنێو گەلانی عەرەبدا لە پلەی یەکەمدایە و لەنێو گەلانی جیهانیشدا لە ریزبەندیی 61ـەمینە لە کۆی 199.
رووپێوییەکە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی زانستیی گۆڤاری سیۆۆێڵدی ئەمریکییە، تێیدا باس لەوە کراوە ئەو وڵاتانەی بەردەوام توانای مەعریفییان بەرزە، دەتوانن پەرە بە سیستمی فێرکاریی خۆیان بدەن، بەلایانەوە گرنگە توێژینەوە و پەرەپێدانی زانستییان بەردەوام بێت.
لەم پێوەرەدا ژاپۆن لە پلەی یەکەمی جیهاندایە، 106 پۆینت 48نمرەی بەدەستهێناوە، عێراقیش 89پۆینت 28 نمرەی بەدستهێناوە.
رۆژنامە ئینگلیزییەکان
دەیلی تەلەگراف
چین و روسیا و ئێران لە پشت ئەو پڕوپاگەندانەوەن بۆ شاژن دەکرێن
کۆشکی پادشایی بەریتانیا لەو بڕوایەدایە چین، روسیا و ئێران لە پشت بڵاوکردنەوەی ئەو پڕوپاگەندانەن لەبارەی تەندروستیی شاژنە کەیتەوە بڵاودەکرێنەوە.
چەند کەسایەتییەکی دیاری حکومەتیش دەڵێن گومان و ترسیان هەیە لەوەی چەند وڵاتێکی نەیار دەیانەوێت ئەو روانین و بۆچوونانە لەنێو کایەی ئینتەرنێتدا پەرەپێبدەن، کە بەگومانەوە لە تەندروستیی شاژن دەدوێن.
پاش راگەیاندنی تووشبوونی شاژن بە شێرپەنجە، رۆژی هەینی ریشی سوناکی سەرەکوەزیران گلەیی لەوە کرد لەڕێگەی ئۆنلاینەوە هەواڵی مەبەستدار لەبارەی شاژنەوە بڵاودەکرێنەوە
گاردیەن
چەند گومانلێکراوێکی هێرشەکەی مۆسکۆ برانە بەردەم دادگا
دوێنێ لە دادگایەکی مۆسکۆ چوار گومانلێکراو دەرکەوتن، کە تۆمەتی ئەنجامدانی پەلاماردانەکەی سەر هۆڵی کرۆکەس سیتییان درابووە پاڵ. پەلامارەکە رۆژی هەینی ئەنجام درا و 137 کەسی تێدا کوژرا.
بەفەرمی راگەیەندرا ئەم چوار کەسە هاووڵاتیی تاجیکستانن، پاش ئەوەی دەستگیرکران هەموویان بۆ ماوەی دوو مانگ لە راگرتنی کاتیی زینداندا دەمێننەوە. تا بەتەواوی گوتەیان لێوەردەگیرێت.
دادگاکە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا پۆلیسێک یەکێک لە گومانلێکراوەکان بەکەلەپچەکراوی دەباتە ژووری دادگاوە، هەروەها وێنەیەکی هەمان ئەو کەسەشی بڵاوکردووەتەوە، کە لەنێو کابینەیەکی بەرگریلەخۆکردن راوەستاوە.
ئۆرشەلیم پۆست
نەتەوەیەکگرتووەکان رۆڵێکی ماناداری لە قەیرانی غەزەدا نییە
ئەگەر ئەنتۆنیۆ گوتێرێس دەیەوێت هەر جۆرە رۆڵێکی بونیادنەرانەی لەنێو قەیرانەکەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت، نابێت هەڵوێستی نەگونجاوی بەرامبەر بە ئیسرائیل هەبێت.
بەدرێژایی سەردەمەکان هەر کەسێک بیەوێت رۆڵی نێوەندگیر ببینێت، دەبێت لەوە تێبگات، بۆئەوەی سەرکەوتوو بێت، دەبێت متمانەی هەردوو لایەنی ململانێکە بەدەست بهێنێت.

واشنتن پۆست
هێرشەکەی مۆسکۆ شاشبوونی پوتین دەردەخات
هێرشەکەی مۆسکۆ لاوازیی رژێمەکەی پوتین پیشان دەدات. ئەمریکا لە حەوتی مانگی ئازاردا لەبارەی ئەگەری “هێرشێکی تیرۆریستی” ئاگاداری کردوونەتەوە، بەڵام گوێیان پێ نەداوە.
کاتێک ڤلادیمێر پوتین لەبارەی ئەو پەلامارە تیرۆریستییەوە قسەی کرد، کە خراپترین هێرشی بیست ساڵی رابردوو بوو لە روسیا، خۆی لەوە لادا هیچ ئاماژەیەک بە شکستی ئاشکرای لایەنی ئاسایشی ئیدارەکەی خۆی بدات، لەکاتێکدا نەیانتوانی خۆیان لە ئەو هێرشە بپارێزن، کە لانیکەم ١٣٧ کەسی تێدا کوژرا.
رۆژنامە تورکییەکان
سۆزجو
تەرەتە بووە بە کەناڵى ئاک پارتى
کەناڵى تەرەتە خەبەر، لە ماوەى ٢٤ کاتژمێرى پەخشیدا، شەش کاتژمێر و ٣٥ خولەکی بۆ بانگەشەى ئاک پارتى تەرخان کردووە، لەکاتێکدا تەنها ٦٧ چرکەى بۆ جەهەپە تەرخان کردووە.
خەرجییەکانى تەرەتە لەسەر باجى ٨٥ ملیۆن هاووڵاتیى تورکیا دەدرێت، تەرەتە تاوانێکى میدیایی دەکات کە جیاوازى لەنێوان پارتى دەسەڵات و پارتى ئۆپۆزسیۆندا دەکات.
یەنى بیرلیک
لە جۆلەمێرگ رۆژانە نزیکەى 40 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرێت
ئەڵپئەسڵان بایرەکتار، وەزیرى وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانى تورکیا رایگەیاند، لەئێستادا رۆژانە ٣٧ هەزار بەرمیل نەوت لە ناوچەى جەبار لە جۆلەمێرگ بەرهەم دەهێنن. دەشڵێت، پلانى ئەوەیان هەیە لە پاش رەمەزان ئاستى بەرهەمهێنانى نەوت زیاتر بکەن و تا کۆتایی ئەمساڵ رێژەکە بگەیەننە ١٠٠ هەزار بەرمیل.
ئەکشام
پارێزەرە ساختەکە رەوانەى زیندان کرا
لە شارى ئەدەنە، ژنێکی تەمەن ٣٥ ساڵ، ماوەیەکى زۆرە لە نووسینگەیەکى پارێزەری وەک پارێزەر کارى دەکرد، بە رۆبە رەشەکەیەوە دۆسیەى وەردەگرت و دەچووە دانیشتنەکانى دادگاوە، لە پاش ماوەیەکى زۆر ئاشکرابوو بڕوانەمەى پارێزەری نییە، بە تۆمەتی پارێزەرى ساختە، رەوانەى زیندان کراوە و لە ئێستادا خۆی پێویستى بە پارێزەرێکى باش هەیە.
میللییەت
لەم هەڵبژاردنەدا دەنگى دەنگدەرى تازە گرنگە
لە هەڵبژاردنى ٣١ـی ئازار، یەک ملیۆن و ٣٢ هەزار و ٦١٠ کەس بۆ یەکەمجار مافى دەنگدانیان دەبێت و بەشدارى هەڵبژاردن دەکەن. بەگوێرەى بەدواداچوونێکى ناوەندى کۆر، بەشێوەیەکى گشتی دەنگدەرى گەنج لە تورکیا نیگەرانن لە رەوشی وڵاتەکەیان و ئومێدیان بە هەڵبژاردن نییە.