زووم..
سەرۆکی دادگای فیدراڵی جەخت لە پرسەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە، دەڵێت، لە کارە لەپێشینەکانی دادگای فیدراڵین.
ئەمڕۆ لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق، پێشوازی جاسم عەبود سەرۆکی دادگای فیدراڵیی عێراق و ئەندامانی دادگاکە کرد.
بەگوێرەی راگەیەندراوی سەرۆکایەتیی کۆمار، سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاندووە، پێویستە دامەزراوەکانی دەوڵەت رۆڵیان لە خزمەتکردنی خەڵک هەبێت و بۆ ئەوەش پشت بە یاسا و دەستوور ببەستن.
سەرۆککۆمار لەبارەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدادیش قسەی کردووە، گوتووسەتی، پێویستە دیالۆگی دیموکراسی رێڕەوی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بێت و یاسا بڕیاردەری رێکخستنی پەیوەندیی نێوانیان بێت.
لای خۆیەوە سەرۆکی دادگای فیدراڵی دووپاتیکردووەتەوە، پرسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، لە کارە لەپێشینەکانی دادگای فیدراڵییە.
لەم چەند رۆژەدا، ئەمە دووەم جارە سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆکی دادگای فیدراڵی کۆدەبنەوە و پرسی مووچە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێ دەکەن.