زووم:
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، لە ئێستادا هیچ گفتوگۆیەک لەنێوان هەرێم و عێراق بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ئارادا نییە.
سێ سەرچاوەی ئاگادار بە ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرزیان راگەیاندووە، دوای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستاندا، تا ئێستا هیچ بەرەوپێشچوونێک لەبارەی ئەو پرسە بەدی نەهاتووە.
پێشتر دادگای پاریس فەرمانی بە تورکیا کردبوو، یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بدات بە عێراق، بەهۆی ئەو زیانانەی بەهۆی هەناردەکردنی نەوتەوە، بەبێ رەزامەندیی بەغداد لەنێوان ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠٢٣، بە عێراقی گەیاندووە.
بەگوێرەی گوتەی ئەو دوو سەرچاوەیەی قسەیان بۆ رۆیتەرز کردبوو، تا ئێستا هەردوو لایەنی تورکی و عێراقی لە دادگا لە کێشمەکێش و ناکۆکیدان بۆ یەکلایکردنەوەی چارەنووسی ئەو پرسە.
لە ٢٥ـی مانگی ئازاری ساڵی ٢٠٢٣ تورکیا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی راگرت، دوای ئەوەی دادگای پاریس ئەو وڵاتەی تۆمەتبار کرد بە پێشێلکردنی رێککەوتنامەی نەوتی ساڵی ١٩٧٣ لەگەڵ عێراق، کە تایبەتە بە هەناردەکردنی نەوتی عێراق لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە، هەروەها زەمینەسازکردن و کارئاسانی بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەو رێگەیەوە.